نووسینگه‌ی ڕزگاركردنی ڕفێنڕاوه ئێزیدییه‌كان رای گه‌یاند، كچێكی تری ئێزیدی له دۆزه‌خی داعش ڕزگار كراوه و گه‌یه‌نرایه ئارامگه‌ی كوردستان و شاری دهۆك.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م، حوسێن قائیدی به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی رزگاركردنی ره‌فێنراوه ئێزیدییه‌كانی سه‌ر به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له چه‌ند رێیه‌كی تایبه‌ت كچێكی تری ئێزیدی له دۆزه‌خی داعش رزگار كرا و گه‌یشته شاری دهۆك.
ئه‌وه‌شی گوت، كچه‌كه ته‌مه‌نی 17 ساڵه و ناوی ئیلهامه و خه‌ڵكی گوندی خانوسووری سه‌ر به شارۆكه‌ی شنگاله و ماوه‌ی چوار ساڵه له سووریا له ناخۆشترین ژیان و له‌ناو داعشه‌كاندا ده‌ژی و رێكه‌وتی سێی ئۆگستسی 2014 كه‌وتووه‌ته ده‌ست داعش.
به‌پێی داتاكانی نووسینگه‌ی رزگاركردنی ڕفێنراوه ئێزیدییه‌كان، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا ئێسته 13 كه‌س رزگار كراون و رزگاركردنه‌كه‌شی به‌رده‌وامه.
دهۆك، نه‌وزاد هلۆری