چاڵى حكوومی و تاسه‌ى خه‌ڵک ئۆتۆمبێلى كوردستان هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌

:: PM:09:50:21/01/2019 ‌
"ئۆتۆمبێلی كوردستان له‌ پۆڵایش دروست بكرێ، به‌شى ساڵێك ناكات"


زۆربوونى چاڵ و تاسه‌ له‌ناو شه‌قامه‌كانى كوردستان، ته‌نگى به‌ شوفێر هه‌ڵچنیوه‌ و زۆربوونى تاسه‌ى ده‌ستكردی هاووڵاتییانیش كێشه‌یه‌كى ترى هاتوچۆیه‌. به‌رپرسانى هاتوچۆ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، نازانن فریاى كامه‌یان بكه‌ون. خاوه‌نی پێشانگه‌یه‌كیش ده‌ڵێ، ئۆتۆمبێلی كوردستان له‌ پۆڵایش پێشى بۆ دروست بكرێت، به‌شى ساڵێك ناكات.

ماوه‌ی چوار ساڵه‌ پرۆژه‌كانی شه‌قام و نوێكردنه‌وه‌ له‌ ته‌واوی سست بوون و به‌هۆیه‌وه‌ نه‌ك رێوبانی ده‌ره‌وه‌ وێران بووه‌، ناوشاره‌كانیش پڕٍ بووه‌ له‌ چاڵ و تاسه‌ و لاسه‌نگی شه‌قام، ئه‌مه‌یش بێزاری شۆفێر و خه‌رجی زیاده‌ی دروست كردووه‌.

ئاده‌م كه‌ریم هاووڵاتییه‌كى دانیشتووى شارى سلێمانییه‌، له‌ ناوچه‌ى پیشه‌سازى له‌لاى وه‌ستایه‌ك خه‌ریكى كردنه‌وه‌ى پێشى ئۆتۆمبێله‌كه‌یه‌تى. ئه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ توندكردنه‌وه‌ى پێشى ئۆتۆمبێل بووه‌ته‌ دیارده‌ و هێنده‌ تاسه‌ زۆر بووه‌، ده‌بێ شه‌ش بۆ هه‌شت مانگ جارێك پێشى توند بكه‌یته‌وه‌.

ئه‌و هاووڵاتییه‌ بۆ "وشه‌" گوتى، "تاسه‌ و قۆرت هێنده‌ زۆر بوون، هاژوتن چێژی نه‌ماوه‌ و هاووڵاتییانى تووشى نیگه‌رانى كردووه‌ و كه‌س نازانێ هه‌قى خۆى له‌ كێ داوا بكات، ئه‌گه‌رنا ئه‌مه‌ چ ناهه‌قییه‌كه‌ تۆ له‌ ساڵێكدا 300 هه‌زار دینار بۆ توندكردنه‌وه‌ى پێشى ئۆتۆمبێل خه‌رج بكه‌یت".

وه‌ك ئه‌و شۆفێره‌ روونی كرده‌وه‌، ده‌بڵ و بووش ته‌بڵه‌ی ئۆتۆمبێل بوونه‌ته‌ كێشه‌ى به‌رده‌وامى ئێمه‌ و ته‌قه‌ و ڕه‌قه‌ى دنیامان لێ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ داواكارین به‌رپرسانى حكوومه‌ت ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه‌ له‌ هه‌ندێك كۆڵان سێ تاسه‌ له‌ به‌رده‌م سێ خانووى 100 مه‌ترى هه‌یه‌ كه‌ پانیی هه‌ریه‌كه‌یان پێنج مه‌تر پێنج مه‌تره‌ و كۆڵانه‌كه‌یش خۆی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ پانه‌.

زاهیر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی كۆیه‌، بۆ "وشه‌"ـی گوتى، به‌شێك له‌ شه‌قامه‌كانی كۆیه‌ دوای ئه‌و بارانبارینه‌ زۆره‌ی مانگی ڕابردوو، چاڵی و قۆڵته‌كانی تێدا ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه‌.

به‌گوته‌ی خۆی، "چاككردنه‌وه‌ی شه‌قام به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌وكاته‌ی ساڵدا هه‌ر شه‌قامێكیش چاك بكرێته‌وه‌، 20 ڕۆژ دواتر قۆڵته‌كان دروست ده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها شه‌قام هه‌یه‌ ئێسته‌ كاره‌كانی وه‌ستاوه‌ به‌هۆی هه‌ره‌سی پڕۆژه‌كه‌ و خراپی دروستكردن".

به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی هاتوچۆ ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه‌ كه‌ خراپى شه‌قامه‌كان كێشه‌یه‌كى به‌رده‌وامى شارۆكه‌ى كۆیه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر شوفێر پابه‌ندى ڕێنوێنییه‌كان بن، تا ئاستێك ڕووداوه‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه‌ و گیانى شوفێران زیاتر پارێزراو ده‌بێت و هاووڵاتییان زیان ناكه‌ن.

