پێنجوێن ئه‌و ناوچه‌یه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه ساڵانه زۆرترین باران و به‌فر له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم لێ ده‌بارێت، به‌ڵام سوود له‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی وه‌رنه‌گیراوه و وه‌به‌رهێنه‌ران نه‌یانتوانیوه له‌م شارۆكه‌یه كارێك بكه‌ن سه‌رنجی زیاتری گه‌شتیار بۆ لای خۆیان رابكێشن و بیكه‌ن به سه‌رچاوه‌ی داهات بۆ شارۆكه‌كه.
به‌پێی ئامارێكی به‌شی كه‌شناسی پێنجوێن بۆ "وشه"، له‌مساڵدا تا ئێسته له‌ناو سه‌نته‌ری شارۆكه‌ی پێنجوێندا 15 سانتیمه‌تر به‌فر باریوه، به‌ڵام له شاخه‌كان و شوێنه به‌رزه‌كانی تر كه زۆربه‌یان سه‌یرانگان، له نیو مه‌تر تا مه‌ترێك به‌فر باریوه و پێشبینیش ده‌كرێ رێژه‌كه تا كۆتایی وه‌رزی زستانی ئه‌مساڵ به‌ره‌و هه‌ڵكشان بچێت.
ئازاد هه‌ڵگورد نووسه‌ر و پسپۆڕی بواری گه‌شتیاری له پێنجوێن، به"وشه"ی راگه‌یاند، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزار له‌م ناوچه‌یه بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ی زیاتر به كه‌رتی گه‌شتوگوزار بدرێت. چونكه وه‌ك ئه‌و گوتی "ئێسته به‌هۆی به‌فربارینه‌وه، رۆژانه گه‌شتیارێكی زۆر له ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق و ئێران و ناوچه‌كانی تری كوردستانه‌وه، دێنه ئه‌م ناوچه".
ئازاد نموونه‌ی به "سه‌یرانگه‌ی بلكیان" هێنایه‌وه كه تاكه ناوچه‌ی گه‌شتیاریی سنووری پێنجوێنه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سلێمانی تۆمار كراوه. وه‌ك ئاماژه‌ی دا "به‌هۆی زۆریی به‌فربارینه‌وه ئه‌مساڵ گه‌شتیارێكی زۆر رووی تێده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ شتێكی بۆ نه‌كراوه".
ئه‌و به‌پێویستی ده‌زانێت له‌مه‌ولا سه‌رمایه‌دارانی پێنجوێن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی پێنجوێنن و له شوێنی تر ده‌ژین، سه‌رمایه‌كانیان بۆ گرنگیدان و بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاریی زستانه له سنووره‌كه‌یان بخه‌نه گه‌ڕ، ئه‌ویش به دروستكردنی ناوچه‌ی گه‌شتیاری و هوتێل، چونكه تا ئێسته هه‌ر گه‌شتیارێك بێته پێنجوێن، شوێنی مانه‌وه و پشوودانی نییه و ناچاره به‌خێرایی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و شوێنه‌ی لێوه‌ی هاتووه.
به‌گوته‌ی ئازاد هه‌ڵگورد ده‌بێ حكوومه‌تی هه‌رێم هانی وه‌به‌رهێنه‌ران بدات، بۆ ئه‌وه‌ی بێنه پێنجوێن و كار له بواری گه‌شتوگوزاردا بكه‌ن و هاوكاریشیان بكرێت، له‌رێی پێداچوونه‌وه به‌و رێنوێنییانه‌ی كه هه‌یه له بواری گه‌شتیاری، به‌لابردنی ئاسته‌نگه‌كان و كارئاسانی بۆیان.
پشتگوێخستنی گه‌شتیاری زستانه له‌لایه‌ن وه‌ربه‌رهێنه‌رانی كه‌رتی تایبه‌ت و سه‌رمایه‌دارانی پێنجوێنه‌وه، به‌رپرسی یه‌كه‌می شارۆكه‌كه‌شی نیگه‌ران كردووه، بۆیه زانا ره‌حمان قایمقامی پێنجوێن بۆ "وشه" ددانی به‌وه‌دا نا كه حكوومه‌تی هه‌رێم، ئاوڕی رژدی بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتیاریی زستانه له پێنجوێن نه‌داوه‌ته‌وه و وه‌به‌رهێنه‌رانیش گرنگییان پێ نه‌داوه.
ئه‌و گوتی، "ساڵانه له دوو وه‌رزدا گه‌شتیاران روو ده‌كه‌نه سنووره‌كه‌مان، له وه‌رزه‌كانی به‌هار و زستاندا، به‌تایبه‌تی له‌م وه‌رزه‌دا كه گه‌شتیاری زستانه دێنه پێنجوێن، كاتێك كه به‌فر ده‌بارێت، ئه‌ویش بۆ خلیسكێنه‌ی سه‌ر به‌فره كه ساڵانه ناوه‌ندی په‌ره‌پێدانی گه‌نجانی پێنجوێن سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، كۆمه‌ڵێك مامۆستا و راهێنه‌ری باشن و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یان فێری ئه‌م وه‌رزشه كردووه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن وه‌رزشه‌كه بكه‌نه وه‌رزشێكی هه‌رێمی و هه‌موو كوردستان بگرێته‌وه".
قایمقامی پێنجوێن ده‌ڵێ، "چه‌ندان جار له‌رێی قایمقامیه‌تی پێنجوێن و نوێنه‌رانی پێنجوێن له په‌رله‌مانی كوردستان، داوامان له لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان كردووه هه‌رچییه‌كیان پێ بكرێت له‌پێناوی بایه‌خدان و بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاری و شوێنه‌واره دێرینه‌كان، خزمه‌تی ناوچه‌كه‌مان بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌وڵانه بێ سوود بوون، ئه‌گه‌رچی ئێمه بێ ئومێد نین و به‌رده‌وامین له‌سه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌مان".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی هێشتا وه‌ك پێویست ئاوڕ له بواری گه‌شتیاری و به‌تایبه‌تیش گه‌شتیاری زستانه له سنووری پێنجوێن نه‌دراوه‌ته‌وه؟ نادر رۆستی گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم بۆ "وشه" گوتی، "بێگومان ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌یه وه‌ك ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم، ئه‌وه‌یه له هه‌ر شوێنێك ناوچه‌ی گه‌شتیاری هه‌بێت، بایه‌خی پێ ده‌ده‌ین و داواكاریشین كه‌رتی تایبه‌ت كار له‌سه‌ر سنووری پێنجوێن بكات".
هاوكات ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن هانی وه‌به‌رهێنه‌ران بده‌ن، وه‌ك حكوومه‌تیش ده‌توانرێت به‌پێی داواكارییه‌كانیان هاوكارییان بكرێت، به‌تایبه‌تیش بۆ ناوچه‌یه‌كی جوان و دڵگیر و ده‌وڵه‌مه‌ند به‌سروشتێكی پاكی وه‌ك پێنجوێن".
شارۆكه‌ی پێنجوێن، 96 كیلۆمه‌تر له شاری سلێمانییه‌وه دووره و هه‌زار و 117 مه‌تر له ئاستی رووی ده‌ریاوه به‌رزه، یه‌كێكه له ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی شوێنه‌كه‌یه‌وه، خاوه‌نی چه‌ندان ناوچه‌ی گه‌شتیاری و سروشتی جوانه.
وشه/ پێنجوێن- رێبین پێنجوێنی