چەكدارانی داعش دوای هێرشەكان دەچنە ناو ڕووباری سیروان

:: AM:10:25:21/01/2019 ‌
چەكدارانی داعش لە ماوەی ڕابردوو لە سنووری خانەقین چەندان هێرشیان بۆ سەر پۆلیس ئەنجام داوە و بەرپرسێكیش ئاشكرای دەكات، دوای هێرشەكان داعش دەچێتە ناو ڕووباری سیروان و خۆیان دەشارنەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەم 21ـی كانوونی دووەم عەقید دیار شەوكەت بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین بە "وشە"ـی راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو لە گوندی شێركی خانەقین چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر پۆلیسی عێراقی و پۆلیسیش رووبەڕوویان بوونەوە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین گوتی، ئەو چەكدارانە پاشتر خۆیان كردووەتە ناو دارستانەكانی رووباری سیروان بەهۆكاری شارەزاییان لە ناوچەكە خۆیان ون كردووە، هەروەها لەو هێرشە دوو پۆلیس شەهید بوونە.
 
خالد جەبەل لە راگەیاندنی نەخۆشخانەی خانەقین بۆ "وشە" گوتی، بەهۆی ئەوەی كردەوە تیرۆرستییەكەی شەوی ڕابردوو یەكێك لە پۆلیسەكان بە برینداری شەهید بووە و یەكیان هەر لەكاتی رووبەڕووبوونەوە مردووە.

بەپێی بەدواداچوونی "وشە" ئەوە سێیەم هێرشی داعشە تەنیا لە 21 رۆژی ئەمساڵدا لە سنووری خانەقین ڕوو دەدات، ئەوەیش بەهۆی دروستبوونی بۆشایی تەناهی دوای ڕووداوەكانی 17ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017.
 
گەرمیان /سەبری هۆرێنی



وشە - رامیار جەواد