هازارد وادەی گرێبەستكردنی لەگەڵ ریال مەدرید دیاری كردووە

:: AM:10:18:22/01/2019 ‌

ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی و یانەی چێڵسیی ئینگلیزی بڕیاری داوە كەی پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە بكات.

ئەم ئەستێرەی یانەی چێڵسی ماوەی چەند ساڵێكە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی یانەی ریال مەدرید و خۆشی چەند جارێك ئاماژەی بەوەداوە كە دەیەوێ یاریگەی ستامفۆرد بریچ جێبێڵێ و پەیوەندی بە یانە پاڵەوانەكەی ئەوروپاوە بكات.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی رایگەیاند: هازارد بە راستی حەز دەكات درێسی سپیی یانەی ریال مەدرید بپۆشێ، بەڵام لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستەی یاریزانان نا.

هەروەها رایگەیاند: هازارد هەرگیز نایەوێ یانەكەی بخاتە دۆخێكی خراپەوە و لە نیوەی وەرز بەجێیان بێڵێ بەتایبەتیش ئەمساڵ كە ئەنجامەكانیان لە خولی ئینگلیزی جێگیر نییە، بۆیە ئەگەری گواستنەوەی بۆ یانەی ریال مەدریدی بۆ هاوینی داهاتوو دواخستووە.

هازاردی تەمەن 28 ساڵ پێشتر لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا دانی بەوەدانابوو كە خەونی منداڵی برێتییە لە پۆشینی درێسی یانەی ریال مەدرید و بۆ ئەمەش ئامادەیە لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاری بكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م