مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له قاهیره دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه مانگی داهاتوو واته شوبات /فێبرایه‌ر له وارشۆی پایته‌ختی پۆله‌ندا كۆنگره‌یه‌كی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی به به‌شداری 80 وڵات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران ساز ده‌كرێ، ڕێكخراو و بزووتنه‌وه‌ی دژ به جه‌نگ هه‌وڵی شكستهێنان به‌و كۆنگره‌یه ده‌ده‌ن و ئه‌وروپایش له به‌رده‌م شه‌رمه‌زارییه‌كی زۆردایه، چونكه تا ئێسته له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران نه‌كشاوه‌ته‌وه و ناشكرێ به‌شداری له كۆنگره‌یه‌ك دژی تاران بكات، بۆیه چاره‌نووسی كۆنگره‌كه‌ی واشنتن له وارشۆ له لێوان مه‌رگ و ژیاندایه.
دوای ئه‌وه‌ی تره‌مپ كشانه‌وه‌ی له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران ڕاگه‌یاند كه له 2015 له سه‌رده‌می باراك ئۆباما واژووكرا، جارێكی تریش گه‌مارۆ و سزا قورسه‌كانی به‌سه‌ر تاران سه‌پانده‌وه، پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته به ته‌واوی ڕووی له گرژی كرده‌وه و شه‌ڕی به وه‌كاله‌ت و دیپلۆماسی دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كتر له وڵاتانی تری ناوچه‌كه به چڕی ده‌ستی پێكردووه. به تایبه‌ت له یه‌مه‌ن و سووریا و عێراق و لبنان.
له دوا هه‌نگاویش دا واشنتن له زاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به به‌شداری نوێنه‌ری 80 وڵات و سێ هه‌زار و 700 كه‌س له مانگی شوبات /فێبرایه‌ری داهاتوو له وارشۆی پایته‌ختی
پۆله‌ندا ڕاگه‌یاند، تاران به توندی دژی ئه‌و هه‌وڵه‌ی واشنتن وه‌ستاوه‌ته‌وه و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بانگهێشتی باڵوێز و نوێنه‌رانی پۆله‌ندای كرد و ناڕه‌زایی توندی حكوومه‌تی تارانی پێ ڕاگه‌یاندن، به‌هۆی میوانداریكردنی كۆنگره‌یه‌كی دژ به وڵاته‌كه.
هاوكات محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له تویته‌ری خۆی بڵاوی كرده‌وه، كه چاره‌نووسی كۆنگره‌كه‌ی پۆله‌ندایش هاوشێوه‌ی كۆنگره‌ی شه‌رم شێخ ده‌بێ كه له 1996 له‌لایه‌ن بیل كلینتن و حوسنی موباره‌ك و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی ئیسرائیل شیمۆن پێرێز و یاسر عه‌ره‌فات و مه‌لیك حوسێنی پاشای ئوردن و سه‌رۆكی ڕووسیا بۆریس یلتسن به‌سترا و هیچ ئه‌نجامێكی به‌ده‌سته‌وه نه‌دا.
زه‌ریف ئه‌وه‌یشی بیری پۆله‌ندییه‌كان هێنایه‌وه، كه ئێران له كاتی جه‌نگی دووه‌می جیهان ده‌ستی برایه‌تی بۆ خه‌ڵكی وڵاته‌كه درێژ كرد و ژماره‌یه‌كی زۆر له په‌نابه‌رانی پۆله‌ندا له شیراز حه‌وێنرانه‌وه و هه‌موو كۆمه‌كێكیان پێشكه‌ش كرا، بۆیه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكوومه‌تی وارشۆ پێچه‌وانه‌ی برایه‌تی نێوان هه‌ردوو وڵاته.
یه‌كێتی ئه‌وروپا تا ئێسته به فه‌رمی هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر به‌شداری و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كۆنگره‌كه ده‌رنه‌بڕیوه، ڕۆژنامه‌ی وۆل ستریت جۆرنالی ئه‌مه‌ریكی له زاری دیپلۆماتكارانه‌وه ئاشكرای كرد، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا "فیدریكا مۆگرینی" به‌شداری له كۆنگره‌كه‌ی وارشۆ ناكات، جیا له‌وه‌یش وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌یان ناچنه كۆنگره‌كه‌وه.
ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵی ئێران " ئیرنا"یش ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی بزووتنه‌وه‌ی كۆد پینك بڵاوكرده‌وه، كه گرووپێكی دژه جه‌نگن له ئه‌مه‌ریكا، له ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌و گرووپه هاتووه، مۆگرینی ناچێته كۆنگره‌كه و هیچ به‌رپرسێكی باڵای تری ئه‌وروپایش به‌شداری ناكات، هه‌رچه‌نده میدیا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پرسیاریان له نووسینگه‌ی فیدریكا مۆگرینی كردووه، به‌ڵام تا ئێسته به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌شداربوون و نه‌بوونی پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه.
زانیارییه دزه‌پێكراوه‌كان دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه یه‌كێتی ئه‌وروپا نیگه‌رانه له‌و هه‌وڵه‌ی واشنتن، چونكه له‌لایه‌كه‌وه تا ئێسته پشتیوانی له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كه‌ن و له‌لایه‌كی تره‌وه‌یش ناتوانن بچنه كۆنگره‌یه‌كی دژ به ئێران له كاتێكدا پابه‌ندبوونی خۆیان به ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی دووپات ده‌كه‌نه‌وه، دیپلۆماتكاران هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا داوایان له واشنتن كردووه، تووشی ئه‌و شه‌رمه‌زارییه‌یان نه‌كات و نه‌یانخاته ناو هه‌ڵوێستی یه‌كلاكه‌ره‌وه، بۆیه به پێویستیان زانیوه، ناوی كۆنگره‌كه له كۆنگره‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران، بكرێ به كۆنگره‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و توندڕۆی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌وكات ئه‌وان به ئاسایی به‌شداری له كۆنگره‌كه ده‌كه‌ن.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی پۆله‌ندایش له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاوی كرده‌وه، له وارشۆی پایته‌ختی وڵات له ڕۆژانی 13 و 14ی شوبات / فێبرایه‌ر كۆنگره‌یه‌ك بۆ به‌هێزكردنی داهاتووی ئاشتی و ئاسایش له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌به‌سترێ، به بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئێران له تایتڵی كۆنگره‌كه بهێنرێت. له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی كۆنگره‌كه‌یش ورده‌كاری زیاتری خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی دا، كه ئامانجی سه‌ره‌كی كۆنگره‌كه تیرۆر و توندڕۆیی و گه‌شه‌پێدانی مووشه‌ك و بڵاوبوونه‌وه‌ی له ناوچه‌كه و بازرگانی ده‌ریایی و بواری ئاسایش و هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌بێ له‌لایه‌ن گرووپ و هێزه بریكاره‌كان كه له ناوچه‌كه ده‌جه‌نگن.
گرووپی كۆد پینك كه پشتیوانی سه‌رسه‌ختی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمییه له‌گه‌ڵ ئێران و به توندی سه‌ركۆنه‌ی بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ ده‌كات له‌م دواییه ئاشكرای كرد، كه شاندێكی ئاشتییان ڕه‌وانه‌ی تاران كردووه، بۆیه ئه‌وان به توندی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌وڵه‌ی واشنتن وه‌ستاونه‌ته‌وه و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌م كاره‌ی واشنتن، هه‌مان چاره‌نووسی كۆنگره‌ی هاوڕێیانی سووریای ده‌بێت، كه ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی سازیان كرد بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام نه ئامانجه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت و نه ناوی كۆنگره‌كه‌یش مایه‌وه و نه هیچ شتێكی لێ ڕوا و ئه‌سه‌دیش هه‌ر له ده‌سه‌ڵات ماوه‌ته‌وه و ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌شداری كۆنگره‌كه‌یان كرد، بڕیاره له‌م نزیكانه باڵوێزخانه له دیمه‌شق بكه‌نه‌وه و پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د ئاسایی بكه‌نه‌وه، بۆیه كۆنگره‌كه‌ی وارشۆیش هێنده كاریگه‌ری ده‌بێ و هیچ ئه‌نجام و ئامانجێكی به‌دی نایه‌ت.