حكوومەت بۆ قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتییان لە خاویی هێڵەكانی ئینتەرنێت هاتە دەنگ

:: AM:10:18:21/01/2019 ‌
ماوەی چەند ڕۆژێكە هێڵەكانی ئینتەرنێت لە چەند شار و شارۆكەیەك خاوبوونەوەی بە تەواوی بەخۆیەوە بینیوە، بەرپرسێكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش ئاشكرای دەكات، گفتوگۆیان لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 21ـی كانوونی دووەم، ئومێد محەمەد گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیاكانی هێڵی ئینتەرنێت گفتوگۆمان لەسەر خراپی هێڵەكانیان كردووەو پێی ڕاگەیاندووین، ئێستە خزمەتگوزارییەكانیان بەشێوەیەكی ڕێكوپێك و بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ ئێمە كردوویانە، دەگەیەننە بەشداران و هەر گرفتێكیشیان هەبووبێت چارەسەریان كردووە لە ڕۆژانی ڕابردوو.

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گوتی، بەدواداچوونمان كردووە و بەردەوامیش دەبین بۆ ئاستی خزمەتگوزارییەكانیان و ڕەنگە 2% كەموكورتیان هەبێت، ئەوەش بەپێی ستانداردی جیهانی شتێكی ئەوتۆ نییە.

لەبارەی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتییان لەسەر خاوبوونەوەی هێڵەكانی ئینتەرنێت لە ڕۆژانی ڕابردوو ئاشكرای كرد، ئەو كاتە كۆمپانیا ناچار بە قەرەبووكردنەوە دەبێت كە لە 24 سەعات هێڵی ئینتەرنێت بوەستێت، بۆیە ئەوەی هەبووە لە هەندێك شوێن خاوبوونەوە بووە نەك وەستان.

ماوەی هەفتەیەكە هێڵەكانی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان خاوبوونەوەیەكی زۆریان بەخۆوە بینیوە و هاووڵاتییان گلەیی زۆریان هەیە لەسەر ئەو خاوبوونەوەیە.



وشە - رامیار جەواد