دوای دوو ساڵ دەزگیرانداری ڕووناك بەهۆی نەخۆشیی لەلایەن هاوسەرەكەیەوە تەڵاق درا

:: PM:04:07:20/01/2019 ‌
كچ و كوڕێك لە سۆران ماوەی دووساڵ پێوەندی خۆشەویستییان دەبێت و بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن، بەڵام لەدوای پینج مانگ لە ماوەی مارەكردن لە یەكتر جیا دەبنەوە. كچەكە دەڵێت، هۆكاری جیابوونەوەكەیان نەخۆشییەكەی بووە و دوای زانینی نەخۆشییەكەی، دەزگیرانەكەی و ماڵی باوكیشی ڕەتیان كردووەتەوە و گوتوویانە دەبێت جیا ببنەوە یا نەشتەرگەری بكات، ئەگەر چاك بووەوە، ئەوكات هاوسەرگیری لەگەڵ دەكەن.

ڕووناك ئەو كچەی تەمەنی 29 ساڵە كە بەهۆی نەخۆشیی بڕبڕەی پشت دەزگیران و خۆشەویستەكەی لێی جیا بووەتەوە، ئەو دەڵێت ئازاری جۆری مامەڵە و كاردانەوەی توانای دەزگیرانی زۆر قورسترە لە ئازاری بڕبڕەی پشتی كە بەهۆی چەند حەبێكەوە نامێنێت، ڕووناك باسی هەڵوەشانەوەی هاوسەرگیرییەكەی بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت، ئەوەی چاوەڕوانی نەبووم ئەوەبوو بەهۆی نەخۆشییەك و نەشتەرگەرییەك خۆشەویستریرین كەسی ژیانم دەستبەردارم بێت و ڕووبەڕوو پێم بڵێت "لەجیاتی ژنێك بێنم پارەی تێدا خەرج بكەم، ژنێك دێنم پارەم بۆ خەرج بكات".

زیاتر گوتی، توانا/ دەزگیران/ەكەی لە ڕێی كاری دەوامەوە ناسی، ئەو لە فەرمانگەیەكی جیاواز لە فەرمانگەكەی من فەرمانبەرە، سەرەتا هاوڕێ بووین تا ساڵێك بیرم لەوە نەكردبووەوە دەبێت بە خۆشەویستم، بەڵام ئەو دواتر پێی گوتم كە هەر لە سەرەتاوە خۆشی ویستووم و بەو نیازە لەگەڵم بووە، تا دواجار دوای تیپەڕبوونی ساڵێك پێی گوتم خۆشی دەوێم و دەیەوێت هاوسەرگیریم لەگەڵدا بكات، بەڵام من ئەوكات بەهۆی بارودۆخی خیزانەكەمەوە نەمتوانی هاوسەرگیری بكەم و گوتم با جارێ پێوەندییەكەمان خۆشەویستی بێت.

ماوەی دوو ساڵ پێوەندی خۆشەویستییان لەنێواندا دەبێت و وەك ئەو ئاماژەی پێ دەدات، هیچ كێشەیەكیان نەبووە و زۆر گونجاو بوون، هەمیشە توانا پێی گوتووە بەهەموو دنیای نادات و لە هەموو بارودۆخێك لەگەڵی دەبێت، بەڵام لەیەكەم بارودۆخی ناجێگیر و ناتەندروستی ڕووناكدا توانا دەستی بەردەدات و بەبێ داوای بوورین بەجێی دەهێڵێت.

ڕووناك دەڵێت، ماڵی باوكی توانا تاوانباری دەكەن بەوەی كە سەرەتا زانیویەتی نەخۆشیی بڕبڕەی پشتی هەیە و لێی شاردوونەتەوە، ئەویش نایشارێتەوە كە چەند ساڵێكە پشتی ئازاری هەیە و چەندان جار سەردانی پزیشكی كردووە و هەر جارە و بەچەند دەرمانێك بەڕێی كردووە و تواناش ئاگادار بووە، بەڵام دووپات لەوە دەكاتەوە كە تا دوای مارەكردنەكەی نەیزانیوە بڕبڕەی پشتی هەیە. دەڵێت پێش ئەوەی بە دەزگیرانەكەی بڵێت چاوەڕوانی ئەوەبووە نازی هەڵگرێت و یارمەتی بدات و هانی بدات بۆ ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییەی كچە تا ئێستەیش ڕەتی دەكاتەوە ئەنجامی بدات .

