لە هەوڵێكی نوێدا ئێران دەیەوێت لە رێی بەغداوە بڕیاری دەركردنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەربكات، پەرلەمانتارێكیش ئاماژە بە هەوڵەكانی تاران دەدات لە رێی هێزە شیعەكان بۆ دەرچووانی یاسایەكە. ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتیش ئاشكرای دەكات تاران ئەو پەیامەی گەیاندووە و لەماوەی نزیكی داهاتووشدا دەبێتە پرسێكی گەرم.
لە كاتێكدا حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی هێشتا لە دیوە یاساییەكەی تەواو نەبووە و سێ وەزیری ماوە بۆ وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان، هاوكات ململانێی سیاسی خەریكە حكوومەت بەرەو شكست دەبات و لیستەكانی پەرلەمان دەیانەوێت تا سەری مانگ و پێش وادەی پشووی زستانە كە سەرەتای مانگی شوبات تا كۆتاییەكەی درێژە دەكێشێت، بودجە پەسند بكەن، بەڵام عەبدولمەهدی دەیەوێت كابینەی حكوومەت پێش بخرێت.
لە وەها دۆخێكی دژواری حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی، ململانێیەكی ئێران و ئەمەریكا،
عێراق دەكەنە گۆڕەپانی یەكلا كردنەوەی، مایك پۆمپیۆ لە سەردانەكەی دوو هەفتە پێش ئێستەی بۆ بەغدا، پەیامی سەپاندنی سزا ئابوورییەكانی بە بەرپرسانی عێراقی گەیاند كە واشنتن ئامادە نییە چاوپۆشی نەوەد رۆژییەكە بۆ عێراق درێژ بكاتەوە كە سەرەتا مانگی ئاداری داهاتوو ماوەكەی تەواو دەبێت. دوای سەردانەكەی پۆمپیۆ، دەستبەجێ جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەری شاندێكی 40 كەسی گەیشتە بەغدا و دوای سەردانی هەولێرشی كرد و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش سەردانی عێراق بكات.
سەردانەكەی زەریف و كۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو هێزە عێراقییەكان بەتایبەت حزب و میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران، بەگوێرەی زانیارییەكان ئامۆژگاری نوێی تارانی پێ گەیاندوون كە پەیامەكە دەركردنی سوپای ئەمەریكایە لە عێراق لە رێگەی دەركردنی یاسایەك لە پەرلەمان.
سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات پاش سەردانەكە زەریف باڵە سیاسی و سەربازییەكانی ئێران لە عێراق كار دەكەن لەسەر گوشاردانان لەسەر ئەو كەسایەتی و رەوتانەی دژی دەكردنی سوپای ئەمەریكان، دەیانەوێت بێنە ژێر باڵی دەركردنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو پاش سەردانەكەی زەریف، ئەو هێزانە لەگەڵ چەندان رەوتی سوونەی عەرەبی كۆبوونەوەتەوە لە پارێزگای ئەنبار و سەلاحەدین و موسڵ و دیالە و كەركوك و بەغدا، بە ئامانجی رێكخستنی كۆدەنگی بۆ دەركردنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.
ئەو سەرچاوەی پەرلەمان لەبەر هەستیاری پرسەكە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، كە گوشارەكان دووپات كردنەوەیە لە رەت كردنەوەی مانەوەی سوپای ئەمەریكا، تەنانەت داوای چەك هەڵگرتن دەكەن دژی سوپای ئەمەریكا ئەگەر مایەوە لە عێراق وەك هێزێكی داگیركەر، گوتی "هەندێك لەو رەوت و هێزانە بە ئەرێنی وەڵامیان داوەتەوە". زیاتر گوتی "نوێنەرانی ئەو رەوتانە بەڵێنیان داوە ئەگەر پڕۆژە یاسایەكە بخرێتە كارنامەی دانیشتنی پەرلەمان ئەوا بە بەڵێ دەنگی بۆ دەدەن".
ئەو بەڵێنەی رەوتە سوننەكان لە كاتێكدایە، رەوت و هێزە شیعەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ ئامادەكردنی پڕۆژە یاساییەكە كە تیمێكی سیاسی كە پێكهاتوون لە چەند پەرلەمانتارێكی نزیك لە تاران.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بارەی ناوەڕۆكی پڕۆژە یاسایەكە بڵاوكراوەتەوە، باس لەوە دەكات كە پێویستە هەرچی هێزی بیانی هەیە لە عێراق بەوانەیشی لە هەرێمی كوردستان جێگیر كراون لە عێراق دەربكرێن، لە بەرانبەر ئەمەشدا رێككەوتن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران بكرێت بۆ بەهێز كردنی یەكە سەربازییەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.
شارەزایەكی یاسایی دەڵێ، ناوهێنانی میلیشیاكی حەشد لە پڕۆژە یاسایەكە ئەوا شەرعیەتی زیاتر دەداتە ئەو هێزە كە بە بەهێزترین باڵی سەربازی ئێرانی لە عێراق هەژمار دەكرێت.
