جیا لە بەشە بودجەی هەرێم بڕە پارەیەكی تر بۆ چەند شارێك تەرخان دەكرێ‌

:: PM:07:23:21/01/2019 ‌
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، جیا لە پشكی كورد لە بودجەی گشتیی عێراق بڕە پارەیەك بۆ چەند شار و شارۆكەیەكی هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە و چاوەڕوان دەكرێ‌ لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێ‌.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 21ی كانوونی دووەم، ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، لە دەرەوەی پشكی هەرێم و لە بودجەی گشتیی چەند بڕە پارەیەك بۆ هەڵەبجە و قەڵادزێ و سۆران و دهۆك جێگیر كراوە.

روونیشی كردووەتەوە كە، لە سەرداوای پەرلەمانتارە كوردەكانی لیژنەی دارایی  بۆ هەڵەبجە دوو ملیار دینار و  بۆ قەڵادزێ دوو ملیار دیناری تر تەرخان كراوە.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە كە بۆ دهۆك ملیارێك دینار و بۆ سۆران ملیارێكی  تر تەرخان كراوە.

ئەحمەد حاجی رەشید هێمای بۆ ئەوە كردووە كە لە لیژنەی دارایی ئەو بڕیارە جێگیر كراوە و چاوەرێ دەكرێ لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، هەروەك دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە ئەو پارانە پێوەندی بە پشكی هەرێمەوە نیە و تایبەت دەكرێن بە پرۆژەی جیا جیای ئاوەدانكردنەوە.

بودجەی گشتیی عێراق ئێستە ئامادەكاری بۆ دەكرێ‌ و تا ئێستە تەنیا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا بخرێتە بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم