وه‌رگێڕانی سه‌رمایه‌ى ماركس یه‌كه‌م كاره بۆیه بێ كه‌موكوڕى نابێت
بۆ وه‌رگێڕانى "سه‌رمایه" سوودم له سێ وه‌رگێڕانى فارسى وه‌رگرتووه كه بۆ ده‌قه‌كه كراون
ماركس كه‌سێكه باوه‌ڕت به فكری هه‌بێت یا نه‌بێت، ده‌بێ هه‌ڵوێستی خۆتى له‌گه‌ڵ روون بكه‌یته‌وه
"سه‌رمایه" یه‌كێكه له كتێبه به‌ناوبانگه‌كانى كارڵ ماركس، ئه‌م كتێبه له زۆربه‌ى زمانه‌كانى دنیا، زیاتر له سه‌ده‌یه‌كه وه‌رگێڕانى بۆ كراوه، به‌ڵام له‌ناو كورددا دواجار عه‌بدوڵا ره‌سووڵى ته‌واوى تێكستى "سه‌رمایه"ى وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانى كوردى. جیا له‌م كتێبه، عه‌بدوڵا وه‌ك خۆی ئاشكرای كرد، خه‌ریكى ده‌قێكى تر‌ى ماركسه و به‌منزیكانه بڵاوى ده‌كاته‌وه.
له‌م دیمانه‌یه‌ى "وشه"دا عه‌بدوڵا ره‌سووڵى باس له‌و ئاسته‌نگانه ده‌كات كه له وه‌رگێڕانى ده‌قه‌كه‌ى ماركس هاتووه‌ته به‌رده‌مى، گوتی، "هه‌رچه‌نده ئه‌م كتێبه كلاسیكیش بێت، بۆ كتێبخانهى كوردى زۆر پێویسته". ئه‌و له قسه‌كانى باس له‌وه‌ش ده‌كات كه زیاتر له دوو ساڵ خه‌ریكى "سه‌رمایه" بووه تا وه‌رگێڕانه‌كه‌ى ته‌واو كردووه.
ده‌مه‌وێ دیمانه‌كه به‌م پرسیاره ده‌ست پێ بكه‌م، ئایا وه‌رگێڕانى كتێبی "سه‌رمایه" له‌سه‌ر پێشنیارى خۆت بوو، یان له‌لایه‌ن ئه‌و دهزگهیهوه پێشنیار كرا كه كتێبه‌كه‌ى چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه؟
پێشتر ئاشناییم هه‌بووه له‌گه‌ڵ ئه‌م كتێبه‌دا و خوێندبوومه‌وه، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی كاركردن وه‌رگێڕانی كتێبێكی وه‌ها گرنگ ئه‌گه‌ر هانده‌ر و پشتیوانت نه‌بێ ناگاته ئه‌نجام. بۆ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش كه‌سێكی زۆر ئازیز و یه‌كێك له باشترین هاوڕێیانی ژیانم به‌ڕێز دكتۆر ته‌ها ره‌سووڵ هانده‌ر و پشتیوانم بوو. راستییه‌كه‌ی ئه‌گه‌ر حه‌زێكی كه‌م له لای من بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌و كتێبه هه‌بووبێت، ئه‌وا زۆرینه‌ی حه‌ز و ئاوات و خه‌ونی دكتۆر ته‌ها ره‌سووڵ بوو، ئه‌و پێشنیاری كرد ئه‌و كتێبه وه‌ربگێڕم. بۆیه قه‌ت له وه‌رگێڕانی ئه‌م كتێبه‌دا ناتوانم گه‌وره‌یی و پشتیوانی و جوامێری ئه‌و له‌بیر بكه‌م كه سات به سات پشتیوانی لێ كردووم. پشتیوانی دكتۆر ته‌ها له ئاستێكدا بوو ئه‌گه‌ر بكرایه ده‌بوو ناوی ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌و كتێبه بووایه. به‌هه‌رحاڵ هه‌ر به هاندانی ئه‌و كتێبه‌كه خرایه به‌ردیدی خوێنه‌ران و ئێسته ژماره‌یه‌كی كه‌می له بازاڕدا ماوه.
وه‌رگێڕانى "سه‌رمایه" چه‌ند له پسپۆڕیى خۆت نزیكه، ئایا مه‌رجه ده‌قێك له پسپۆڕى كه‌سى وه‌رگێڕ نزیك بێت بۆ ئه‌وه‌ى وه‌رگێڕانى بۆ بكات؟
راستییه‌كه‌ی من پێشتر خوێندنه‌وه‌ی زۆرم له بواری ئه‌ده‌بیاتی ماركسیستی رادیكاڵ هه‌بووه. جیا له‌وه‌ش دیپلۆمی ژمێریاریم له زانكۆی كوردستان له سنه وه‌رگرتووه كه به‌شێكی زۆری میتۆدی خوێندنمان ئابووری بوو. جیا له‌وه‌ش له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین به‌شی كۆمهڵناسیم خوێند. بۆیه به‌شێوه‌یه‌ك كتێبی سه‌رمایه پێوه‌ندی به بواری خوێندنه‌وه‌م هه‌بوو.
له‌باره‌ی به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه پێویسته بڵێم ئه‌گه‌ر ده‌قه‌كه زانستی بێت و وه‌رگێڕ شاره‌زای زانسته‌كه نه‌بێت، ئه‌وا له زاراوه‌كان تووشی هه‌ڵه ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌قه‌كه ئه‌ده‌بی یا مێژوویی بێت، ئه‌وا به‌گشتی بوونی زمانی نووسینه‌وه ده‌كرێ نزیك نه‌بێت به پسپۆرییه‌وه.
نموونه‌یه‌ك بێنمه‌وه له زانستی كۆمه‌ڵناسی زۆر زاراوه هه‌ن پێناسه‌یان هه‌یه و به‌هۆی پێناسه‌یانه‌وه جیا كراونه‌ته‌وه له زاراوه‌كانی تر. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نیا ره‌هه‌ندی زمانی له‌به‌رچاو بگرین، ره‌نگه دوو زاراوه كه جیا كراونه‌ته‌وه له یه‌كتر هاومانا بن. بۆ نموونه وشه‌كانی گرووپ، قه‌ره‌باڵغی، حه‌شد، جه‌ماعه كه له زانستی كۆمه‌ڵناسی به‌كار دێن، جیاوازن، به‌ڵام له زماندا به‌شێكیان به هاومانا وه‌رده‌گیرێن، بۆیه شاره‌زا نه‌بوون له‌و زانسته كێشه بۆ وه‌رگێڕانه‌كه دروست ده‌كات.
ئێمه ده‌زانین له ئه‌ده‌بیاتى ماركسى چه‌ند ده‌قێكى كه‌م وه‌رگێڕاونه‌ته سه‌ر زمانى كوردى، ته‌نانه‌ت زۆر له كتێبه گرنگه‌كانى ماركس وه‌رگێڕانیان بۆ نه‌كراوه، ئه‌مه بۆ تۆ ئه‌سته‌م نه‌بوو، چونكه زاراوه‌كانى ماركست به زمانى كوردی له به‌رده‌ست نه‌بوو؟
بێگومان له وه‌رگێڕانه‌كه رووبه‌ڕووی هه‌ندێ كێشه‌ی زاراوه بوومه‌وه. به‌شێكی زۆری له‌به‌رئه‌وه بوو كه پێشتر له‌م بواره‌وه كاری كه‌م كرابوو. هه‌ڵبه‌ته كه‌م زاراوه هه‌بوو نه‌توانم له زمانی كوردیدا بیبینمه‌وه. بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌شێكی زۆر له كێشه‌كان هه‌وڵم دا جۆرێك له پۆلێنكاری و جیاوازیی له نێوان زاراوه و وشه‌كاندا بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه چاره‌سه‌رى بكه‌م. رێیه‌كی تریش كه گرتمه‌به‌ر و زۆربه‌ی كێشه‌كانم پێ چاره‌سه‌ر كرد، بینینه‌وه‌ی وشه‌ی نوێ له‌ناو زاراوه جیاوازه‌كانی زمانی كوردی بوو. بۆ نموونه وشه‌ی ماڵگریم له به‌رانبه‌ر ئیحتكار به‌كار هێناوه و پێشتر له نامه‌ی سه‌رئه‌نجام به‌كار هێنرابوو. ئه‌وه‌ش كه ئێسته ده‌بینرێت، بێگومان كه‌موكوڕی تێدا هه‌یه و ره‌نگه ره‌خنه له‌سه‌ر هه‌ندێ زاراوه هه‌بێت، به‌ویشه‌وه ده‌توانم بڵێم جیا له یه‌ك یا دوو وشه نه‌بێت، سه‌رتاپای ئه‌و كتێبه زاراوه و وشه‌ی نییه نه‌كرابێته كوردی و ئه‌وه‌یشی مه‌منوونی ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانی كوردین. له‌به‌رئه‌وه ده‌ڵێم فارسییه‌كه پڕه زاراوه عه‌ره‌بی و فڕه‌نسی و ئینگلیزی، به‌ڵام له كوردیدا هه‌موو ئه‌و زاراوانه هاوتای هه‌بووه.
