رۆژنامه‌ى تایمزى به‌ریتانى ئاشكراى ده‌كات، په‌یه‌ده ئاماده‌یه ناوچه سنوورییه‌كان به رژێمى ئه‌سه‌د بداته‌وه، له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌و رژێمه ددان به ده‌سه‌ڵاتى كانتۆنه‌كان بنێت.
له راپۆرتێكدا رۆژنامه‌ى تایمزى به‌ریتانى باس له‌و خاڵانه ده‌كات كه په‌یه‌ده و رژێمى سووریا دانووستاندنى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و دانووستاندنه‌كه‌ش به سه‌رپه‌رشتى رووسیا به‌ڕێوه ده‌چێت.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل" یه‌په‌گه"، له هێرشه‌كانى توركیا ده‌ترسێت بۆیه ده‌یه‌وێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ رژێمى ئه‌سه‌د بكات و ته‌نانه‌ت په‌یه‌ده كه باڵى سیاسی یه‌په‌گه‌یه به‌وه رازى بووه ناوچه سنوورییه‌كان به رژێمى ئه‌سه‌د بداته‌وه، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ردا ده‌بێت رژێمه‌كه ددان به ده‌سه‌ڵاتى كانتۆنه‌كان بنێت.
ته‌نانه‌ت ئاماژه بۆ ئه‌وه‌یش كراوه، ئه‌و هێزه كوردییه رازییه له سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌دا ناوچه كوردییه‌كان به‌ده‌ست دیمه‌شقه‌وه بێت، به‌ڵام ئه‌ركى دارایى و فێركردن و باج و چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكى تر‌ى ناوخۆ به په‌یه‌ده بدرێت.
ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه باس له‌وه ده‌كرێت په‌یه‌ده و رژێمى ئه‌سه‌د دانووستاندن ده‌كه‌ن، پێشتر به‌رپرسانى دیمه‌شق رایان گه‌یاندبوو ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ هێزه كوردییه‌كان دابنیشن، به‌مه‌رجێك باسى "فیدڕاڵى" نه‌كه‌ن.