یانەی لیگانیس لەسەر گۆڵەكەی سوارێز شكایەت دەكات

:: PM:12:40:21/01/2019 ‌

یانەی لیگانیس بڕیاریداوە داوای یاسایی لە یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و لیژنەی ناوبژیوانان تۆمار بكات سەبارەت بە گۆڵەكەی لویس سوارێزی هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە لە یارییەكەی شەوی رابردوودا.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 21ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی لیگانیسی بردەوە.

گۆڵی دووەمی یارییەكە لەلایەن لویس سوارێزەوە تۆمار كرا دوای ئەوەی لیۆنێل میسی تۆپێكی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ كردبوو.

بەرپرسانی یانەی لیگانیس پێیانوایە گۆڵەكەی سوارێز دروست نەبووە بەهۆی ئەوەی بە قاچەكانی لە پیچۆ كۆیلاری گۆڵپارێزی تیپەكەیان داوە، بەڵام ریكاردۆ دی بۆرگۆسی ناوبژیوان ئەمەی بە هەڵە هەژمار نەكرد و بڕیاری لەسەر دروستی گۆڵەكەی دا.

بەرپرسانی یانەی لیگانیس بڕیاریانداوە لە چەند سەعاتی داهاتوو بەفەرمی شكایەت لە یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و لیژنەی ناوبژیوانان تۆمار بكەن لەسەر نادروستی ئەم گۆڵە.

یانەكە دەیەوێ لیژنەی ناوبژیوانان بە وردی و بە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای ڤار (VAR) لێكۆڵینەوە لە گۆڵەكە بكات و پێشیانوایە كە لێدانەكەی سوارێز لەسەر گۆڵپارێزەكەیان مەترسیدار بووە و دەبوو كارتی بەڕوویدا بەرز كرابووایەوە نەك گۆڵەكە هەژمار بكرابووایە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م