تێكچوونی بارودۆخی تەناهی لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و مەترسییە سیاسی و تەناهییەكان لەسەر ئەو ناوچانە، بووەتە سەنگی مەحەك لەسەر پێوەندییەكانی داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدا. چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی لە هەر كاتێك بتەقێتەوە، ئەوا تەقینەوەی تەنگژەیەكی سیاسی دەبێت و كاریگەری لەسەر حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی جێ دەهێڵێت، ئەمەش وایكردووە سەرۆك وەزیران چەندان جار لەسەر پرسی شنگال و خانەقین و كەركووك پێوەندی بە بارزانی بكات.
ئاڵنگارە سیاسی و تەناهییەكان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەتایبەت شنگال و خانەقین و كەركووك، تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت، ئەمەش دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی داهاتوو تا ئێستە بەردەوامی هەیە، چاودێران ئاماژە بەوە دەدەن ئەو دۆسیەیە كاریگەری و لێكەوتەی نەرێنی لەسەر پێوەندییەكانی
هەولێر و بەغدا دەبێت كە ئێستە هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەیان بەردەوامە و هەنگاوی باشی بڕیوە.
ئەگەرچی بەغدا هەوڵ دەدات چارەسەری كێشە تەناهی و سیاسییەكانی ئەو ناوچانە بكات، بەڵام بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ هەولێر رەنگە دۆخەكە مەترسی زیاتری لێ بكەوێتەوە، ئەمەیش وایكردووە پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پڕ لە نیگەرانی بێت و هەركاتێك بتەقێتەوە، ئەوا دەتەقێتەوە، بە تایبەت دوای چەندان داواكاری لەلایەن سەركردایەتی سیاسیی كوردستانی بۆ ئاساییكردنەوەی ئەو ناوچانە و كردنەوەی هێزە چەكدارەكان و میلیشیا چەكدارەكان و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ تەواوی ئەو ناوچانە.
پێوەست بەو پرسە بەرپرسێكی سیاسی ئاگادار لە حكوومەتی عێراقی، ئاماژەی بەوە دا كە عادل عەبدولمەهدی نیگەرانە لە دۆخی ئەو ناوچانە دوای ئەوەی رۆژانە راپۆرتی لەسەر دۆخی تەناهی و سیاسی ئەو ناوچانە بە دەست دەگات لە مەڕ مەترسی تەقینەوەی دۆخەكە.
ئەو بەرپرسە هێمای بۆ ئەوە كرد كە عەبدولمەهدی هەوڵی چارەسەری دۆخی ئەو ناوچانە دەدات بە دۆزینەوەی رێی چارەسەری لێكگەیشتن لە نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئەمەش لە ماوەی نزیكی رابردوودا چەندان پێوەندی تەلەفۆنی لە نێوان بارزانی و عەبدولمەهدی بووە و ئەو دۆسیەیان تاوتوێ كردووە.
ئەو بەرپرسە باڵایە كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، قسەی بۆ رۆژنامەی "عەرەبی جەدید" كردووە، بەمنزیكانە شاندێكی باڵای كوردستانی سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی تەناهی و سیاسیی ئەو ناوچانە، جگە لەمەش ئەو شاندە گفتوگۆ لەسەر پێوەندییە سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆسیە هاوبەشەكان دەكات، لەوانە پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی، هەروەها پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ چارەسەری دۆسیە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەوانە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
سەردانی شاندەكە لە كاتێكدایە كە زۆر لە لایەن و هێزە سیاسییەكانی عێراقی هۆشداری لە تێكچوونی بارودۆخی سیاسی و تەناهی ئەو ناوچانە دەدەن، داوای دیالۆگی نیشتمانی بە پەلە دەكەن، لەوانە هەریەك لە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی كە بەمدواییە لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد كە لەگەڵ سەركردایەتی سیاسیی كوردی پرسی چۆنیەتیی پێشخستنی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدای باس كردووە، هاوكات باسی لە لاوازی ئەو پێوەندییە كردووە كە هیچ لایەنێك نییە بەدواداچوون بۆ بڕیارەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكات كە لە دیدی عەلاوی دیارترین كێشەی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدایە و هۆكاریشە لەوەی نەتوانراوە چارەسەری كێشەكان بكرێت.
عەلاوی لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە پێویستە تایبەتمەندی و پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە یاسا رێك بخرێن بەگوێرەی دەستووری عێراقی. دەڵێ، مەترسییەكانی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان پێویست دەكات كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی بەپەلەی بۆ رێك بخرێت كە بگەن بە چارەسەری كێشەكان.