توانا دوای زانینی نەخۆشییەكە دەشێوێت و هەرزوو ماڵی باوكی ئاگادار دەكاتەوە و ماڵێ باوكیشی دەچنە ماڵی ڕووناك و دەڵێن ئێمە كچەكەتان تەڵاق دەدەین، چونكە نەخۆشیی بڕبڕەی پشتی هەیە و ئێمە ئامادە نین و توانامان نییە خەرجی و باری كەسێكی نەخۆش هەڵبگرین. رووناك دەڵیت، ئەو نەخۆشییەی ئەو خەڵكێكی زۆر هەیانە و كەس بەهۆیەوە نە تەڵاق دراوە و نە دنیای بەسەردا وێران بووە، چونكە نەخۆشییەكەی كوشندە و مەترسیدار نییە، دكتۆر گوتوویەتی ئەگەر نەشتەرگەریش نەكات بە وەرزش و مەلەكردن باش دەبێت، دان بەوەدا دەنێت كە توانا خۆی كەسێكی نابەرپرسیار بووە، چونكە لەیەكەم هەنگاو بەسووكایەتی پێكردنەوە بەجێی هێشتووە.

لەدوای پێنج مانگ لە دەزگیرانی توانا رووناك تەڵاق دەدات. ئەو دەڵێت، هەموو زێڕ كەلوپەلەكانی بۆ ناردوونەتەوە تەنانەت خەرجی مارەكردنەكەشی و دەڵێت، پارەی كەسێكی ناوێت ڕێز و كەسایەتی و خۆشەویستی و مرۆڤ بوونی لەلا نەبێت، ئاماژە بەوەش دەكات كە جیابوونەوەی ئێستە باشترە لەوەی ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕێك پێك بهێنێت كە خاوەن كەسایەتییەكی لاواز بێت و نەتوانێ لە پشتی خۆشەویستەكەی بێت.

"وشە" لە ڕووی پزیشكییەوە بەدواداچوونی بۆ نەخۆشییەكەی رووناك كرد د. ئالان حاجی عەلی پزیشكی پسپۆڕی بڕبڕەی پشت گوتی، بەشێكی دانیشتووانی كوردستان نەخۆشیی بڕبڕەی پشتیان هەیە و هیچ كێشەیەكی ئەوتۆی بۆ ژیانی هیچ كەس دروست نەكردووە، زۆربەیان بە چارەسەری سروشتی دوای ماوەیەكی زۆر چاك دەبنەوە بەشێكیان بە وەرزش و مەلەكردن، بەشێكیش بە نەشتەرگەری، دووپاتی لەوە كردەوە هیچ كات ژنێكی تووشبوو بە بڕبڕەی پشتی پشت جیا ناكرێتەوە لەگەڵ ژنێكی تر تا بەهۆیەوە تەڵاق بدرێت.

ئەو پزیشكە گوتی، ئەوە یەكەم حاڵەت نییە ژنێك لەبەر نەخۆشی تەڵاق بدرێت لە كوردستان، زۆرجاری تر ڕووی داوە بەهۆی شەقیقە یا منداڵ نەبوون یان نەخۆشییەكی چاو یا ڕەحم یان شێرپەنجە. بێباكی بەشێك لە پیاوەكان خێزانەكەیان تێكدەدەن، ئەمەش هۆكارەكەی نەشارەزایی و خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتی، ئەگەر نا ئێستە هیچ نەخۆشییەك نییە لە كوردستان چارەسەر نەبێت.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولڕەحمان




وشە - سه‌رخێڵ هاشم