كێشەی كەناڵە ناوخۆییەكان سەری هەڵدایەوە

:: PM:12:12:22/01/2019 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەو بەڵێننامەیەی لە نێوان وەزارەت و كەناڵەكان پڕ كرایەوە، لەلایەن هەندێك كەناڵ پێیەوە پابەند نەبوون، بۆیە تەنیا چەند ڕۆژێكیان لە پێش ماوە. بەڕێوەبەری كەناڵێكیش دەڵێت چاوەڕوانی حكوومەتین ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی كانوونی دووەم، دڵشاد عەزیز بەڕێوەبەری یەكێك لە كەناڵە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕاستە ئێمە پارەی نوێكردنەوە مۆڵەتەكەمان نەداوە، بەڵام ئێمەیش كێشەمان هەیە و وەك پێویست ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری جێبەجێ‌ نەكراوە لەسەرمان.

ئەو بەڕێوەبەرە گوتی، لە ڕێنوێنییەكان پێویستە ماوەی ڕێكلامكردن لە پێنج خولەك زیاتر نەبێت، كەچی لە هەندێك كەناڵ نۆ خولەك ڕێكلام پەخش دەكرێت، بۆیە چاوەڕوانی حكوومەتین بەشێوەیەك لە شێوەكان ئەو كێشەیە چارەسەر بكات یان لێخۆشبوونێك بۆ كەناڵەكان بكات.

هاوكات محەمەد گەردی بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوكراوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو بەڵێننامەیەی لە نێوان وەزارەت و كەناڵەكان پڕ كرایەوە، لەلایەن هەندێك كەناڵ پێیەوە پابەند نەبوون، بۆیە تەنیا چەند ڕۆژێكیان لە پێش ماوە بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزەی لایان ماوە.

گەردی گوتی، بەشێك لە كەناڵەكان وادەكەیان بەكۆتایی دێت، بۆیە لە یەكی شوبات بڕیاری داخستن لەسەر ئەو كەناڵانە جێبەجێ‌ دەكرێت ئەگەر مۆڵەتەكانیان نوێ‌ نەكەنەوە.

بەهۆی تەنگژەی دارایی هەرێمی كوردستان، ماوەی چەند ساڵێكە نوێكردنەوەی مۆڵەتی كەناڵە ناوخۆییەكان وەستابوو و ئەو بڕە پارەیان لێ وەرنەگیرابوو، بۆیە ئێستە وەزارەتی ڕۆشنبیری داوای نوێكردنەوە و پێدانەوەی ئەو پارەیە دەكات.



وشە - رامیار جەواد