سەرمایەی 26 دەوڵەمەند بەرانبەر ناوماڵ و داهاتی نیوەی دانیشتووانی گۆی زەوییە

:: PM:01:09:21/01/2019 ‌

لە كاتێكدایە سەرمایەداران لە دنیادا رۆژانە بە بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار سەرمایەكەیان گەشە دەكات و زیاد دەبێت، نیوەی دانیشتووانی گۆی زەوی كە خەڵكانی هەژارن و لە ژێر هێڵی هەژاریدان، داهاتەكانیان روو لە كەمبوونەوە دەچێت.

بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی "ئۆكسفام ئینتەرناشیوناڵ" كە ئەمڕۆ دووشەم 21ـی كانوونی دووەم/ یەنایەر بڵاو كراوەتەوە، تێیدا ئاماژە بە ژمارەی ملیاردێرانی جیهانی دەكات و دەڵێ، ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كردووە، بە جۆرێك لە دنیا دوو هەزار و 208 ملیاردێر هەن كە سەرمایەكەیان لە هەموو كات زیاترە، ئەمەش لە كاتێكدایە لە نێوان تەنگژەی دارایی جیهانی كە ساڵی 2008 رووی دا تا ئێستە ژمارەی ملیاردێرانی دنیا دوو هێند بووە.

 راگەیاندنی راپۆرتی ساڵانەی ملیاردێرانی دنیا، هاوكاتی كۆنگرەی ئابووری داڤوسی ساڵانەیە كە لە سویسڕا بەڕێوە دەچێت و زۆرترین دەوڵەمەندی هەژموونداری جیهانی لە خۆیدا كۆ دەكاتەوە.

راپۆرتەكە كە لە 106 لاپەڕە پێكهاتووە، ئامۆژگاری دەدات لە فراوانتربوونی نێوانی دەوڵەمەندان و هەژاران كە رۆژ دوای رۆژ زۆر زیاتر لە یەكتر دوور دەكەونەوە، بۆ ئەمەش ئاماژەی بەوە داوە كە تەنیا سەرمایەی 26 ملیاردێری جیهانی كە دەكاتە ترلیۆنێك و 400 ملیار دۆلار لە ساڵی 2018، بەرانبەر بە هەموو ئەو كەلوپەل و پێویستییانەی ژیان و داهاتی ساڵانەی سێ ملیار و 800 ملیۆن مرۆڤی هەژارە لەسەر گۆی زەوی كە دەكاتە نیوەی دانیشتووانی دنیا.
 
بەگوێرەی لیستی "فۆربێس" بۆ ملیاردێرەكان، زۆرینەی ملیاردێرانی جیهانی خەڵكی وڵاتی ئەمەریكان كە رێكخراوی ئۆكسفام پشتی پێ دەبەستێ، لە هەرە دەوڵەمەندەكانیش لەوانە جیف بیزوس خاوەنی ئەمازۆن، بێل گیتس خاوەنی كۆمپانیای مایكڕۆسۆفت، وارین باڤیت لە كۆمپانیای بیركشایەر هاساوای، مارك زوگربێرگ لە فەیسبووك، كە سەرمایەی ئەو چەند كەسە 357 ملیار دۆلار دەبێت.



وشە - فه‌رمان سادق