به‌ڕێوه‌به‌رى یاسایی ده‌سته‌ى ده‌سپاكی: حكوومه‌تى داهاتوو به‌ربه‌سته‌كانى چاكسازى تێدەپه‌ڕێنێ
موشیر ره‌شید ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی فه‌رمانگه‌ى یاسایی له ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به سه‌تان كه‌س له پله‌ى تایبه‌تى كه‌رتى گشتیی ماوه‌ى زیاتر له پێنج ساڵه له پۆسته‌كانیاندان. ڕوونی ده‌كاته‌وه كه پله‌ى تایبه‌ت هه‌یه 20 ساڵه له پۆسته‌كه‌یه‌تى و پێویسته چیتر ئه‌و پلانه له‌ڕێى پشك پشكێنى حزبه‌كانه‌وه دانه‌نرێ.
ئێوه وه‌ك ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هیچ به‌دواداچوونێكتان كردووه له‌سه‌ر توانا مرۆییه‌كانى كه‌رتى گشتیی به‌تایبه‌ت پله باڵاكان؟
به‌ڵێ، له ساڵى 2014 ده‌ستمان كرد به كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك له‌باره‌ى توانا مرۆییه‌كانى كه‌رتى گشتی، به‌تایبه‌ت له‌باره‌ى كاره‌كانى فه‌رمانبه‌ر له كه‌رتى گشتی و زیاده‌ڕۆیی له به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌ى وه‌زیفى و پله‌ى معه‌ومه‌كان و فه‌رمانبه‌رى تر كه ده‌وام ناكه‌ن، وه‌ك ئه‌وانه‌ى پێیان ده‌گوترێ بندیوار.
سه‌بارى ئه‌وانه، كار كراوه له‌سه‌ر وردبینى پله تایبه‌ته‌كان و دیاریكردنى كه‌موكوڕییه‌كان و خانه‌نشینى نایاسایى، زۆربه‌ى ئه‌و هه‌وڵانه‌یش ئه‌نجامى گرنگى هه‌بووه.
هیچ ئامارێكتان له به‌رده‌سته كه زیاده‌ڕۆیى كرابێ له به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌ى فه‌رمانبه‌ران؟
به‌پێى به‌دواداچوونه‌كان، هه‌ندێك زانیاریمان ده‌ستكه‌وت له‌باره‌ى زیاده‌ڕۆیى له به‌رزكردنه‌وه و پێدانى پله كه جیاوازه له یاسایى راژه‌ى شارستانى، چونكه به‌گشتی دوو پێوه‌ر هه‌یه بۆ دامه‌زراندن و به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌ى فه‌رمانبه‌ران، ئه‌ویش پێوه‌رى بڕوانامه و ساڵانى خزمه‌تن، له كوردستان ته‌نیا له پێوه‌رى نه‌بوونى بڕوانامه یان كه‌موكوڕى له‌و پێوه‌ره، هه‌زار و 557 كه‌س به‌ده‌ر له یاسا پله‌یان به‌رز كراوه‌ته‌وه، 10 فه‌رمانبه‌ر له‌وانه پله‌ى تایبه‌تیان وه‌رگرتووه و بڕوانامه‌ى زانكۆیان نییه، فه‌رمانى ژماره 1024 له 28/2/2016 له سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه‌وه ده‌رچووه بۆ نه‌هێشتنى زیاده‌ڕۆیى له به‌رزكردنه‌وه و پێدانى پله، به‌ڵام تا ئێسته جێبه‌جێ نه‌كراوه، به‌ڵام بووه‌ته ماده‌یه‌ك له پڕۆژه‌ى چاكسازى كه ئێسته له په‌رله‌مانه.
گوتتان وردبینیتان كردووه له دۆسیه‌ى پله تایبه‌ته‌كان، ده‌مه‌وێ زانیارى ئه‌وه وه‌ربگرم پله تایبه‌ته‌كانى كوردستان چه‌ند ساڵه له پۆسته‌كانیان ماونه‌ته‌وه؟
جگه له پۆستى وه‌زیر، وردبینى له 325 دۆسیه‌ى پله تایبه‌تى راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی كراوه، ده‌ركه‌وتووه زۆربه‌ى ئه‌و پله تایبه‌تانه‌ى له كوردستان هه‌ن، زیاتر له چوار ساڵ له پۆسته‌كانیان بوون كه به‌مشێوه‌یه‌یه: له پله‌ى راوێژكارى 137 راوێژكار هه‌ن، 14 كه‌سیان كه‌متر له پێنج ساڵه له پۆسته‌كانیانن، 54 راوێژكار پێنج تا نۆ ساڵه له پۆسته‌كانیانن، 53 راوێژكارى تر 10 تا 15 ساڵ و هه‌شت راوێژكار 15 بۆ 19 ساڵه له كاره‌كانیانن و هه‌شت ڕاوێژكارى تر زیاتر له 20 ساڵه له پۆسته‌كانیانن.
له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی ته‌نیا 22 كه‌س كه‌متر له پێنج ساڵه له پۆسته‌كانیاندان، 79 به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی پێنج بۆ نۆ ساڵه له كاره‌كانیانن و 56 به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی تر 10 بۆ 15 ساڵه له پۆسته‌كانیاندان، 17 به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی تر 15 بۆ 19 ساڵه له پۆسته‌كانیانن و هه‌شت به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی زیاتر له 20 ساڵه له كاره‌كانیاندان، كۆی به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان 182 به‌ڕێوه‌به‌رى گشتین.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا یه‌ك بریكارى وه‌زاره‌ت هه‌یه پێنج بۆ نۆ ساڵه له كاره‌كه‌یدایه و دوو بریكارى تریش 10 بۆ 15 ساڵه له‌كاركردنن، كه‌واته به‌شێوه‌یه‌كى گشتی 39 پله‌ى تایبه‌ت پێنج ساڵه له پۆسته‌كانیانن، 134 پله تایبه‌تى تر پێنج بۆ نۆ ساڵه و 111 كه‌سى تر 10 بۆ 15 ساڵ و 25 كه‌سى تر 15 بۆ 19 ساڵه له كاره‌كانیاندان، به‌ڵام 16 پله تایبه‌تى تر هه‌ن كه زیاتر له 20 ساڵه له كاره‌كانیانن.
شاره‌زایان ده‌ڵێن مانه‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێك له پێنج ساڵ زیاتر له پۆسته‌كه‌ى، هۆكاره بۆ سستى ئیدارى و به‌ربه‌ستى نوێگه‌رى كارگێڕى، ئێوه وه‌ك ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی بۆچوونتان چییه؟
ئه‌و بابه‌ته قسه‌ى زۆر هه‌ڵده‌گرێ و شێوازى دانانى پله تایبه‌ته‌كان كێشه‌ى هه‌یه، پێویسته دانانى پله تایبه‌ته‌كان به سى ڤى بێت، به‌ڵام له كوردستان به پشك پشكێنه‌ى حزبى داده‌نرێن، واته حزبه‌كان بڕیارى دانانى كه‌سه‌كان ده‌ده‌ن نه‌ك ئه‌نجوومه‌ن و په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌س دانراون له‌سه‌ر حزبه‌كان هیچ شاره‌زاییه‌كیان له وه‌زیفه‌ى گشتیی نییه، بۆیه پێویسته وه‌زیفه‌ى گشتیی جیا بكرێته‌وه له پشك پشكێنه‌ى حزبى و ده‌بێ پۆسته‌كان بخرێنه خزمه‌تى كارگێڕى و داوده‌زگاكان، پێویسته ئه‌وه‌ى ده‌كرێته به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی، ماوه‌یه‌ك وه‌زیفه‌ى گشتى هه‌بووبێت، ته‌نانه‌ت له ڕێنوێنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت كه‌سه‌كه 15 ساڵ خزمه‌تى كه‌متر نه‌بێ و لایه‌نى كه‌م 10 ساڵ پله‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى هه‌بووبێت، به‌ڵام كه كه‌سێك بكرێت به به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی، ئه‌وه به‌دڵنیاییه‌وه ناتوانێ وه‌ك پێویست كاره ئیدارییه‌كان بكات و دواتریش ده‌بێت به بارگرانى له‌سه‌ر كه‌رتى گشتی.
