لەسەر كامێرا جێگیر كراوەكان هاتوچۆی هەولێر و سلێمانی و دهۆك ڕوونكردنەوە دەدەن

:: PM:03:24:21/01/2019 ‌
تا ئێستا كامێرا جێگیرەكانی سلێمانی نەخراونەتە كار و هیچ وادەیەكیش نییە بۆ كەوتنە كاریان، هاتوچۆی هەولێریش دەڵێت، تەواوی كامێرا جێگیرەكانی شارەكە كار دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 21ی كانوونی دووەم، فازیل حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی راگەیاند، تەواوی كامێرا جێگیرەكانی ناو شاری هەولێر كار دەكەن و سیستەمەكە وەك سیستمی سلێمانی نییە، چونكە هاتوچۆ خۆی كارەكانی كردووە نەك كۆمپانیا.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو سیستمی كامێرا جێگیرانە هەمان سیستمی دوبەیە هێناومانە و هەر كامێرا ئاساییەكانن كراونەتە ناو بۆكسەكەوە و دانراون.

ڕوونیشی كردەوە كە ژمارەی كامێرا جێگیرەكانی ناو شاری هەولێر 22 دانەیە و ژمارەی بۆكسەكانیش 25 دانەیە، واتە هەندێكجار سێ لە بۆكسەكان كامێرایان تێدانیە.

لای خۆیەوە ئازاد تەها گوتەبێژی هاتوچۆی دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، تەواوی كامێرا جێگیرەكانی ناو شاری دهۆك و ناوچەكانی دەوروبەری كاردەكەن و هیچ كێشەیەكیان نییە. ڕوونیشی كردەوە كە كامێرا جێگیرەكان بۆ زاخۆ و ئاكرێ و ناوچەكانی تر دانراون و ئەوانیش كاردەكەن.

ئاكام عەلی بەرپرسی بەشی كامێراكان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بوونی كێشە لە سیستمی سۆفی وێردەكە تا ئێستە نەتوانراوە كامێرا جێگیرەكانی سلێمانی كاریان پێ بكرێت.

زیاتر گوتی، ژمارەی كامێرا جێگیرەكانی ناو شاری سلێمانی 21 دانەیە و ئەوانەی لە ناو بۆكسدان 32 دانەن و دەتوانرێت شوێنیان بگۆڕدرێت.

لەماوەی ڕابردوو بەشێكی زۆر لە كامێرای چاودێری جێگیر كراو لە شەقامەكانی هەرسێ‌ پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی دانران و ئێستە وەك بەرپرسانی هاتوچۆ دەڵێن، ڕۆڵی گرنگیان لە كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ هەبووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم