بڕیارە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لیژنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی لە شاری سلێمانی كۆ ببنەوە بەمەبەستی گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەت.
ئەمڕۆ دووشەم 21ـی كانوونی دووەم، بەگوێرەی هەواڵی میدیای فەرمی یەكێتی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی كۆبوونەوەی نێوان لیژنەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی بەڕێوە دەچێت.
بڕیارە لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و پێوەندییەكانی نێوان هەولێر بەغدا بكرێت.
ڕۆژی دووشەم 14ـی كانوونی دووەم، كۆبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی لە شاری هەولێر بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بەڕێوە چوو، بڕیار درا بەپێكهێنانی لیژنەی هاوبەش لە نێوانیان بۆ گفتوگۆكردن بۆ پێكهێنانی حكوومەت.
ڕۆژی سێشەم، كۆبوونەوەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوە چوو و تیایدا بڕیار درا بە پێكهێنانی دوو لیژنە لە نێوانیاندا.
پارتی خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و ئەركی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستانی لە ئەستۆیە، تا ئێستە دوو جار لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆ بووەتەوە بۆ ئەوەی بەشدارییان لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان پێ بكات.