بۆچی میسی شەوی رابردوو لە پێكهاتەی سەرەكی یاریی نەكرد؟

:: AM:11:34:21/01/2019 ‌

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 21ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی لیگانیسی بردەوە.

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریدابوو لە یارییەكەدا یاریی بە لیۆنێل میسی ئەستێرەی یەكەم و كاپتنی تیپەكەی نەكات و پشووی پێ بدات، بەڵام لە گێمی دووەمدا بە ناچاری هێنایە نێو یاریگە دوای ئەوەی یانەی لیگانیس گۆڵی یەكسانبوونەوەی یارییەكەیان تۆمار كرد.

جۆن ئەسپیازۆی یاریدەری راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە ئەو هۆكارەی ئاشكرا كرد كە بۆتە هۆی ئەوەی بڕیار بدەن میسی لەسەر كورسی یەدەگ بهێڵنەوە.

ئەسپیازۆ بە دەزگاكانی راگەیاندنی راگەیاند: پلانمان داڕشتبوو كە هەر لە سەرەتای یارییەكەدا گۆڵێك تۆمار بكەین بۆ ئەوەی هێڵ بەرگرییان بكەینەوە و بتوانین هێرشی زیاتر بۆ سەر گۆڵ ببەین، چونكە یانەی لیگانیس ركابەرێكی زەحمەت و ئاڵۆزە.

زیاتر گوتی: هەرسێ هێرشبەری بەتوانای تیپەكەمان عوسمان دێمبێلێ و لویس سوارێز و فیلیپ كۆتینیو توانای ئەوەیان هەبوو ئەم كارە بە سەركەوتوویی ئەنجام بدەن.

لەبارەی هۆكاری دانیشتنی میسی لەسەر كورسی یەدەگ، یاریدەرەكەی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند: تا كۆتایی مانگی داهاتوو خشتەیەكی چڕوپڕی یاریكردنمان هەیە، بۆیە دەبێت پشوو بە یاریزانەكانمان بدەین، یەكێك لەو یاریزانانەش میسییە.

لە كۆتاییدا رایگەیاند: چەندین بژاردەمان بە ئامادەبوونی میسی و مانەوەی لەسەر كورسی یەدەگ هەیە، چونكە یاریزانی بەتوانامان لە هێڵی هێرشبەردا وەك دێمبێلێ و سوارێز و كۆتینیو هەیە و دەتوانن مەترسییەكی تەواو لەسەر گۆڵی تیپی بەرامبەر دروست بكەن.

جێی باسە میسی دوای هاتنە نێو یاریگە توانی گۆڵێك بۆ لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی دروست كرد و لە كۆتایی یارییەكەشدا لە خولەكی 92 گۆڵی سێیەم بۆ یانەی بەرشەلۆنە تۆمار بكات، بەم سەركەوتنە یانەكە بە 46 خاڵ هەر لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا مایەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م