هەوڵەكانی ئێران زۆر بە خێرایی دەستی پێ كردووە، وایكردووە لە ماوەی نزیكی داهاتوودا ئەو دۆسیە بخزێنرێتە ناو دانیشتنەكانی پەرلەمان بە تایبەت دوای ئەوەی چەند پەرلەمانتارێكی لیژنەی بەرگری و تەناهی بە فەرمی پرسیاریان لە بارەی ژمارە و شوێنی بڵاوبوونەوەی سوپای ئەمەریكایان لە عادل عەبدولمەهدی كرد، داواشیان لێ كردووە كە پاساوێكی یاسایی بهێنێتەوە بۆ مانەوەیان.
ئەو هەوڵەی ئێران لە عێراق ئەنجامی دەدات هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕ بوونی چەند مانگێك بەسەر بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و گواستنەوەی بەشی زۆری بۆ عێراق، ئەمەش تارانی زۆر نیگەران كردووە چونكە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بارەی بڵاوەبوونەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەكرێت، ئەوا ئێران هیچ كەناڵێكی پەیوەندی لەگەڵ سووریا نامێنێت، ئەگەیش هەبێت ئەوا زۆر بە زەحمەت دەتوانێت پەیامەكانی لە رێگەی خاكی عێراق بگەیەنێتە سووریا. بەمەش تاران ناچار بوو بۆ تۆڵە سەندنەوە لە بڕیارەكەی ئەمەریكا، لە رێگەی بەغداوە تۆڵە لە ئەمەریكا بكاتەوە بە دەرچوواندنی یاسای دەركردنی هێزە بیانییەكان كە ئامانجی سەرەكی دەركردنی سوپای ئەمەریكایە لە عێراق.
پێوەند بەو پرسە، هۆشیار
زێباری وەزیری پێشتری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، دەڵێ ناوەڕۆكی پەیامەكەی ئێران بۆ سەركردە شیعەكانی عێراق دەركردنی سوپای ئەمەریكا بوو لە عێراق.
زێباری گوتی "تاران ئامۆژگاری داوەتەوە عێراقییەكان بۆ دەركردنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق لە رێگەی دەنگدانی پەرلەمانی، ئەمەش لە ماوەی نزیكی داهاتوودا دەبێتە پرسی سەرەكی شەقامی عێراقی".
پێوەند بەو پرسە عەدنان ئسەدی سەرۆكی لیژنەی تەناهی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئاشكرای كرد كە نووسراوی فەرمیان بۆ عادل عەبدوولمەهدی سەرۆك وەزیران كردووە لە بارەی ژمارە و شوێنی مانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.
بەگوێرەی زانیارییەكان، هاوپەیمانی بنیاد كە نوێنەرانی باڵی سیاسی میلیشیا چەكدارەكان دەكەن، هاوپەیمانیەتیەكی نزیكە لە ئێران، سەركردایەتی ئەو رەوتە دەكات بۆ دەرچووانی پڕۆژە بڕیارێك بێت یان یاسایەك كە گرنگ ئامانج لێی دەركردنی سوپای ئەمەریكا بێت لە عێراق.
جێی باسە پاش دەركردنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق كە بەگوێرەی یاسا و رێككەوتنێك بوو لە ساڵی 2011، دوای هاتنی داعش لە 2014، حكوومەتەكەی نوری مالیكی داوای لە سوپای ئەمەریكا كرد یارمەتی بدات لە شەڕی دژ بە داعش كە نزیك لەوەی بەغداش داگیر بكات.
ئێستە باس لەوە دەكرێت كە هێزەكانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق لە بنكەی تاجی كە بنكەیەكی بچووكە و مەستەبەی فڕینی فڕۆكەی جەنگی F 16ی نییە. بنكەی رینج لە كەركوك كە وەك سەربازگەیەكی نمونەیی بۆ راهێنان وایە، بنكەی ڤیكتۆری "نەسڕ" كە دەكەوێتە ناو سنووری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، ئەمەریكا وەك بنكەی سەركردایەتی بەكاری دەهێنێت. بنكەی عەین ئەسەد كە دووەم گەورەترین بنكەی سەربازییە لە عێراق و دەكەوێتە رۆژئاوای ئەنبار. بنكەی حەبانییە كە بنكەیەكی نموونەییە و سەربازگە و شوێنی كۆگا كردن و هەلیكۆپتەری سەربازی و خوێندنی زانستنی تەناهی و زۆر شتی تریشی تێدایە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەمەریكا بە نیازە دوو بنكەی تری سەربازی هاوشێوەی سەربازگە بكاتەوە بۆ هێزە تایبەتەكان لە ناوچەی عوكاز نزیك لە قایم و ناوچەی حەمیرەی نزیك لە رومادی.