ئه‌ندازیار قادر شه‌ریف هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر له‌ ئه‌ندازه‌ى ئۆتۆمبێل بۆ "وشه‌" گوتى، زیانه‌كانی تاسه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ ئۆتۆمبێل زۆرن، تاسه‌ یان له‌مپه‌ره‌كانی هاتوچۆ بۆ سه‌لامه‌تی خه‌ڵك و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕووداوی هاتوچۆ داده‌نرێن، به‌ڵام زۆربه‌ی له‌مپه‌ره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی رۆژهه‌ڵاتی دانراون ‌و دیزاینه‌كه‌یان نازانستییه‌ و زیان به‌ ئۆتۆمۆبێل ده‌گه‌یه‌نن.

ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ له‌باره‌ى زیانى تاسه‌كان ئاشكراى كرد، ده‌بێته‌ هۆی شكانی له‌ویی ته‌گه‌ره‌كان و ده‌بڵه‌كان ده‌ته‌قێت یان ته‌مه‌نیان كه‌م ده‌كاته‌وه‌، شكانی سه‌موونه‌ی ته‌گه‌ری ئۆتۆمبێل، هه‌روه‌ها كێشه‌ له‌ بۆڵت و گراین شه‌فتدا دروست ده‌كات.

ئاماژه‌ى دا، ئێسته‌ كێشه‌یه‌ك له‌ زۆربه‌ى ئۆتۆمبێله‌كانى كوردستان هه‌یه‌ كه‌ هۆكاره‌كه‌ی تاسه‌كانه‌، ئه‌ویش كێشه‌ له‌ پاوه‌ری سوكاندا دروست ده‌بێت كه‌ هاوسه‌نگی ئۆتۆمبێل تێك ده‌دات ‌و له‌كاتی ده‌ستبه‌ردان له‌ سوكان ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ له‌خۆیه‌وه‌ لار ده‌ڕوات.

هاوكات سه‌عید شێخ قادر خۆشناو خاوه‌نى یه‌كێك له‌ پێشانگه‌كانى ئۆتۆمبێل له‌ هه‌ولێر، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێش و پشتى ئۆتۆمبێل و مانه‌وه‌ى به‌ توندوتۆڵى، ئێسته‌ بووه‌ته‌ مه‌رجى كڕین و فرۆشتن.

ئه‌و خاوه‌ن پێشانگه‌یه‌ بۆ "وشه‌" ده‌ڵێ، "به‌شێك له‌ كڕیاران ئێسته‌ به‌دواى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ كه‌متر پێشى شل ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ شلبوونه‌وه‌ى پێشی ئۆتۆمبێل و ته‌قه‌ ته‌ق، ئێسته‌ زۆر له‌ هاووڵاتییانى تووشى نیگه‌رانى كردووه‌.

ئه‌وه‌یشی گوت كه‌ ئۆتۆمبێلیان لایه‌ له‌و وڵاته‌ى دروست كراوه‌ سێ ساڵ گه‌ره‌نتی ده‌كرێت، كه‌چى شلبوونه‌وه‌ى پێشه‌وه‌ى ئۆتۆمبێله‌كان بووه‌ته‌ كێشه‌ى نێوان ئێمه‌ و به‌كاربه‌ر، ده‌بێ له‌سه‌ر حیسابى خۆمان بۆیان چاك بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌و كۆمپانیایه‌ى ئۆتۆمبێلیشى لێ ده‌هێنین، سه‌ریان سوڕماوه‌ له‌وه‌ى وازوو پێشى ئۆتۆمبێل شل ده‌بێته‌وه‌.

"ئه‌گه‌ر پێشى ئۆتۆمبێل له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ پۆڵایش دروست بكرێت به‌شى ساڵێك ناكات، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى ئه‌و جۆره‌ ئۆتۆمبێله‌ى ئێمه‌ به‌كار دێنن، هێنده‌ تاسه‌ و قۆڵتى لێ نییه‌". به‌گوته‌ى سه‌عیدى خاوه‌ن پێشانگه‌.

هه‌رچى هاتوچۆى هه‌ولێره‌ نایشارنه‌وه‌ كه‌ تاسه‌كان به‌شێكى له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ به‌ زێده‌ڕۆیى دروست ده‌كرێن، به‌ڵام له‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ڕێ ناده‌ن ئه‌و تاسانه‌ دروست بكرێن.

فازڵ حاجى به‌ڕێوه‌به‌رى ڕاگه‌یاندنى هاتوچۆى هه‌ولێر، بۆ "وشه‌" گوتى، "دروستكردنى تاسه‌ و دیاركردنى شوێنه‌كانى له‌ ده‌سه‌ڵاتى هاتوچۆى هه‌ولێره‌، له‌ چه‌ند شوێنێك و به‌ چه‌ند مه‌رجێك دروست ده‌كرێن، ڕێیش به‌ هاووڵاتییان نادرێت له‌ شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان دروستى بكه‌ن".

"شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و به‌رده‌م شوێنه‌كانى په‌ڕینه‌وه‌ و سه‌ر فولكه‌كان و به‌رده‌م قوتابخانه‌كان، زۆرترین تاسه‌یان لێ دروست ده‌كرێت و ئه‌وه‌یشى له‌ شه‌قامه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌كرێت، پێویسته‌ به‌رپرسانى شاره‌وانى به‌دواداچوونى بۆ بكه‌ن و ڕێگرى بكه‌ن". به‌گوته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى هاتوچۆى هه‌ولێر.




وشە - رامیار جەواد