بەرشەلۆنە بەر لە یارییەكەی ئەمشەو دوو هەواڵی خۆشی پێ دەگا

:: AM:10:37:20/01/2019 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی چەند سەعاتێك بەر لە ئەنجامدانی یارییەكەی ئەمشەوی خولی ئیسپانیا دوو هەواڵی خۆشی پێ دەگا.

ئەمشەوی سەعات 10:45ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 21ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداریی یانەی لیگانیس دەكات.

ماڵپەڕی یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرای كرد: لەلایەن پزیشكەكانەوە هەردوو یاریزان تۆماس ڤێرمایلین و سێرجی سامپەر گڵۆپی سەوزی یاریكردنیان بۆ هەڵكراوە.

بۆ ئەم مەبەستەش ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بۆ یارییەكەی ئەمشەو هەردوو یاریزانەكەی لە لیستی 19 یاریزانە بانگهێشتكراوەكەدا داناوە.

ڤالڤێردی لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا چەند یارییەكی بە ڤێرمایلینی بەرگریكاری بەلجیكی كردووە، سەبارەت بە سامپەریش تەنیا لە یەك یارییدا پشتی پێ بەستووە ئەویش لە جامی شای ئیسپانیا بوو بەرامبەر یانەی لیۆنیسیا كە هەر لەو یارییەشدا تووشی پێكان بوو و ماوەیەكی درێژ لە یاریكردن دوور كەوتەوە.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە ئێستا لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت بەكۆكردنەوەی 43 خاڵ و نزیكترین ركابەریشی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید كە دوای سەركەوتنەكەی شەوی رابردووی بەرامبەر یانەی هویسكا ژمارەی خاڵەكانی كرد بە 41 خاڵ، یانەی لیگانیسیش بە 22 خاڵ لە ریزبەندی 13ی یانەكاندایە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م