لەسەر ئەوەی ئاو لە ئۆتۆمبێلی ئاگر كوژێنەوە نەبووە لێكۆڵینەوە لەگەڵ شۆفێرێك دەكرێ‌

:: PM:08:37:21/01/2019 ‌
دوای ئەوەی رۆژی 19ی ئەم مانگە لەسەر ڕێی كانی پانكە بۆ سەیدسادق ئۆتۆمبێلێكی جۆری مینی پاسی گواستنەوەی هاووڵاتییان ئاگری تێبەربوو، ئەندامێكی ئەنجوومەنیش دەڵێت، گومان لە ئاگركوژێنەوەكە هەیە ئاوی تێدا نەبووە و لێكۆلینەوە دەكەین.

ئەنوەر تاهیر ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێكی مینی پاس لەو ڕێگایە ئاگری تێبەربوو لیژنەی ناوخۆی ئەنجوومەن دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە لەسەر‌ راستی ڕووداوەكە بە تایبەت ئۆتۆمبێلی ئاگر كوژێنەوەكە.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەوەی گومانی لەسەر هەیە ئاگر كوژێنەوەكە سەرەتا كەمێك ئاو هەڵدەدات و دواتر دەوەستێت كە ئەوەش پێدەچێت بەهۆی نەبوونی ئاو تێیدا وەستابێت و كەمتەرخەمی هەبووبێت.

ئەندامەكەی ئەنجوومەن گوتی، لە ڕێی پارێزگارەوە بەدواداچوونی ورد لەسەر ئەوە دەكەین ئایا تانكەری ئاگر كوژێنەوەكە ئاوی تێدا نەبووە یان ئامێری ئاو هەڵدانەكە بەهۆی كێشەی تەكنیكی لەكار وەستاوە.

ئەو مینی پاسە تایبەت بووە بە گواستنەوەی هاووڵاتییان لە ناو سلێمانی بۆ دەرەوەی سلێمانی و  12 هاووڵاتیی تێدابووە و دوای ئەوەی ئاگر كوژێنەوە هاتووەتە سەر ئۆتۆمبێلە سووتاوەكە بەهۆی نەمانی ئاو تێیدا ئۆتۆمبێلەكە بە تەواوی سووتاوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم