یەكێتی مامۆستایان: مامۆستایانی گرێبەست دەكرێن بە هەمیشەیی

:: PM:09:47:21/01/2019 ‌
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕای گەیاند، كاری زۆر كراوە بۆ ئەوەی مامۆستایانی گرێبەست  بكرێن بە هەمیشەیی و حكوومەت بڕیاری داوە لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەم ساڵی هەرێمی كوردستان لە پێشینەی كارەكانی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست بێت.

ماوەی چەند ساڵێكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی میلاكەكانی وەزارەتی پەروەردە مامۆستایان بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێنێت و مامۆستایانی گرێبەستیش كە ژمارەیان پێنج هەزار مامۆستایە داوا دەكەن بكرێن بە هەمیشەیی.

ئەمڕۆ دووشەم 21ی كانوونی دووەم، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پشتگیری لە مامۆستایانی گرێبەست دەكەن بۆ ئەوەی ببنە هەمیشەیی و لەگەڵ وەزارەتی دارایی و حكوومەت بەردەوام لەسەر هێڵن لەبارەی ئەو پرسەوە.

ڕوونیشی كردەوە كە وەزارەتی دارایی بڕیاری داوە لەكاتی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم ساڵ كۆمەڵێك پلەی وەزیفی بۆ دامەزراندن دادەنێن كە لەپێشینەی كارەكان بۆ گرێبەستەكانی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دەبێت.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لەكاتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەسەندكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان یەكێك لە خاڵەكانی ئەو بودجەیە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەستە، چونكە هەوڵی زۆری بۆ دراوە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم


وشە - سه‌رخێڵ هاشم