پێوەند بەو پرسانە، بەرپرسانی كورد كۆكن لەسەر ئەوەی میلیشیاكانی حەشد لەگەڵ چەكدارانی پەكەكە لە شنگال هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدەن، مەحما خەلیل قایماقمی شنگال ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێ ئەوان لە پشتەوەی دانانی قایمقامێكی نوێ بوون بۆ شنگال كە لەسەر بنەمایەكی یاسایی نەبووە.
"قایمقامی شەرعی شارۆكەكە منم، لەسەر كاری خۆیشم بەردەوامم، كاری رۆژانەی قایمقامییەتیش لەناو كەمپی ئاوارەكانی شنگال ئەنجام دەدەم، چونكە میلیشیاكانی حەشد و پەكەكە رێ نادەن بگەڕێمەوە، تەنانەت رێ بە ئەندامانی ئەنجوومەنی كارگێڕی شنگالیش نادەن تەنیا ئەوانە نەبێت كە سەر بە خۆیانن". مەحما خەلیل وا دەڵێ. ئەوەیشی خستەڕوو، لەو كاتەدا دەگەڕێنەوە بۆ شنگال كە حكوومەت توانی پێویستییەكان و بەرپرسیاریەتی دابین بكات.
پێوەند بە كەركووك، ئەو شارە لە دۆخێكی تەناهی زۆر خراپ دایە بەتایبەت دوای كوشتنی كادرەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەفتەی رابردوودا، كەمال كەركووكی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركووك گەرمیان دەڵێ، كەركووك شارێكی داگیر كراوە و كراوە بە سەربازگەیەكی گەورە، پێویستە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی تەناهی شارەكە لە پێشدا گرووپە چەكدارەكان شارەكە چۆڵ بكەن، ئینجا دۆسیەی تەناهی و كارگێڕی بدرێت بە دەستی خەڵكی شارەكە و خۆیان پارێزگارێكی نوێ دەستنیشان بكەن كە دەكرێت پارێزگارێكی بێلایەن بێت.
چاودێرانی دۆخی سیاسی و تەناهی عێراقی كۆكن لەسەر ئەوەی دۆسیەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە ئاڵۆزترین دۆسیەی نێوان هەولێر و بەغدا، بەهۆی تایبەتمەندی ئەو ناوچانە لەلایەك و ئەو هێزە سیاسی و سەربازییانەی دەرفەتی نەبوونی پێشمەرگەیان لەو ناوچانە قۆستووەتەوە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر دۆخە سیاسی و تەناهییەكە لەو ناوچانەدا لەسەر حیسابی بەرژەوەندی نیشتمانی، دەڵێن پێویستە زۆر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیە بكرێت، چونكە دۆسیەیەكی زۆر هەستیارە.
تالیب فەلاحی چاودێری سیاسی دەڵێ تێكچوونی دۆخی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ناكۆكی لە نێوان هێزە سیاسییەكان كە لێكەوتە و كاریگەری هەبووە بەسەر دۆخەكە و تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدیش. گوتی "هێزە سیاسییەكان كە دەبن بە نەیار بەسەر دۆخەكە نایانەوێ حكوومەت لە دۆخێكی سەقامگیر بێت، ئەوان پەل دەهاوێژن بۆ هەموو شوێنێك بۆ نانەوەی تەنگژە، ئەمەیش لە پشتەوەی تێكچوونی دۆخی شنگال و كەركووك و خانەقینە".
فەلاحی دووپاتی لەوە كردەوە هەموو حزبەكانی سەر بە هەردوو هاوپەیمانیەتی بنیاد و چاكسازی بارەگایان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان هەیە، هەژموونێكی گەورەیان بەسەر ئەو ناوچانە سەپاندووە لە رێی ئەنجامدانی ئەجێندای تایبەت بە خۆیان، بۆیە ئەو پێوەندییە باشەی عەبدولمەهدی لەگەڵ لایەنە كوردییەكان هەیەتی، وا دەكات ئەو لایەن و هێزە چەكدارانە پێی دڵخۆش نەبن و نایانەوێ بەردەوامیش بێت، بۆیە ئێستە كێشە لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن بۆ دنەدانی هێزە كوردییەكان دژ بە عەبدولمەهدی.
فەلاحی هۆشداری دا لە ئیدارە نەدانی ئەو دۆسیەیە بەشێوەیەكی گونجاو و دەركردنی هەر بڕیارێك كە كورد دنە بدات. گوتی "هەر هەڵەیەك دۆخەكە دەتەقێنێتەوە و تەنگژەیەكی مەترسیدار لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست دەبێت و كاریگەری و لێكەوتەی نەرێنی دەبێت بەسەر حكوومەتی عێراق كە هێشتا دەستی بە كارەكانی نەكردووە".
زیاتر گوتی "ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كورردستان بۆ كورد پرسێكی زۆر هەستیارە، بەڵام دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلوولی 2017 و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دواتر، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی توانیویانە هەژموونی خۆیان بەسەر ئەو ناوچانە بسەپێنن".