قەرزەكان عێراق بەرەو مایەپووچی دەبەن؟

:: PM:05:58:20/01/2019 ‌

لە سایەی رووداوەكانی ساڵانی رابردوو و ئەو قەرزە كەلەكەبووەی لەسەریەتی، عێراق دەچێتە بازنەی مەترسییەوە، شارەزایەك دەڵێت پێویستە عێراق وریای سیاسەتی قەرزكردن بێت كە بووەتە مەترسیدار لەسەر عێراق و سوودی ئەو قەرزانەی لەسەریەتی لە 2022 دەگاتە 60%ی داهاتەكەی، ئەوكاتیش توانای دانەوەی قەرز و سوودەكانی نامێنێت، بۆیە عێراق بەرەو كارەساتێكی راستەقینە هەنگاو دەنێت كە تا ئێستە حكوومەت گوێی پێ نادات.

عەدنان زەرفی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی ئیسڵاح لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی رای گەیاند كە عێراق 140 ملیار دۆلار قەرزدارە و پێویستە ئەو قەرزانە تا ساڵی 2056 بداتەوە، ئاماژەی كرد كە قەرزەكان بەشێكیان هی پێش 2003ن و بەشەكەی تریش پاش ئەو ساڵە. روونی كردەوە، قەرزەكان زۆر لەوە زیاتر بوون، بەڵام زیاتر لە نیوەی لەلایەن یانەی پاریسەوە رەش كراوەتەوە و نیوەی ئەو ژمارەیەی سەرەوەیش قەرزی دوای 2003یە، جیا لە قەرزەكانی عێراق بۆ جەنگی دژ بە داعش وەری گرتوون.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، یاسای بودجەی رێگە بە وەزیری دارایی دەدات بۆ قەرزكردن لە هەموو ئەو وڵاتانەی كە عێراق دەتوانێت قەرزیان لێ بكات، لەوانە بانكە نێودەوڵەتییەكان، بۆیە پێویستە لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەو دەسەڵاتە لە وەزیری دارایی وەربگرێتەوە، بۆ ئەوەی عێراق پشت بەخۆی ببەستێت و چیتر قەرز نەكات.

د. عەبدورەحمان نەجم مەشهەدانی مامۆستای زانكۆ لەو بارەوە دەڵێت، لە كۆنگرەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق بۆ وڵاتانی كۆمەكبەخش لە كوێت لە ساڵی رابردوودا، جێگری سەرۆكی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی حكوومەتی عێراقی لە قەرزكردنی زیاتر وریا كردەوە كە زۆر مەترسیدارە و دەگاتە ئاستێك كە چیتر توانای دانەوەی قەرزەكانی نامێنێت و بەو شێوەیە بەرەو كارەساتێكی راستەقینە هەنگاو دەنێت.

زیاتر گوتی، عێراق لە ساڵانی نێوان 2014-2016دا بڕی 202 ملیار دۆلاری بەهەدەر داوە كە بریتی بوون لە 36 ملیار دۆلار قەرزی بیانی و 23 ملیار دۆلار دابەزینی یەدەگی بانكی ناوەندی و 33 ملیار دۆلاری تر زیادبوونی قەرزی ناوخۆیی و 120 ملیار دۆلاریش داهاتی نەوت، روونی كردەوە، عێراق پێویستی بە 30 ساڵ هەیە بۆ دانەوەی قەرزەكانی دەرەكی و ناوخۆیی و كە ئەوەیش بۆ ساڵانێك داهاتی نەوتی عێراق دەخەنە ژێر رەهنی بانك و وڵاتە قەرزبەخشەكانەوە.

جیا لەوانەی باس كران شارەزایان دووپات لەو زانیارییانە دەكەنەوە بە بوونی زیاتر لە چوار ملیۆن فەرمانبەری حكوومەت و 3.7 ملیۆن خانەنشین و دوو ملیۆن ئەوانەی تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە و مووچەی مانگانە وەردەگرن، بۆیە وەزارەتی پلاندانانی عێراق زەنگی مەترسی لێ دەدات لە بەرانبەر ئەو مەترسییەی هەڕەشە لە دەوڵەتی عێراق و داهاتووی گەشەسە ندنی دەكات، لە وڵاتێك كە بۆ سێیەم ساڵە لەسەر یەك حكوومەتەكەی ناچارە بڕی 42 ملیار دۆلار قەرز بكات بۆ پڕكردنەوەی بودجەی بەكارخستنی.

