بەهۆی سهرما و بهستنی شهقامهكان لەسەر ڕێگای گشتیی نێوان شاری دهۆک و شارۆکەی زاوێتە، نیوهڕۆی ئهمڕۆ سێ ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان دا، بەمەش ڕووداوەکانی زاوێتە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو زیادیان كرد.
ئازاد تەها بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی دهۆک بە"وشە"ی ڕاگەیاند: لە ماوەی سێ سەعاتی ڕابردوو لە سنووری شارۆکەی زاوێتە سێ ڕووداوی هاتوچۆ روویان داوه، هەر چەندە ڕووداوەکان زیانی گیانییان نەبووه، بەڵام زیانی زۆری ماددی هەبووە.
زیاتر گوتی: هۆکاری ئەو ڕووداوانە بۆ دروستبوونی بەستەڵهک لەسەر ڕێگای گشتی نێوان شاری دهۆک و شارۆکەی زاوێتە دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە شۆفێران زۆر ئاگاداری خۆیان بن بەتایبەتی بەیانیان چونکە شەقامەکان بەهۆی بەفرەوە بوونەتە بەستەڵەک و ئۆتۆمبێلەکان دەخلیسکێن.
ڕێگای زاوێتە یەکێکە لە ڕێگا خێراکان و شاری دهۆک بە شارۆکەی ئامێدی و دەڤەری بارزان دەبەستێت، بەهۆی ئەوەی لە سنووری شارۆکەی ئامێدی بەفرێکی زۆر باریوە خەڵكێكی زۆر سەردانی ناوچە بەفرینەکان دەکەن بە تایبەتی بو چیای گارە و کانی ماسێ و ئینشکێ و سەرسەنگ.
بەپێی زانیارییەکانی وشە، لە ماوەی چەند روژی ڕابردوو نزیکەی 20 ڕووداوی هاتووچۆ بەهۆی بهفر و سهرماوه له ڕێگای گشتی زاوێتە ڕوویان داوە و نزیکەی 10 کەس بریندار بوون و زیانی زۆری ماددی بەر شوفێران کەوتووە، ئێسته ڕێگاکە بە مەرگی سارد لەنێو خەڵک و شوفێران ناسراوه.
زاوێتە/ نەوزاد هلۆری