ئەمڕۆ بڕیارە گرنگەكە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەدرێت

:: AM:08:38:22/01/2019 ‌
بڕیارە لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2019 بكرێت و بڕگە و مادەكانی بخرێتە دەنگدان كە بەشێكی گرنگی پێوەستە بە هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی كانوونی دووەم، ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دارایی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە نێوان هەموو فڕاكسیۆنە كوردییەكان گفتوگۆ كراوە لەسەر بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان، هەموومان لەسەر ئەوە كۆك بووین دەستبردن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەن بەڕێوە دەچێت لەگەڵ شیعە و سوننە گفتوگۆمان كردووە لەكاتی گفتوگۆكردن لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دژبەری دروست نەبێت.

ئاشكرای كرد، هەموو هەوڵەكان ئێستە لەلایەن فڕاكسیۆنە كوردییەكان بەرلە چوونە ناو هۆڵی پەرلەمان ئەوەیە دەستكاری مووچە و بودجە نەكرێت كە بەشی هەرێمی كوردستانە.

بەپێی ئەو بڕگانەی لە پڕِۆژە یاسای بودجەی عێراق دیاری كراوە، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە 500 ملیار دینار زیاتر دانراوە ئەگەر نەوتیش ڕادەستی بەغدا نەكرێت.

لە بڕگەیەكیدا هاتووە ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوتەكەی لەڕێی سۆمۆوە ڕەوانە بكات، ئەوا عێراق پابەندە بە پێدانی بڕی 10 ترلیۆن دیناری عێراقی بە هەرێمی كوردستان.

لە 2014ەوە بەهۆی بڕینی بودجەی كوردستان، هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی تووشی تەنگژەیەكی قورسی دارایی بوون و پێشبینی دەكرێ لە سەردەمی حكوومەتی نوێ بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی، بودجە و پشكی كوردستان بۆ هەولێر ڕەوانە بكرێتەوە و ژیانی خەڵك ئاسایی ببێتەوە و تەنگژەكان كۆتاییان پێ بێت.



وشە - رامیار جەواد