یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دەستیان بە هەوڵەكانیان كردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ هێرشبەرێكی ئەفریقی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستای یاریزاناندا.
یانەكە لە هەوڵی ئەوەدایە هاوەڵێك بۆ لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی بدۆزێتەوە دوای فرۆشتنی مونیر حەدادی بە یانەی سڤیلییەی ئیسپانی لە چەند رۆژی رابردوودا.
رۆژنامەی (سپۆڕت)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: یانەی بەرشەلۆنە بەدوای ئەوەیە گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێكی پێشووی یانەی ڤیاڕیالی ئیسپانی بكات بە ناوی سیدریك باكامبۆ.
ئەم هێرشبەرە كۆنگۆییە ئێستا لە خولی تۆپی پێی چین لە ریزی یانەی پەكین سینۆبۆ جوان یاریی دەكات كە پارساڵ بە 40 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بەو یانەیەوە كرد.
ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بە ئاستی باكامبۆ سەرسامە كە پێشتر لە كۆی 75 یارییدا لەگەڵ یانەی ڤیاڕیال توانیبووی 32 گۆڵ تۆمار بكات.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە یانەی بەرشەلۆنە دەستەوارەیەكی پێشكەش بە یانە چینییەكە كردبوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ باكامبۆ، بەڵام دەستەوارەكەی رەت كرابووەوە.
یانەكە ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ هێرشبەرە كۆنگۆییەكە رێك بكەوێ بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ بخاتە سەر یانەكەی بەر لە تەواوبوونی ماوەی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان كە ماوەی كەمتر لە 10 رۆژی ماوە.