ئایا له وه‌رگێڕانى ده‌قه‌كه پشتت به كامه زمان به‌ستووه، له یه‌ك زمان وه‌رتگێڕاوه یان له چه‌ند زمانێك به‌راوردت كردووه؟
له وه‌رگێڕانی "سه‌رمایه"دا مپشتم به ده‌قی فارسییه‌كه به‌ستووه و له‌گه‌ڵ زمانی تریش به‌راورد نه‌كراوه، به‌ڵام له زمانی فارسی خۆی سێ وه‌رگێڕان هه‌بووه كه به‌راوردی هه‌رسێ وهرگێڕانهكهم كردووه و كه‌ڵكم له هه‌موویان وه‌رگرتووه. ئه‌وه‌ی ئێسته بڵاو كراوه‌ته‌وه چوار به‌رگه، راستییه‌كه‌ی وه‌رگێڕانی یه‌كه‌م واته وه‌رگێڕانی ئیره‌ج ئێسكه‌نده‌ری هه‌موو ده‌قه‌كه‌ی وه‌رگێڕاوه، وه‌رگێڕانی دووه‌م كه كه‌ڵكم لێ وه‌رگرت وه‌رگێڕانی حه‌سه‌ن مورتهزهیی بوو كه ته‌نیا سێ به‌رگی ده‌قه كوردییه‌كه‌ی كردووه‌ته فارسی و وه‌رگێڕانی سێیه‌م وه‌رگێڕانی جه‌مشید هادیان بوو كه ته‌نیا دوو به‌رگی كردبووه فارسی. منیش له وه‌رگێڕانه‌كه كه‌ڵكم له هه‌موو ئه‌و ده‌قانه وه‌رگرتووه.
"سه‌رمایه"ى ماركس له بوارى ئابوورى و ئابوورى سیاسى به ده‌قێكى كلاسیك داده‌نرێت، به بڕواى تۆ ئێسته گرنگى وه‌رگێڕانى ئه‌م ده‌قه له چیدایه؟
ئه‌وه راسته كه سه‌رمایه ده‌قێكی كلاسیكه، به‌ڵام كتێبخانه‌ی كوردی له بواری ده‌قه كلاسیكه‌كانه‌وه لاوازییه‌كی به‌رچاوی پێوه دیاره. ئه‌وه‌ش روونه بێ بوونی ده‌قه كلاسیكه‌كان ناتوانین به‌دواداچوون بۆ گۆڕانكارییه فكرییه‌كان بكه‌ین و هه‌روه‌ها تێگه‌یشتن له ده‌قه نوێیه‌كانیش تا ئاستێك ئه‌سته‌م ده‌بێت، بۆیه نه‌ك سه‌رمایه، به‌ڵكو وه‌رگێڕانی هه‌موو ده‌قه كلاسیكه‌كان بۆ هه‌ر كتێبخانه‌یه‌ك پێویسته.
چه‌ند خه‌ریكى ئه‌و كاره بوویت، ئایا راسته‌وخۆ ده‌قه‌كه‌ت وه‌رگێڕا یان پێشتر پاشخانێكت له‌سه‌ر ماركسییه‌ت هه‌بووه، ئایا له‌كاتى وه‌رگێڕانه‌كه‌ت پێویستیت به‌وه بوو توێژینه‌وه‌ى تر له‌باره‌ى ماركس بخوێنیته‌وه، یان به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه ده‌قه‌كانى تر‌ى ماركس بخوێنیته‌وه؟
پێشتر شاره‌زاییم له فكری ماركسیستی هه‌بووه و چه‌ندان ساڵ خوێندنه‌وه‌م له‌و بواره‌وه هه‌بووه. له كاتی وهرگێڕانهكهیش بێگومان هه‌وڵم داوه زانیاری نوێ له‌باره‌ی ماركس و فكری ماركسیستی به ده‌ست بێنم، بۆیه وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه دوو ساڵ و چه‌ند مانگی خایاند. به‌وه‌یشه‌وه چه‌ندان ساڵ خوێندنه‌وه‌م هه‌بوو له بواره‌كه، له كاتی وه‌رگێڕانه‌كه رووبه‌ڕووی بابه‌تێكی زۆر رژد بوومه‌وه و پێم خۆشه لێره‌دا باسی بكه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ماركس چه‌قی فكری مرۆڤایه‌تییه، به‌و مانایه ماركس كه‌سێكه باوه‌ڕت به فكری هه‌بێت یا نه‌بێت ده‌بێ هه‌ڵوێستی خۆتی له‌گه‌ڵ روون بكه‌یته‌وه ئایا باوه‌ڕت پێیه یا نا؟. ئه‌مه له ئاست فه‌یله‌سووفانی تر بوونی نییه. لیبراڵ بی ده‌بێ شاره‌زای ماركس بیت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی دژی بیت، ماركسی بیت ده‌بێ شاره‌زای فكری ماركس بیت بۆ ئه‌وه‌ی لێى تێبگه‌ی و ته‌نانه‌ت بته‌وێت دژی بیت، ده‌بێ شاره‌زای فكری ئه‌و بیت.
