بە تەمەنترین پیاوی دنیا گیانی لە دەست دا

:: PM:02:09:21/01/2019 ‌
راگری جیهان، یان بە تەمەنترین پیاوی دنیا لە تەمەنی 113 ساڵی لە ماڵەكەی خۆیدا لە باكوری ژاپۆن گیانی لە دەستدا، نەوەكەی دەڵێ باپیریان هیچ نەخۆشییەكی نەبووە و بە مردنێكی ئاسایی گیانی لە دەستداوە.

ماسازو نوناكا بە تەمەنترین پیاو لەسەر گۆی زەوی شەوی رابردوو لە تەمەنی 113 ساڵ و چەند مانگێك كە هەڵگری نازناوی گەورەترین بە تەمەنە لە جیهان، لە ماڵەكەی خۆیدا گیانی لە دەستدا.
خانەوادەی ماسازو نوناكا،  رایان گەیاند كە ماسازو بەرەبەیانی رۆژی یەكشەم 21ـی كانوونی دووەم/ یەنایەر، لەو كاتەی لە ماڵەكەی خۆیدا خەوتبوو لە دوورگەی هوكادیۆ لە باكوری ژاپۆن، گیانی لە دەستداوە.
 پزیشكی خانەوادەكە دەڵێ مردنی ماسازو، مردنێكی ئاسایی بووە، یوكو نوناكۆی نەوەی ماسازوش پشتڕاستی قسەكانی پزیشكی خانەوادەكەی كرد، گوتی "برا گەورەكەم تێبینی كرد كە باپیرەم لە كاتی خەوتنیدا هەناسە نادات".
 زیاتر گوتی "باپیرەم هیچ كێشەیەكی تەندروستی نەبوو، ئەو بە تەندروستییەكی باشەوە جێی هێشتین".

جێی باسە نوناكا كە ئارەزووی زۆری لە شیرنەمەنی بوو، لە 25ـی تەمووز، یۆلیۆی 1905 لە دایك بووە، ناویشی وەك بە تەمەنترین مرۆڤ لەسەر زەوی لە كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان، لە تەمەنی 112 ساڵ و 259 رۆژ، لە مانگی نیسان/ ئەپرێلی رابردوو تۆمار كرا، بەو پێیە بێت ئێستە نوناكا تەمەنی 113 ساڵ و چەند مانگێك دەبێت.



وشە - فه‌رمان سادق