جامی ئاسیا 2019.. سعوودییە ماڵئاوایی كرد و ئەمڕۆش عێراق دەجەنگێ

:: AM:09:46:22/01/2019 ‌

دوێنێ دووشەم لە چوارچێوەی یارییەكانی قۆناغی 16ی جامی ئاسیای 2019 هەڵبژاردەكانی سعوودیە و ئۆزباكستان و قیرغیستان ماڵئاوایی یەكجارییان كرد و ئەمڕۆ سێشەمیش هەڵبژاردەی عێراق زەحمەتترین تاقیكردنەوەی لە پاڵەوانیەتییەكەدا هەیە.

هەڵبژاردەی سعوودییە كە یەكێك بوو لە پاڵێوراوەكان بۆ بردنەوەی جامی ئاسیای 2019، دوێنێ دووشەم لە سەر دەستی هەڵبژاردەی ژاپۆن ماڵئاوایی لە پاڵەوانیتییەكە كرد دوای ئەوەی یارییەكەی بە گۆڵێكی بێ وەڵام دۆڕاند.

لە یاریی دووەمدا هەڵبژاردەی ئوستڕالیا بە لێدانی سزای یەكلاكەرەوە و بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ لە هەڵبژاردەی ئۆزباكستانی بردەوە دوای ئەوەی لە كاتی ئاسایی و زیادكراودا بە بێ گۆڵ یەكسان ببوون.

لە یاریی سێیەمیشدا هەڵبژاردەی ئیماڕاتی مێوانداری پاڵەوانیەتییەكە بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ لە هەڵبژاردەی قیرغیستانی بردەوە، لە كاتی ئاسایی یارییەكەدا هەردوولا بە 2 گۆڵ یەكسان ببوون، بەڵام لە كاتی زیادكراودا و لە خولەكی 103 بە لێدانی سزا ئەحمەد خەلیلی هێرشبەری هەڵبژاردەی ئیماڕات گۆڵی سەركەوتنی تۆمار كرد و تیپەكەی گەیاندە قۆناغی 8ی پاڵەوانیەتییەكە.

ئەمڕۆ سێشەمیش لە دوایین رۆژی ركابەرییەكانی قۆناغی 16ی جامی ئاسیادا دوو یاریی گرینگ بەڕێوە دەچێت بەمشێوەی خوارەوە:-

سەعات 4ی سەر لە ئێوارە / كۆریای باشوور – بەحرێن

سەعات 7ی شەو / قەتەڕ - عێراق




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م