جگه له تۆ، بیستووته یان بینیوته هیچ هه‌وڵێكى تر بۆ وه‌رگێڕانى "سه‌رمایه"ى ماركس هه‌بووبێت؟ یان تۆ یه‌كه‌م كه‌سی ئه‌م كاره به ته‌واوى ده‌كه‌یت؟
پێشتر ناوه‌ندی بیر و هۆشیاری یه‌كێتیی نیشتمانی هه‌وڵێكی دابوو سه‌رمایه له ئه‌ڵمانییه‌وه وه‌ربگێڕێت و فه‌سڵی یه‌كه‌می له دووتوێی كتێبێكی بچو‌وكدا بڵاو كرده‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه نازانم بۆچی ئه‌و پڕۆژه راگیرا. جیا له‌و هه‌وڵه ده‌قی ترم له كتێبخانه‌ی كوردی ده‌ست نه‌كه‌وتووه كه پێشانی بدات كه‌سانێك هه‌وڵی وه‌رگێڕانیان دابێت، بۆیه من یه‌كه‌م كه‌س بووم ئه‌و ده‌قه‌م به‌ته‌واوی وه‌رگێڕاوه.
پێشوازیى خوێنه‌ران له كتێبه‌كه چۆن بوو، ئایا له ناوه‌ندى رۆشنبیرى هیچ قسه‌یه‌كى له‌سه‌ر كرا و هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ كرا؟
پێشوازیی خوێنه‌ران باش بووه و هه‌ندێ هاوڕێش هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ كردووه و ره‌خنه‌یان لێ گرتووه. بێگومان له‌به‌رئه‌وه‌ش یه‌كه‌م جاره ئه‌و ده‌قه بكرێت به كوردی، ئه‌وا بێ كه‌موكوڕی نابێت.
تۆ كه گرنگترین كارى ماركست وه‌رگێڕا، له خۆت پرسیوه ئایا ئێمه چه‌ند له ماركس به هه‌ڵه تێگه‌یشتووین؟
راستییه‌كه‌ی نه‌ك ته‌نیا كورد، به‌ڵكو له ئاستی دنیایش هه‌ڵه تێگه‌یشتن له ماركس زۆره. یه‌كێك له هه‌ڵه‌كان ئه‌وه‌یه كه ماركس باسی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ده‌كات، به‌ڵام هه‌ندێ كه‌س سیسته‌میان بۆ ئاستی حكوومه‌ت بچووك كردووه‌ته‌وه. جیا له‌وه‌ش ماركسیزم خۆی میتۆدی خوێندنه‌وه‌یه نه‌ك ده‌قێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه و پیرۆز.
ئایا بهنیازییت هیچ كارێكى تر‌ى ماركس وه‌ربگێڕیت؟
ماركس چه‌ندان ساڵ پێش نووسینی سه‌رمایه، كۆمه‌ڵێك یاداشتی ئابووری هه‌یه به ناوی گروندریس. ئه‌م كتێبه زیاتر له سه‌ده و نیوێك دوای كۆچی ماركس بڵاو كرایه‌وه. ئه‌م كتێبه بنه‌مایه‌كه بۆ نووسینی سه‌رمایه و پێشانده‌ری گه‌شه‌كردنی فكری ماركسه له بواری ئابووریدا. ئێسته نیوه‌ی ئه‌وه‌یشم وه‌رگێڕاوه و بڕیاریشه ده‌زگه‌ی جه‌مال عیرفان چاپ و بڵاوی بكاته‌وه.