هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی پێچەوانە دەبێتەوە

:: PM:12:34:22/01/2019 ‌
بەمەبەستی كەمكردنەوەی جەنجاڵی لە شەقامەكانی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ سلێمانی بڕیاری پێچەوانەكردنەوەی بەشێك لە شەقامەكانی ناو شاردا دەدات.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی كانوونی دووەم، موقەدەم فەخرەدین ئەمین بەڕێوەبەری‌ هاتوچۆی‌ ناوشاری‌ سلێمانی‌ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، تا یەكی شوبات بۆ گۆڕینی‌ ئاراستەی‌ هەریەك لە شەقامەكانی‌ (یەكگرتن و قەنات و مەولەوی‌ و پیرەمێرد) كە ئاراستەی‌ هاتوچۆ تێیاندا پێچەوانەی‌ پێشتر دەبێت پێشنیازەكان وەردەگرین.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناوشاری گوتی، بۆ سەركەوتوویی پلانەكە بۆ ماوەی‌ چوار ڕۆژ شەقامەكان بەو شێوەیە تێست دەبن تا بزانین تاچەند ئەو پڕۆژەیە سەركەوتوو دەبێت و دەبێتە هۆی‌ كەمكردنەوەی‌ لۆد لەسەر سەنتەری‌ شار و ناوبازاڕ.

ئاشكرای كرد، مەبەستمان لە كاركردن بەم سیستمە لەو شەقامانەی‌ سلێمانی‌ بەمەبەستی‌ كەمكردنەوەی‌ جەنجاڵییە لە شەقامەكانی‌ سلێمانی، هەروەها شەقامی‌ پیرەمێردیش تەواوی‌ شەقامەكە تایبەت دەكرێت بەهاتنە خوارەوەیان بۆ بەردەركی‌ سەرا و لەوێشەوە بۆ ئۆرزدی‌ یان بۆ شەقامی‌ مەولەوی‌ یان بەردەم سینەماكان.

ئەو بڕیارەی هاتوچۆی سلێمانی لە كاتێكدایە ڕۆژانە گرفتی هاتوچۆ لەو شەقامانە دروست دەبن و هاووڵاتییان نیگەرانن لە جەنجاڵی شەقامەكان و داوای چارەسەریان دەكرد.




وشە - رامیار جەواد