چۆن دەزانیت كە نەزۆكی؟

:: PM:08:02:20/01/2019 ‌

پزیشكان نەزۆكی لە پیاو ژن بەوە پێناسە دەكەن كە بریتییە لە بێ توانایی لە دووگیانبوونی ئافرەت لە دوای ساڵێك لە هەوڵی دوو هاوسەر بۆ وچەخستنەوە بێ بەكارهێنانی رێگەكانی نەهێشتنی دووگیانی لە ماوەی ئەم ساڵەدا، هەروەها سێیەكی حاڵەتەكانی نەزۆكی بەهۆی كێشە لە ژنەوە روو دەدات و سێیەكەكەی تر لە پیاو و سێیەكی كۆتاییش لە كێشەی هاوبەش یان هۆكاری نەزاندراو.

توێژینەوەكان دەڵێن رێژەی ئەو هاوسەرانەی ناتوانن دوای ساڵەكە وچە بخەنەوە دەگاتە 15% و ئەوانەیشی دوای دوو ساڵ دەگاتە 10%، لەو كاتەی بۆ دووگیانبوونی ژن پێویستە سپێرمی پیاو بگات بە هێلكۆكەی ژن و پێكهێنانی هێلكەی پیتراو و جێگیربوونی لەناو منداڵداندا، بەڵام وەك پیاو چۆن دەزانیت كە نەزۆكی؟. 

زۆرێك لە پیاوانی نەزۆك نیشانەیەكی دیاریكراویان نییە كە ئاماژە بێت بۆ ئەو حاڵەتە تەنیا نەبوونی توانای وچەخستنەوە نەبێت، بەڵام هەندێك پیاو رەنگە چەند نیشانەیەكیان لێ دەركەوێت وەك لاوازیی رەقبوونی ئەندامی نێرینە و دەرچوونی بڕێكی كەم لە سپێرم لەكاتی پرۆسەی سێكسی و كەمبوونەوەی خواستی ئەنجامدانی پرۆسەكە و بوونی ئازار لە گونەكان یان هەڵاوسانیان یان تووشبوون بە پەتای دووبارە بووەوەی كۆئەندامی هەناسەدان یان نەبوونی توانای بۆنكردن بە شێوەیەكی سروشتی و ئاوسانی مەمك لە پیاو و كەمی موو لەسەر دەموچاو و بەشەكانیتری لەش.

لە كاتی دواكەوتنی دووگیانی ژن كە وەك یەكێك لە هۆكارەكان نەزۆكی پیاوە، پزیشكی شارەزا چەند پشكنینێك بۆ پیاوەكە دەكات بۆ دڵنیابوون و زانینی هۆكارەكەی لەوانە پشكنینی جەستەیی و زانینی تۆماری نەخۆشیی پیاوەكە و پشكنینی ئەندامی زاوزێی و بوونی چەند نەخۆشییەكی بۆماوەیی و درێژخایەن یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری دیاریكراو كە رەنگە كاریگەری هەبووبێت و پشكنینی سپێرم بۆ پێوانەكردنی ژمارە و شێوە و جووڵە و ئاسایی سپێرمەكان و وەرگرتنی وێنەی تیشكی گون و بوونی دەوالی و پشكنینی هۆڕمۆنەكان و میز، جیا لە پشكنینی بۆماوەیی و پشكنینی پرۆستات و رێڕەوەكانی فرێدانی سپێرم بۆ دەرەوە.  

كێشەی نەزۆكی لە پیاو بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە، یەكەمیان كێشە لە بەرهەمهێنانی سپێرم و دووەم كێشە لە گواستنەوەی سپێرمەكان، كە دوو لەسەر سێی پیاوانی نەزۆك كێشەی یەكەمیان هەیە كە بڕی كەمی لە گون بەرهەم دێنن یان توانای باشیان نییە، ئەوەیش بەهۆی كێشە لە كرۆمۆسۆم و جینەكانەوە، هەروەها گونی شۆڕ نەبووەوە و نەخۆشی و دەوالی و بەكارهێنانی دەرمان و بەركەوتنی مادەی كیمیایی و تیشك دەگەڕێتەوە، لە بەرانبەردا یەك لە پێنج پیاوی نەزۆك كێشەی دووەمیان هەیە كە هۆكارەكەی بۆ كێشەی پرۆستات و كێشە لە رەقبوونی چووك و هیتریش دەگەڕێتەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل