زامدار ئه‌حمه‌د
مارگرێت یه‌كێكه له پێشمه‌رگه دیاره‌كانی كوردستان كه ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه، به‌یه‌كه‌م ژنی پێشمه‌رگه داده‌نرێ كه چووه‌ته شاخ و شانبه‌شانی پێشمه‌رگه خه‌باتی كردووه و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ناوبانگی په‌یدا كردووه و زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی شاخ ناسیویانه.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، تا ئێسته زۆر به‌كه‌می نووسین و زانیاری له‌باره‌ی ژیان و كار و كرده‌وه‌كانی مارگرێت و ڕۆڵی له شۆڕشی ئه‌یلوول و پێشمه‌رگایه‌تیدا ھه‌یه كه شیاوی ئه‌و كه‌سایه‌تییه بێ.
مارگرێت كچی جۆرجی كوڕی مالیكه، له ساڵی ١٩٤3 له گوندی دوورێ1 ، له شارۆكه‌ی ئامێدی له دایك بووه. خاوه‌نی دوو خوشكه به‌ناوه‌كانی (لیزا و ڕۆزا). خوێندنی سه‌ره‌تایی له گوندی (كانی ماسی) ته‌واو كردووه، ساڵی ١٩٦١یش خوێندنی په‌رستاری ته‌واو كردووه.
مارگرێت ژنێكی ئاشووریی كوردپه‌روه‌ری كوردستانه، به‌یه‌كه‌م ژن ئه‌ژمار ده‌كرێ كه به‌شداری له شۆڕشی ئه‌یلوول كردووه.
مارگرێت له ته‌مه‌نی 20 ساڵیدا چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تی له شان كردووه. ئه‌گه‌رچی له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌شداریكردنی ژنان شانبه‌شانی پیاوان به‌تایبه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی له شاخ، بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كارێكی شیاو و جێی قبووڵكردن نه‌بووه و ڕه‌خنه‌ی زۆری لێ گیراوه. به‌ڵام ئه‌و له پێناو خه‌باتكردن به‌رده‌وام بووه.
بنه‌ماڵه‌ی مارگرێت پێوه‌ندییان به شۆڕش و بزووتنه‌وه‌كانی كورده‌وه كردووه، له‌دوای ئاشكرابوونی ئه‌و پێوه‌ندییه، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه بڕیاری گرتنیان بۆ ده‌رچووه، له‌به‌رئه‌وه جۆرجی باوكی پێوه‌ندی به شاخه‌وه ده‌كات.
مارگرێت، به‌ھۆی ئازایه‌تی و نه‌ترسییه‌وه له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا به‌ناوبانگ بوو و له‌لایه‌ن زۆربه‌ی خه‌ڵك و خه‌مخۆرانی شۆڕشه‌وه ناسراوه. له ساڵی ١٩٥٩ ژیانی ھاوژینی له‌گه‌ڵ (مووسا جلیوی) پێكھێناوه، به‌ڵام له‌دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م، كۆتاییان به‌و ژیانه ھاوژینییه ھێناوه.
راستییه‌كه‌ی ھیچ كتێب و نووسینێك باس له‌و پێشمه‌رگه‌یه ناكات، ته‌نانه‌ت ئه‌و كتێبانه‌ی تایبه‌تن به ژنه ناودار و دیاره‌كانی كوردیش به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك باسیان نه‌كردووه، یان ئاماژه‌یه‌كی كورت و بچووكیان پێ داوه.
مارگرێت به‌درێژایی ھه‌شت ساڵ له‌پێناو خه‌بات و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، پێشمه‌رگه بوو. تا شه‌وی 26ی كانوونی دووه‌می ساڵی ١٩٦٩ له گوندی قه‌ڵاقومری، له‌كاتی خه‌ودا شه‌ھید كرا. له‌كاتێكدا باوكی و برایه‌كی له‌نزیكی ئه‌ودا له یه‌ك ژوور نوستبوون، له ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه له‌رێی په‌نجه‌ره‌وه ته‌نیا مارگرێت ده‌درێته به‌ر ده‌سترێژی فیشه‌ك و شه‌ھید ده‌كرێ. دوای شه‌ھیدكردنی ته‌رمه‌كه‌ی به‌ره‌و زێدی خۆی بۆ گوندی دوورێ ده‌به‌نه‌وه و له‌وێدا به‌خاكی ده‌سپێرن.
