بڕیارێكی نوێ‌ بۆ خۆبەخشەكان دەركرا

:: AM:10:42:22/01/2019 ‌
بەپێی نووسراوێك كە ئاڕاستەی چەند بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتێك كراوە، داواكاری خۆبەخشەكان بۆ دامەزراندن وەستاوە و هیچ كەسێكی تر بۆ خۆبەخشی دانامەزرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی كانوونی دووەم، سەرچاوەیەك لە یەكێك لە وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، داواكاری دەرچووانی زانكۆ بۆ كاری خۆبەخشی لە دامەزراوەكانی حكوومەت ڕاگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەو وەستاندنەی ڕاگیراوان لە كاتێكدایە بەهۆی كاری خۆبەخشی بەشێك لە خۆبەخشان داوای دامەزراندن دەكەن، بۆیە ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە توانایدا نییە ئەو كارە بكات و خۆبەخشانیش داوای دەكەن، بۆیە بڕیاری وەرگرتنی خۆبەخش وەستاوە.

ئەو بڕیارە لە كاتێكدایە ئێستە لە چەند وەزارەتێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانبەری خۆبەخش بوونیان هەیە و لە دوو هەفتەی ڕابردووش چەندان خۆپێشاندانیان كرد و داوای دامەزراندنیان كرد، ئەوەیش لە بەشێك لە فەرمانگەكان بەهۆی گواستنەوەی ڕاژەی فەرمانبەران بۆ هەندێك فەرمانگەی تر كێشە لە ڕاییكردنی كارەكان دروست بووبوو.

هەرێمی كوردستان دوای ساڵی 2014 دامەزراندنی تێیدا وەستاوە، ئەوەیش بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە، تەنیا دامەزراندن بۆ ئەو فەرمانگانە هەبووە كە پێویستی بوون وەك وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە.



وشە - رامیار جەواد