ماڵێك له‌ هه‌ولێر بۆ دابه‌شكردنی ماده‌ی هۆشبه‌ر ته‌رخان كرابوو.. گیران

:: PM:01:20:21/01/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر گرتنی ژن و پیاوێكی ڕاگەیاند كە كۆمەڵێك كەلوپەلیان پێ بووە و ڕووبەڕووی پۆلیسیش بوونەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 21ـی كانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاترێزگای هەولێر گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوی كردووەتەوە، تیایدا ڕائید شاخەوان بەرپرسی بنكەی پۆلیسی كەسنەزان ئاشكرای كردووە، پاش ئەوەی ئاگەدار كراینەوە لەلایەن هاووڵاتییەك كە ماڵێك خەریكی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەرن و بەردەوام هاتوچۆی لەسەرە، دادوەری لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێرمان ئاگادار كردەوە و فەرمانی گرتن و پشكنینی شوێنەكەش دەرچوو، ئەمڕۆ بەیانی كەلوپەلەكانمان گرت. 

ئەو ئەفسەرەی پۆلیس گوتی، یەكێك لە تۆمەتبارەكان بە چەكی كلاشینكۆف تەقەی لێ كردوون و ڕای كردووە، بەڵام ئۆتۆمبێلەكەی و كەرەستەكان و دوو تۆمەتبار گیراون كە یەكێكیان ئافرەتە.

هاوكات ڕائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەسەر ئەم ڕووداوە دەڵێت، لە پاسپۆرتی ئەو تۆمەتبارانەدا دیارە كە چوونەتە چ وڵاتێك و ڕێوشوێنی یاساییان دەرهەق دەگیرێتە بەر.

گرتنی ئەو ژن و پیاوە لە كاتێكە لە ماوەی ڕابردوو چەند هەڵمەتی جۆراوجۆر بۆ ئەوكەسانە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.




وشە - رامیار جەواد