گوندى سیان كه یه‌كێكه له گونده‌كانی سنوورى شاره‌دیێ دینارته‌ى سه‌ر به شارۆكه‌ى ئاكرێ، زۆرترین جۆر و ڕێژه‌ی چاندنی دار، نه‌مام و میوه‌ی هه‌یه، به یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌ندترین گونده‌كانی كوردستان له ڕووی به‌روبومی سروشتی داده‌نرێت، بڕیاره ئه‌مساڵ 100 هه‌زار نه‌مام بچێنن.
هۆشیار سیانى جووتیارێكى گونده‌كه‌یه به "وشه"ى گوت: بڕیاره ئه‌مساڵ له گوندى سیان نزیكه‌ى 100 هه‌زار نه‌مام بچێنرێت، ئه‌مه‌ش به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵى رابردوو زۆر زیاتر ده‌بێت و ڕێژه‌ی نه‌مام ڕوو له گه‌شه‌كردن ده‌كات.
ئه‌وه‌شی گوت: گوندى سیان به به‌ناوبانگترین گونده‌كانى كوردستان و پارێزگاى دهۆك و سنوورى شارۆكه‌ى ئاكرێ دانراوه، هه‌موو جۆره میوه‌یه‌كی تێدا ده‌چێنرێت، هه‌ر ئه‌مساڵ 12 جۆر نه‌مامى میوه‌ی بۆ ئاماده كراوه، دواتر به‌شێكی له‌لایه‌ن جوتیارانى گوند و ناوچه‌كه ده‌چێنرێن، به‌شێكى تر به جوتیارانى ده‌وروبه‌ر به نرخی دوو تا سێ هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێن.
موسلیح تاهیر جووتیارێكى تر‌ى ناوچه‌كه‌یه، ڕێژه‌یه‌كى زۆر نه‌مامی بۆ چاندن ئاماده كردووه، پێی وایه كشتوكاڵ بووه‌ته یه‌كێك له سه‌رچاوه‌كانى داهات بۆ ئه‌و و به‌شى هه‌ره زورى گونده‌كانى شاره‌دیێ دینارته.
به "وشه"ی گوت: هه‌موو جۆره میوه‌یه‌ك له ناوچه‌كه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵام زیاتر هه‌نار و هه‌نجیر به‌رهه‌م ده‌هێنین، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ش له ناوچه‌كه‌مان له كوتایى مانگى شوبات ده‌ست پێ ده‌كات.
له سنوورى شاره‌دیێ دینارته 85 گوند هه‌یه، به‌ڵام 40% ئه‌و گوندانه به‌هۆى بۆردومانى فڕۆكه جه‌نگییه‌كانى توركیا ناتوانرێ سوود له ده‌شتایى و زه‌وییه‌كانیان وه‌ربگرێت بۆ كشتوكاڵ و چاندنى ده‌رامه‌ت.
دینارته/ نه‌وزاد هلۆرى