لە هێڵی ئاسمانی عێراق زمانی كوردیش زیاد دەكرێت

:: AM:10:46:20/01/2019 ‌
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، زمانی كوردی بۆ هێڵەكانی گواستنەوە زیاد دەكرێت، ئەوەیش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لەلایەن بەڕێوەبەری هێڵی فڕۆكەوانی عێراقی.

ئەمڕۆ یەكشەم 20ـی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاتووە، بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە عەباس ناسر مەجید بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی عێراقی كرد.

لە ڕاگەیەنراوەكە هاتووە حەداد گوتی، كە هێڵی ئاسمانی كەرتێكی زیندوو و گرنگە، چونكە وەك ئاوێنەی وڵاتە، پێویستە هەوڵەكانیش زیاتر بكرێن بۆ دەستنیشانكردنی كێشەكان و چارەسەری پرسە گرنگەكان، هەروەها جێبەجێكردنی پلانی راوێژكاران بۆ ئەوەی هێڵەكانی گواستنەوەی ئاسمانی لە عێراق بتوانن بڕوانامەی IOSA ی نێودەوڵەتی وەربگرن. 

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە گرنگترین كێشە و گیروگرفتەكانی بەردەمیانی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشدا كە پێویستە هەندێك یاسا و بڕیار هەموار بكرێنەوە بۆ ئەوەی توانا هونەری و كارگێڕییەكان فراوانتر بكەن، خزمەتگوزارییەكان زیاتر بكەن، هەروەها رەزامەندیی دەربڕی بۆ زیادكردنی زمانی كوردی. كۆمپانیاكەش سوورە لەسەر جێبەجێكردنی هەموو مەرجەكان بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئەندامیەتی لە یەكێتی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی IATA كە بە ئەڵقەی گەیاندنی بازرگانی دادەنرێ، ئەویش بۆ رێكخستنی كارەكان بەپێی ستاندارد و پێوانە نێودەوڵەتییەكان.




وشە - رامیار جەواد