پارە بۆ ڕێی هەولێر- كۆیە دابین كرا

:: AM:11:25:21/01/2019 ‌
وەزیری‌ ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی دووسایدكردنی رێی‌ هەولێر - كۆیە و دروستكردنی پردی سماقوڵی تەرخان دەكات.

ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەمەبەستی خستنەڕووی كێشەكانی ڕێی هەولێر-كۆیە، سەردانی دەرباز كۆسرەت رەسووڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوەمان كرد و باسی لەوە كرد كە پلانی گەورەیان هەیە بۆ رێگەوبانەكانی هەرێمی‌ كوردستان بەگشتی و سنووری كۆیە و دۆڵی سماقوڵی كرا.

وەزیری ئاوەدانكردنەوە ڕای گەیاند، كە لەپاڵ كاركردن لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر-كۆیە، بڕیاریان داوە وەك وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە رێی كۆنی كۆیەش نۆژەن بكەنەوە، بەشێوەیەك رێیەكە فراوان بكرێت لە حەوت مەترەوە بۆ نۆ مەتر.

ئاشكرای كرد، لە پلانیاندایە لەماوەیەكی كەمدا كاركردن لە نۆژەنكردنەوەی رێ كۆنەكەی‌ كۆیە دەست پێ بكەنەوە لەپێناو هاوكاریكردنی شۆفیران تا كاركردن لە دووسایدی هەولێر -  كۆیە تەواو دەبێت، كە بەهۆی وەرزی زستانەوە كارەكانی‌ وەستاون و هەركاتێكیش كەشوهەوا ئاسایی ببێتەوە، كاركردن لە پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر- كۆیە دەست پێ دەكاتەوە.

ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای‌ هەولێر ئاماژەیان بەوەش كرد، كە وەزیری‌ ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە دیدارەكەدا باسی لە ئاستەنگەكانی‌ بەردەم وەزارەتەكەی كردووە بەهۆی‌ نەبوونی بودجەی پێویستەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بڕیاریان داوە بەتەرخانكردنی بڕی چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی دووسایدكردنی رێی‌ هەولێر - كۆیە.

تەرخانكردنی بڕی چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ رێی‌ هەولێر - كۆیە لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی‌ هەرێمی كوردستان پێشنیارێكی دەرباز كۆسرەت رەسووڵ وەزیری‌ ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی بۆ دروستكردنی سندووقێكی تایبەت بە رێگەوبان پەسەند كرد.



وشە - رامیار جەواد