وشه/ كه‌ركووك- ستار جه‌بارى
ناوی ته‌واوی خاتوونه گۆرانیبێژی دێرینی كورد دایكی جه‌مال (فه‌رحه ئیبراهیم یه‌عقووب)ـه. له بنه‌ڕه‌تدا له جووه كورده‌كانى كه‌ركووك بووه و پاشان بووه به مسوڵمان. له ساڵی 1908 له شارى كه‌ركووك له دایك بووه و ماوه‌یه‌كیش له شاره‌كانی سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه ژیاوه. له‌به‌ر جوانییه‌كه‌ی، ناسناوى عه‌ره‌بى (ئوم ئه‌لجه‌مال)یان پێ به‌خشیوه، واته "دایكى جوانییه‌كان".
دایكی جه‌مال له سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا ده‌ستی به كاری هونه‌ری كردووه و له كۆڕ و كۆبوونه‌وه خێزانییه‌كاندا گۆرانی گوتووه، دواتر ماڵه‌كه‌ى كردووه به هۆڵێكى هونه‌رى و رۆشنبیرى و زۆربه‌ى هونه‌رمه‌نده و رۆشنبیره كورد و عه‌ره‌به‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه، شه‌وان له ماڵه‌كه‌یدا كۆڕى هونه‌رى و رۆشنبیرییان ساز كردووه.
هونه‌رمه‌ند عه‌لى مه‌ردان له كتێبى بیره‌وه‌ریى "گه‌ڵاى پایز"دا ده‌ڵێ، له یه‌كێك له ماڵه‌كانى گه‌ڕه‌كى "ساڵحیه" یه‌كترمان ناسى، گه‌لێ له پیاوه گه‌وره و لێپرسراوانى ئه‌و سه‌رده‌مه ناو به‌ناو سه‌ردانى ئه‌م ماڵه‌یان ده‌كرد، ده‌یانگوت كه مه‌لیك غازى بۆ خۆى یه‌كێك بووه له‌وانه و هه‌ر ئه‌ویش ناوه‌كه‌ى له (فه‌رحه)وه گۆڕیوه بۆ (به‌هیجه).
لای خۆیه‌وه گه‌وره ئه‌فسه‌ر و كه‌سایه‌تیى ناودارى كورد فوئاد عارف له یاداشته‌كانی خۆیدا باس له "فه‌رحه" ناوێك ده‌كات كه له سه‌رده‌می مه‌لیك غازیدا له به‌غدا ژیاوه و به مه‌زه‌نده‌ی هونه‌رمه‌ند (باكوری) ئه‌و كه‌سه دایكی جه‌ماله.
له ساڵانی 1925-1926 له كۆمپانیای (به‌یزافۆن) و (ئۆدیۆن) كۆمه‌ڵێك به‌سته و سترانى له‌سه‌ر قه‌وان تۆمار كردووه و به‌شێكی زۆری ئه‌م گۆرانییانه له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاو بوونه‌ته‌وه كه تا ئێسته‌یش ئه‌و گۆرانییانه ده‌گوترێنه‌وه. بۆ نموونه گۆرانییه‌كانى "هه‌ى ئاغا و ئاغا.. هه‌ى به‌لار و به‌لاره‌وه". به‌مه‌ش ده‌بێته یه‌كه‌م ژنى كورد له‌سه‌ر قه‌وان گۆرانى و مه‌قامی تۆمار كردبێت.
عه‌لى مه‌ردان له هه‌مان سه‌رچاوه‌ى پێشوودا ده‌ڵێ، "فه‌رحه" یه‌كه‌م ژنى كورده كه به‌شێوه‌ی سۆرانى گۆرانیى له‌سه‌ر قه‌وان تۆمار كردووه، به‌مه‌ش رێى بۆ زۆر ژنی تر كرده‌وه. دواى ئه‌ویش هه‌ردوو خوشك "نازدار و ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد" ناوى ته‌واوى نازدار "خۆخێ"یه و ئه‌سمه‌ریش "مارى"یه، ئه‌مانیش دوو ژنى كوردى جوو بوون و خه‌ڵكى ئاكرێ بوونه.
كامیل كاكه‌مین كه یه‌كه‌م سه‌رپه‌رشتیارى به‌شى كوردى رادیۆى به‌غدا بووه، له گه‌شتێكدا بۆ ده‌ڤه‌رى ئاكرێ هه‌ردوو خوشك "نازدار و ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد"ى دۆزیوه‌ته‌وه، ده‌نگیان خۆش بووه و هانی داون، هاوكاریی كردوون بۆ چوونه ئێزگه. ناردوویه‌تى به شوێن هونه‌رمه‌ند عه‌لى مه‌ردان و ئه‌ویش گوێى له ده‌نگیان بووه، له تاقیكردنه‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوونه و كۆمپانیاى (قه‌وانى چهقماقچى) چه‌ندان گۆرانیى بۆ تۆمار كردوون و له (به‌شى كوردى _ رادیۆى به‌غدا) هاتوونه‌ته وه‌شان.
دایكى جه‌مال گۆرانیی زۆر گوتووه و به‌شێكی كه‌میان تۆمار كراون و ئه‌وانیتر له‌ناو چوون. له ساڵی 1930وه وازى له گۆرانیگوتن هێناوه.
كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د پێی وایه كه هه‌شت گۆرانی له‌لای كۆمپانیاكانی قه‌وان تۆمار كردووه كه ئه‌مانه‌ن (ئامین و ئامین، وه‌ی بێنن وه‌ی بێنن، سه‌وزه مه‌ڕۆ، ده‌ردێكم گرتووه، ئه‌سڵی وه‌سڵت سلێمانی، گوێ گرن ڕه‌فیقان، ڕۆحی شیرینم، سروودی وڵاتی من كوردستانه).
ئه‌م گۆرانییانه‌یش له ڕادیۆی كوردی به‌غدا له ساڵی 1939 تۆمار كراون و هاتوونه‌ته وه‌شان وه‌ك (هه‌ی به‌لار و به‌لاره‌وه، هه‌ی ئاغا و ئاغا، هه‌ی گوڵ هه‌ی گوڵ، خانمی سلێمانی، شاڵستۆن، له‌و ماڵه هاته ده‌ر، ئه‌ی ئاوێنه‌ی دولبه‌ر، نه‌سرینه گوڵى نه‌سرینه، نابیه بچینی نابیه، ئه‌من ده‌كه‌م مه‌دحی شێری جیهانمان، وه‌سیه‌ت بێ ئه‌گه‌ر مردم، چاو مه‌ست، ئامینێ تاقانه‌ی دایه).
له ساڵی 1979 له نه‌خۆشخانه‌ی (مه‌دینه ئه‌لتوب) له به‌غدا، به نه‌خۆشی كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی (شێخ مارف) به‌خاك هاتووه‌ته سپاردن.