مەشهەدانی رەخنەی لە پڕۆژەی بودجەی 2019 گرت بەوەی نامەنتیقییە و زیادەڕۆیی لە بودجەی بەكارخستن كراوە، بۆیە بە سەیرەوە باسی دابەشكردنی رێژەكانی بەسەر پارێزگا و وەزارەتەكان كردووە، دووپاتی كردەوە كە پێشبینی دەكرا كە خەرجییەكان كەمتر بكرابوونایەتەوە نەوەك بەپێچەوانەوە، روونی كردەوە، بودجەی پێویستی بە هەموواركردنەوەیەكی زۆر هەیە، چونكە ئەو زیادەی تیایدایەتی وەك خۆكوشتن وایە بەو بڕە كورتهێنان و قەرزكردنە زۆرەی لەخۆی گرتووە، ئەو مامۆستایە ئاماژەی كرد، لە 2011 عێراق ناتوانێت قەرزە دەرەكییەكانی بداتەوە مەگەر بە دانی 60%ی داهاتەكەی نەبێت. 

شارەزایانی ئابووری دووپاتی دەكەنەوە كە پڕۆژە یاسای بودجەی 2019 بە روونی دیاری دەخات كە عێراق نقوومی قەرز و سوودی قەرزەكانی پێشووی بووەتەوە كە دەگەنە ئاستێك زیاتر لە 15%ی بودجەكەی بۆ دانەوەیان تەرخان بكرێت، بۆیە ئەگەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نەبووایە رەنگە دانەوەی ئەو قەرز و سوودەكانی 70%ی بودجەی ساڵانەی عێراقی ببردایە.

رەحیم دەراجی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت، لەوەتەی 2003ەوە تا ئەمڕۆ قەرزێكی زۆر بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی حكوومەت یەك لەدوای یەكەكانی عێراق كەلەكە بووە، ئەو حكوومەتانە توانای بەڕێوەبردنی سیاسەتی دارایی و دراوی دەوڵەتیان نییە كە بودجەی ساڵانی رابردوو ئەوەندە گەورە بوون بێ پلانیان پێوە دیار بوو، جیا لەوەی لەسەر بنەمایەكی لێكۆڵینەوە و پلان دانەڕێژرابوون و تەنیا بە پڕكردنەوەی بۆشاییەكان بووە، بۆیە نەوەكانی داهاتوو بارگرانی ئەو قەرزانەی كراوە دەكەوێتە ئەستۆیان. 

نوورە بەجاری، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت، هۆكاری ئەو قەرزانەی كە قورساییان خستووەتە سەر ئابووری عێراق ئەو گەندەڵیەیە كە لە وڵات تەشەنەی كردووە، جیا لە جەنگی داعش و دەستگرتنی بەرپرس و پارتە دەسەڵاتدارەكان بەسەر پڕۆژەكان لە گرێبەستی گەندەڵیدا. 

كۆی ئەو سوودانەی پێویستە عێراق لە بەرانبەر قەرزەكانی بیانداتەوە دەگاتە 12.770 ملیار دۆلار، لیژنەی دارایی پەرلەمان قەرزەكانی سەر عێراقی پۆلێن نەكردووە كە بڕەكەی زیاتر لە 70 ملیار دۆلارە، بەپێی ئەو داتایانەی عێراقیش لە 2012 پێشكەشی كردووە عێراق لە پلەی 60مین دەوڵەتی دنیا دێت لە قەرزارییەوە، بەڵام ساڵ بە ساڵ قەرزەكان زیاد دەكەن و سوودەكانیشیان زیاد دەكات و ئەویش بە هیوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە بۆ دانەوەیان، كە ئەوەیش ئەگەرێكی سەختە.  






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل