ھاوكار عه‌بدوڵا شێخ وه‌سانی شاره‌زا له ته‌فسیر و ژیانی مه‌لای گه‌وره:
بنه‌ماڵه‌ی جه‌لیزاده یه‌كێكن له بنه‌ماڵه دیاره‌كانی كوردستان و ناوبانگیان له‌ڕێی كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو بنه‌ماڵه‌وه ده‌ركردووه، له‌وانه (مه‌لا عه‌بدوڵای جه‌لی زاده، مه‌لای گه‌وره، مه‌سعوود محه‌مه‌د، نه‌جیبه جه‌لیزاده) ئه‌مانه ڕۆڵی گرنگیان له ڕه‌وتی ڕۆشنبیری و ھزری و فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تی و خوێندنی ئاینیدا ھه‌بووه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه توێژه‌ران بایه‌خ و گرنگی زۆریان به‌م كه‌سایه‌تییانه و نووسینه‌كانیان داوه. یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه (ته‌فسیری كوردی له كه‌لامی خوداوه‌ند)ی مه‌لای گه‌وره‌یه، كه له‌لایه‌ن ھاوكار عه‌بدوڵا شێخ وه‌سانی ده‌رچووی كۆلێژی زانسته ئیسلامییه‌كان لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی بۆ كراوه و كتێبێكی دوو به‌رگی به‌ناونیشانی "ژیان و ئه‌زموونی مه‌لای گه‌وره" و "دید و جیهانبینی مه‌لای گه‌وره" له‌مه‌ڕ ئه‌م كه‌سایه‌تییه بڵاو كردووه‌ته‌وه، هه‌فته‌نامه‌ی "وشه" وه‌ك شاره‌زا له ته‌فسیر و ژیانی مه‌لای گه‌وره، وتوێژی له‌گه‌ڵ شێخ وه‌سانی كردووه.
له دیدی ئێوه‌وه وه‌ك شاره‌زا له ته‌فسیری قورئانی مه‌لای گه‌وره، چاكسازییه‌كانی مه‌لای گه‌وره چی بووه و چۆن بووه؟
من پێم وایه چاكسازییه‌كانی مه‌لای گه‌وره له‌سه‌ر چه‌ند جومگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه بووه، كاتی خۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیری به دوای خۆیدا ھێنا و تا ئێسته‌ش كاریگه‌ری ماوه، چونكه ئه‌و قسه‌ی له جۆره بابه‌ت و شتانێك كردووه كه پێش ئه‌و ئاماژه‌كردن بۆیان یاساغ بووه، ئه‌و دژی ھه‌موو ئه‌و مه‌لایانه بووه كه دژی پێشكه‌وتنن و ھه‌وڵی چاندنی خورافه له مێشكی خه‌ڵكی ده‌ده‌ن. ھه‌روه‌ھا به‌رده‌وام به‌ربه‌ره‌كانێی ئاغا و شێخی ته‌ڵه‌كه‌بازی كردووه، كه به‌ناوی ئاین خه‌ڵك ده‌چه‌وسێننه‌وه. هاوكات چاكسازیی ھه‌ره گه‌وره‌ی مه‌لای گه‌وره له بواری ئاینه‌وه بووه، ھه‌میشه ئه‌م قسه‌یه‌ی دووپات كردووه‌ته‌وه كه "عه‌قڵی باش له‌گه‌ڵ ئاینی سه‌حیح زۆر موتابیقن، بۆیه نابێت مرۆڤ ئاین له نوقال و قال و قیل وه‌ربگرێت، به‌ڵكو ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر چاوگی سه‌ره‌كی خۆی".