له‌دوای ئه‌و كاته‌وه، زۆر به‌كه‌می قسه له‌سه‌ر ئه‌و باسه كراوه و تا ئێسته ھۆكار و دیوی پشته‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوه دیار نییه و به شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه. ئومێده‌وارین ده‌رفه‌تی ئه‌وه بڕه‌خسێ و ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت به‌و باسه بخرێته به‌رده‌ستی لێكۆڵه‌ره‌وان و تۆژینه‌وه‌ی له‌باره‌وه بكه‌ن، ئه‌گه‌ر نا به‌شێك له مێژووی گرنگی كورد به‌تایبه‌ت ژنه دیاره‌كانی كوردستان به شاراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه.
له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردی به‌تایبه‌ت شیعر، زۆر كه‌م باسی لێوه كراوه و به‌سه‌ریدا ھه‌ڵگوتراوه. عه‌بدوڵا په‌شێو له ساڵی ١٩٨٤ له شیعرێكدا به‌ناونیشانی "بۆ مارگرێت" به‌م شێوه‌یه ده‌ڵێ:
بۆ مارگرێت
ڕه‌نگی وشه
له چی بكا، چاكه بۆ تۆ؟
له ئه‌رخه‌وان؟
له په‌لكه زێڕینه‌ی حه‌فت ڕه‌نگ؟
له وه‌نه‌وشه یا له‌ھێرۆ؟
ئه‌ی بۆنه‌كه‌ی
له چی بكا، چاكه بۆ تۆ؟
له بۆ چرووك؟
یا گوڵه‌باخ؟
له خاك و خۆڵ، یا له شه‌وبۆ؟
ده‌نگی وشه
له‌چی بكا، چاكه بۆ تۆ؟
له سرته‌ی ژوان
یا ھاژه‌ی چه‌م؟
له بالۆره‌ی مازووچنان،
یا شه‌قژنی باڵی ھه‌ڵۆ
ھه‌موو جارێ
كه ده‌مه‌وێ
ھه‌ڵبه‌ستێك بنووسم بۆ تۆ،
قه‌ڵه‌مه‌كه‌م چاو شۆڕ ده‌كا،
وه‌ك ئه‌و سمێڵبابڕانه‌ی
سه‌نگه‌ریان لێت كرده گڵكۆ
ده‌حه‌په‌سێم،
لێم ده‌شێوێ،
نازانم بۆ ھۆنراوه‌كه‌م
چبكه‌م به ده‌نگ؟
چبكه‌م به ڕه‌نگ؟
چبكه‌م به بۆ؟
ئه‌ی ئه‌و خاچه‌ی له خاچ درای،
شێره ژنی خاوه‌ن شكۆ!
ئه‌نجام:
یه‌كه‌م: مارگرێت یه‌كه‌م پێشمه‌رگه‌ی ژنه، له شاخدا به‌شداری له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورددا كردووه.
دووه‌م: ئاشوورییه‌كانیش به‌شدارییان له بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی كورد كردووه.
سێیه‌م: خاوه‌ن ھه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌یی ناسیۆنالیستی كوردی بووه.
چواره‌م: تا ئێسته ھۆكاری تیرۆركردنه‌كه‌ی نه‌زانراوه.
پێنجه‌م: ناوی مارگرێت وه‌ك پێویست به‌سه‌ر زاری ته‌واوی ھاوزمانانی كورد بڵاو نه‌بووه‌ته‌وه.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
1-گوندی دوورێ، یه‌كێكه له گونده‌كانی كوردستان، ده‌كه‌وێته نێوان سنووری باكور و باشووری كوردستان، سه‌ر به ئامێدییه له بادینان. كۆی گشتی دانیشتووانی ئه‌و گونده مه‌سیحین و نزیكه‌ی 45 ماڵی تێدا نیشته‌جێن.
2-سوزان مایسێلاس: كوردستان له سێبه‌ری مێژوودا، چ٢، ب.ش.چ، ب.س.چ.
3-سه‌ردار پشده‌ری: سه‌د ساڵ و سه‌د كورد، ب.ش.چ، ٢٠١١.
4-عه‌بدوڵا په‌شێو: سه‌رجه‌م به‌رھه‌مه‌كانی عه‌بدوڵا په‌شێو، بڵاوكراوه‌ی ئاوێر، ھه‌ولێر، ٢٠١٣.
5-عه‌قیله رواندزی: یاد و ئافه‌رین، بڵاوكراوه‌ی سه‌نته‌ری شاوشكا بۆ چالاكی ڕۆشنبیری، چاپخانه‌ی په‌روه‌رده، ھه‌ولێر، ٢٠٠٥.
ماڵپه‌ڕه ئه‌لیكترۆنییه‌كان:
6-به‌رنامه‌یه‌كی دیكۆمێنتاری كه‌ناڵی ئاسمانی ڕووداو، ٢٠١٣.
7-ماڵپه‌ڕی سپی میدیا، 2015.