یەكگرتوو وەڵامێكی توندی نەوەی نوێ‌ دەداتەوە

:: PM:01:51:21/01/2019 ‌
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەڵامێكی توندی نەوەی نوێ‌ دەداتەوە و ئاشكرای دەكات ئێمە خاوەن بەرنامەی خۆمانین و ئەگەر خاڵی ناكۆكیش هەبێت لەگەڵ حزبێك ئەوا خاڵی هاوبەشیش هەیە.

ئەمڕۆ دووشەم 21ـی كانوونی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەناوی خەلیل ئیبراهیم گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ وەڵامی نەوەی نوێ‌ هاتووە، ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان خاوەنی پرۆژەیەكی سیاسی و فیكری و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی خۆمانین و چارەكە سەدەیەكە لەم گۆرەپانە سیاسیە ئاڵۆزەدا گەرما و سەرما و هەوراز و نشێومان تێپەراندووە و بەردەوام سەربەخۆ بووین لە هەڵوێست و بڕیار و هەڵسوكەوتەكانماندا و هەرگیز كەس بە شایەنی سەرمەشق و وەسی بوونی خۆمان نازانین. 

خەلیل ئیبراهیم ئاشكرای كردووە، بەبەرنامە و پلانی خۆمان لە دەسەڵاتدا بەشداریمان كردووە و ئێستەش بە ئیرادە و بەرنامەی خۆمان ئۆپۆزسیۆنی ئەكەین و سورین لەسەری .. سەربەخۆیی بڕیار و هەڵوێست دروشمی خەباتمانە و باجی زۆریشمان لەو پێناوەدا داوە و ملمان بە هیچ هێزێكی ناوخۆیی و ناوچەیی نەداوە. 

گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی ئاماژەی داوە، خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ هێزە سیاسیەكان هەیە و دەست بەرداری نابین . هەروەك رێز لە خاڵە جیاوازیەكانیش دەگرین بە مەرجی ئەوەی كە بەرانبەریش سنووری خۆی بزانێ، هەروەها ئەوەی كە گوایە ( جوڵانەوەی نەوەی نوێ ) و میدیاكەیان دەریان بڕیووە دەربارەی كۆبوونەوەی ئەمینداری گشتی لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی هەڵە خوێندنەوەیە لە خۆیان و لە ئێمەش، هیچ كات ئێمە لەیەكگرتوو بە خەیاڵیشماندا نەهاتووە ژێرباری نەهیچ و سەلیقەی سیاسی كەس بكەوین تا ئێستە ئەوان لە پلەو پایەی هاوپەیمانی خۆیان مەحروممان بكەن. 




وشە - رامیار جەواد