ده‌كرێ بڵێین مه‌لای گه‌وره له مه‌لاكانی هاوسه‌رده‌می خۆی و ته‌نانه‌ت مه‌لاكانی ئێسته‌ش جیاوازتر ڕوانیویه‌تی و بیری كردووه‌ته‌وه. كه‌وایه جیاوازیی مه‌لای گه‌وره له‌گه‌ڵ مه‌لاكانی تر چی بوو؟
به‌دڵنیاییه‌وه مه‌لای گه‌وره له مه‌لاكانی تر جیاواز بووه. جیاوازیی مه‌لای گه‌وره له‌گه‌ڵ مه‌لاكانی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه مه‌لای گه‌وره نه ته‌نیا مه‌لا بووه و به‌س، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ مه‌لایه‌تیشدا سه‌ركرده و كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بووه، به‌رده‌وام وه‌ك ڕێبه‌رێك بۆ گه‌له‌كه‌ی ده‌ركه‌وتووه. ھه‌میشه بڕوای وابووه ده‌بێت مامۆستایانی ئاینی له ژیان سه‌ربه‌خۆ بن، ته‌نانه‌ت بڕوای وایه نابێت مه‌لاكان چاویان له حكوومه‌ت و به‌رپرسان بێت، به‌ڵكو ده‌بێت مه‌لاكان خۆیان ھه‌وڵ بده‌ن ئابوورییه‌كی سه‌ربه‌خۆیان ھه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ونه ژێر فه‌توادانێكی ھه‌ڵه و ناشه‌رعی. مه‌لای گه‌وره له ته‌فسیره‌كه‌یدا ده‌ڵێ: "ئه‌وی مه‌لای مسوڵمان بێت بچێت قوڕكاری بكات چاكتره، با ھه‌زار جار له برسان بمرێت، بۆی نییه به پێچه‌وانه‌ی حه‌ق و حه‌قیقه‌ت فه‌توا بدات". مه‌لا محه‌مه‌دی كۆیی كاتێك باسی پرسی كشتوكاڵی ده‌كات، ھه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌و جووتیارێكی ته‌واو شاره‌زایه، به جۆرێك باسی ده‌رد و ئافات و نه‌خۆشییه‌كانی كشتوكاڵ ده‌كات وه‌ك ھه‌موو ژیانی له نێو ڕه‌ز و باغ و باغات و گه‌نم و جۆ به‌سه‌ر بردبێت. یان كاتێك باسی پرسی جه‌نگ و كوشتن ده‌كات، وا ھه‌ست ده‌كه‌یت جه‌نه‌ڕاڵێكه ھه‌موو ته‌مه‌نی له ناو سوپا بردووه‌ته سه‌ر، بۆیه پێم وایه مه‌لای گه‌وره ته‌نیا كه‌سایه‌تییه‌كی ئاینی نه‌بووه، به‌ڵكو له یه‌ك كاتدا به‌رجه‌سته‌ی چه‌ند كاره‌كته‌رێكی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كردووه و شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی لایه‌نه جیاواز و بابه‌ته جیاوازه‌كانی هه‌بووه.
به‌باوه‌ڕی ئێوه و به‌گوێره‌ی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونه‌ی بۆ ته‌فسیره‌كه‌ی مه‌لای گه‌وره‌تان كردووه، تێڕوانینی مه‌لای گه‌وره بۆ ئاین چۆن بووه؟
مه‌لای گه‌وره باوه‌ڕی وابووه پێویسته ئاین وا له مرۆڤ بكات به‌رده‌وام بۆ به‌رزی و گه‌وره‌یی بڕوانێت و ھه‌رگیز خۆی به بچووك و زه‌لیل سه‌یر نه‌كات. به‌باوه‌ڕی من، له سه‌رده‌می خۆیدا مه‌لای گه‌وره تاكه كه‌سێك بووه كه بۆچوونی وا بووه ده‌بێ ئاین پاك بكرێته‌وه له ھه‌موو ئه‌و خورافیات و زیاده‌یه‌ی كه تێی كه‌وتووه، ئه‌و زۆر به بوێری ھه‌ندێ جار ڕه‌خنه‌ی له‌و ده‌قانه گرتووه كه به‌ناوی فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ره‌وه (د.خ) خه‌ڵك ھان ده‌ده‌ن بۆ زیله‌ت و دواكه‌وتن، بۆ نموونه له دێڕی یه‌كێك له شیعره‌كانیدا ده‌ڵێ:
مه‌داری ئاین و دنیا ھه‌ر غینایه
به‌ڵێ فه‌قر و فه‌خر ئیفتیڕایه
یاخود ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئینسان دایكێكی باشی نه‌بێت، ده‌یان فه‌رمووده كاری تێناكات و نابێته دایكێكی باش.
به‌م شێوه‌یه‌ی باسی ده‌كه‌یت، ده‌بێ مه‌لای گه‌وره كاریگه‌ری ئه‌رێنی زۆری دروست كردبێ، ئه‌و كاریگه‌رییه ئه‌رێنییانه به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه به‌جێیهێشتن، چی بوون؟
مه‌لا محه‌مه‌دی كۆیی كاریگه‌رییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵك به‌جێھێشت، ئه‌م كاریگه‌رییانه تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامییان ھه‌یه، ئه‌و مرۆڤی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕاھێنا به غه‌یری خودا ده‌ست بۆ ھیچ كه‌س پان نه‌كاته‌وه، ئه‌و به خه‌ڵكی گوت شێخ كه‌سێكه وه‌ك تۆ، ئه‌گه‌ر تۆ تێبكۆشی و ھه‌وڵ بده‌ی زۆر له شێخ گه‌وره‌تر ده‌بیت، ئه‌و خه‌ڵكی ڕاھێنا كه سه‌ربه‌ست بژین و به‌رده‌وام بۆ ئازادی ھه‌وڵ بده‌ن. ئه‌و خه‌ڵكی له‌سه‌ر ئه‌وه ڕاھێنا كه ژنیش وه‌ك پیاو مافی ھه‌یه، ته‌نانه‌ت له ھه‌ندێ ئه‌ركدا له سه‌رووی پیاودایه، بۆیه ھه‌رگیز ڕێی تێناچێت به چاوی سووكی و بچووك سه‌یری ژن بكرێ. ئه‌مانه و ده‌یان كاریگه‌ری تری ئه‌رێنی به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه به‌جێهێشت كه له هه‌ردوو كتێبه‌كه‌دا به ڕوونی شرۆڤه‌مان كردووه.