ریال مەدرید پلانێكی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئیریكسن داناوە

:: AM:11:55:22/01/2019 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی گۆڕینەوەی یاریزانان لەگەڵ یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی بكات و ئەستێرەیەكی تیپەكەی بدات و لە بەرامبەریشدا كریستیان ئیریكسنی ئەستێرەی دانیماڕكی وەربگرێ.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید هەموو كارێك دەكات بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ ئیریكسن بكات بە مەبەستی بە هێزكردنی هێڵی ناوەڕاستی تیپەكەی.

پێرێز پێیوایە باشترین پلان بۆ دەستكەوتنی ئیریكسن پێدانی خامێس رۆدریگیزی ئەستێرەی كۆڵۆمبییە بە یانەی تۆتنهام كە تا كۆتایی ئەم وەرزە بە شێوەی خواستن لە ریزی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەمێنێتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەرپرسانی یانەی بایرن میونشن نیازیان هەیە بڕگەی كڕینی رۆدریگیزی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا كارا نەكەن و بیدەنەوە یانەی ریال مەدرید بە هۆی ئەوەی لە زۆربەی یارییەكانی ئەم وەرزەدا بە فەرمانی نیكۆ كۆڤاچ لە پێكهاتەی تیپەكەیاندا دوور خراوەتەوە و یاریی پێ نەكراوە.

سەرۆكی یانەی ریال مەدریدیش دەیەوێ سوود لەو بڕیارەی بەرپرسانی یانەی بایرن میونشن وەربگرێ و گەڕانەوەی رۆدرێگیز لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بكاتە وەرەقەیەك بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئیریكسن.

لەلایەكی تریشەوە یانەیەكی تری ئینگلیزیش كە یانەی ئارسناڵە ئامادەیی خۆی پێشانداوە بێتە نێو ركابەرییەكانی گرێبەستكردن لەگەڵ رۆدریگیز بە هۆی ئەگەری رۆیشتنی ئەستێرە ئەڵمانییەكەی مەسعوود ئۆزیل دوای ئەوەی لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا ئاستی یاریكردنی بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م