دیاردەی منداڵ بزربوون لە كۆیە پەرە دەستێنێ

:: PM:12:16:22/01/2019 ‌
لە شارۆكەی كۆیە چەند خێزانێك گردبوونەوەیەكیان ئەنجام دا بە هۆی بزربوونی منداڵەكانیان و پۆلیسیش دەڵێت سكاڵایان نەهێناوە بۆ لای ئێمە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆ سێشەمی چەند خانەوادەیەكی شاری كۆیە بێت، ماوەیە منداڵان و گەنج لەو شارە بزر دەبن و ناگەڕێنەوە و هیچ سۆراغێكیشیان لەسەریان نییە و دەیانەوێ حكوومەت ڕێگەچارەیان بۆ بدۆزێتەوە و ئەو منداڵانە بگەڕێنەوە، بەڵام عەلی عەبدوڵا بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی كۆیە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە هیچ هاووڵاتییەك سكاڵای لەسەر ونبوونی منداڵەكانیان تۆمار نەكردووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە نەیشاردەوە، هەفتەی ڕابردوو دوو منداڵ بزر بوو بوون، بەڵام دوای دوو ڕۆژ بۆ ناو خێزانەكەیان گەڕێنراونەوە و بە خێزانەكەیان شاد بوونەوە.

هاوكات ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی گوندی هەرمۆتەی لە سنووری كۆیە گردبوونەوە و ڕایان گەیاند، تەنیا لە ماوەی هەفتەیەكدا لە سنووری گوندەكەیان سێ گەنج بزر بوون و ئەوەش نیگەرانی دانیشتووانی گوندەكەی لێ كەوتووەتەوە.

ئاشكرایان كرد، لە دوێنێوە كوڕێك كە تەمەنی 22 ساڵە لە سەعات 10ی سەرلەبەیانی لە ماڵ چووەتە دەرەوە و تا ئێستە چارەنووسی نادیارە.

ئەو خێزانانە داوایان كرد كە بەخێرایی منداڵەكەیان بۆ بدۆزرێتەوە و ونبوونی منداڵەكانیان بە كۆتایی بێت.

شارۆكەی كۆیە دەكەوێتە باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر و ژمارەی دانیشتووانەكەی لە 111 هەزار هاووڵاتی پێك دێت بەگوێرەی پێشبینی ساڵی 2018.



وشە - رامیار جەواد