رێكخراوێكی جیهانی ئاشكرای دەكات كە دوو گەورەترین وڵاتی دنیا لە رووی دانیشتووانەوە بە دەست كەمی رەگەزی مێ گیرۆدە بووینە و پێویستیان بە 80 ملیۆن ژن هەیە بۆ پڕ كردنەوەی پێویستییەكانیان و راگرتنی هاوسەنگی رەگەزی.
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، ئاشكرای دەكات
چین و هیندستان بە دەست كەمی ژمارەی ژن گیرۆدە بوونە، رۆژنامەی "لۆ ڤیگارۆ"ی فڕەنسی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا 22ـی كانوونی دووەم/ یەنایەر، بڵاوی كردووەتەوە دەڵێ لە هەندێك ناوچەی هیندستان و چین، 120 پیاو بەرانبەر بە 100 ژنە، ئەمەش دەسەڵاتدارانی ئەو دوو دەوڵەتی نیگەران كردووە و هەردوو وڵاتیش بۆ پڕ كردنەوەی پێویستییەكانیان لە ئێستەدا پێویستیان بە 80 ملیۆن ژن هەیە و ئەو ژمارەیەش لە داهاتوودا زیاتر دەبێت.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، سیاسەتی وەچە نانەوەی یەك منداڵ لە چین كە لە ساڵی 1979 جێبەجێ كراوە تا ساڵی 2015، یەكێك بووە لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی رێژەی ژن لە كۆمەڵگەی چینی. چاوەڕوانیش دەكرێت لە كۆتایی ساڵی 2020 ژمارەی پیاو لە چین بە بەراورد بە ژن، 30 ملیۆن زیاتر ببن.
هەردوو وڵات ماوەیەكە هەوڵی كڕینی ژن لە وڵاتانی میانماڕ و وڵاتانی تری ناوچەكە دەدەن، ئەوەش خراوەتەڕوو چینییەكان هەوڵی كڕینی ژنان دەدەن لە وڵاتی میانماڕ.
راپۆرتەكەی هیومان رایت وۆچ كە چاوەڕوان دەكرێت مانگی داهاتوو بڵاوبكرێتەوە، هێما بۆ ئەوە دەكات چینییەكان بەرانبەر بە سێ تا 13 هەزار دۆلار ژنان لە میانماڕ دەكڕن، رێگە بەو ژنانەش نادەن بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان تا وەچەیان لێ نەخەنەوە، ئەو كات بێ بردنی مناڵەكانیان لەگەڵ خۆیان رێگەیان پێ دەدرێت چین جێبهێڵن.
لە راپۆرتەكە ئەوەش خراوەتەڕوو كە هەمان دۆخ بەرانبەر بە ژنانی كەمبۆدیا و ڤێتنامیش دەكەن.