لە قسه‌كانت ده‌رده‌كه‌وێ، ئومێدت هه‌یه له حكوومه‌تى داهاتوو پۆسته‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى پشك پشكێنه‌ى حزبى دابه‌ش نه‌كرێ؟
پێویسته كارگێرى گشتیی جیا بكرێته‌وه له پشك پشكێنه‌ى حزبى، هه‌رچه‌نده لایه‌نه سیاسییه‌كان له هه‌رێمى كوردستان داواكارن كه له پشكى حكوومه‌ت نه‌ك ته‌نیا به‌رێوه‌به‌رى گشتیی به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ به‌رپرسى به‌ش و هۆبه‌كانیش وه‌ربگرن هه‌روه‌ك ئه‌وه له كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسى ڕووی دا، به‌ڵام ئه‌وه دووره له به‌رێوه‌بردنى كارگێرى و پێویسته به‌رێوه‌به‌ر دوور بێ له‌كارى حزبى و ده‌ستى حزب دوور بخرێته‌وه، به‌ڵام جێى داخه كه جارێكى تر لایه‌نه‌كان ده‌یانه‌وێ به‌رێوه‌به‌رى گشتیی و به‌ش و هۆبه‌كانیش وه‌ربگرن كه له هیچ شوێنێكى دنیا وانییه و ئومێد هه‌یه له‌و كابینه‌یه ڕێ نه‌درێ ئه‌وه دووباره بكرێته‌وه.
پێت وایه پسپۆڕى و بڕوانامه‌ی گونجاو بێت، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه سه‌ركه‌وتووتره؟
پێویسته بڕوانامه له‌گه‌ڵ پسپۆڕییه‌كه‌ى بگونجێ، بۆ نموونه به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتیی ته‌ندروستى پێویسته ده‌رچووى كۆلیژى پزیشكى یا ته‌ندروستى بێت، یا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی ئاوه‌دانى ده‌بێت ئه‌ندازیار بێت، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی دیوانى وه‌زاره‌ت "كارگێڕى و دارایى" پێویست ناكات پزیشك و ئه‌ندازیار بێت، به‌ڵكو پێویسته بڕوانامه‌ى كارگێڕى یاسایى هه‌بێت، چونكه كاره‌كه‌ى كارگێڕییه.
هه‌موو ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ى له وه‌زیفه‌ى گشتیدا هه‌ن، پێتان وایه چاره‌سه‌ر ده‌كرێن؟
پێم وایه له كابینه‌ى نۆیه‌مى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا چاكسازى رژد ده‌كرێ و ئه‌و به‌ربه‌ستانه تێده‌په‌ڕێت كه له پێش پرۆسه‌ى چاكسازین، به‌تایبه‌ت پێویسته ئه‌و پڕۆژه چاكسازییه‌ى له په‌رله‌مانى كوردستانه، جارێكى تر بكرێت به پڕۆژه‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تى و چاكسازى له كه‌رتى گشتی بكرێت و ئه‌نجوومه‌نى راژه دابنرێت، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى پله‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتی له پشك پشكێنه حزبى ده‌ربهێنرێ، هه‌ڵسه‌نگاندنێك بكرێت بۆ پله تایبه‌ته‌كان و كه‌سى شیاو و شاره‌زا له شوێنى ئه‌وانه دابنرێت كه هیچ ده‌ستكه‌وتێكى ئیداری‌یان نه‌بووه. ئه‌وان له پۆسته‌كانیان لابدرێن و له ڕێى سى ڤییه‌وه هه‌موو پۆستێكى كارگێڕى گشتیی پڕ بكرێته‌وه تا بتوانرێ گۆڕانكارى ئیدارى بكات.