فه‌ریقی روكن بابه‌كر زێباری سوپاسالاری پێشووی عێراق، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر تواناكانی ئێسته‌ی سوپای عێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له عێراق و له هه‌رێم.
زێباری ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی عێراق له ریشه‌وه چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، ئه‌سته‌مه عێراق سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه ببینێت.
*وه‌ك سوپاسالاری پێشووی عێراق توانا و مه‌ترسییه‌كانی ئێسته‌ی داعش و هاوشێوه‌كانی چۆن ده‌بینن؟
رێكخراوی داعش له‌سه‌ر پاشماوه‌ی رێكخراوی قاعیده له عێراق و ناوچه‌كه سه‌ری هه‌ڵدا، ئه‌وان به هاوكاری به‌عسییه‌كان چه‌ند ناوچه‌یه‌كیان داگیر كرد، به‌ڵام دواتر میله‌ت له‌وان هه‌ستان، چونكه ئازاری خه‌ڵكه‌كه‌یان دا و وا ده‌رنه‌چوو كه هاتبن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ربازیان بكه‌ن له‌و كێشه‌یه‌ی له نێوان سوننه و شیعه‌دا هه‌بوو، كێشه‌كه ئه‌و جیاوازیكردنه بوو كه له عێراق هه‌ستی پێ ده‌كرێت و له سه‌رده‌می پاشایه‌تییه‌وه تا ئێسته فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كی دادوه‌رانه له عێراق دروست نه‌بووه، بۆیه ئه‌و ناكۆكییه‌ی له نێوان حكوومه‌ت و تایفه و نه‌ته‌وه‌كان له عێراق هه‌یه، وای كرد به به‌رده‌وامی رێكخراوه تیرۆریستی و توندڕۆكان دروست ببن، رێكخراوی قاعیده رۆیشت داعش هات و ئه‌و نه‌ما یه‌كێكی تر دروست ده‌بێت، بۆیه پێویسته ئه‌و كێشه له ریشه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌سته‌مه عێراق سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه ببینێت.
ئێسته شانه نوستووه‌كانی داعش هه‌ن و ده‌ستیان به كار كردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی تا ئێسته هاوپه‌یمانان رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌یه له نه‌هێشتنیان و رۆژانه هێرش بۆ سه‌ر پاشماوه‌كانی داعش ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆ نموونه له مه‌خموور رۆژانه به هاوئاهه‌نگی هێزی پێشمه‌رگه ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی هه‌یه و له هه‌موو ناوچه‌كانی تریش به‌هه‌مانشێوه، به‌ڵام هێشتا ئه‌و رێكخراوه دایه‌نگه و حه‌شارگه‌ی هه‌یه و خه‌ڵكانێك هاوكارییان ده‌كه‌ن و ده‌یانشارنه‌وه، ئه‌وه‌یش به‌هۆی مانه‌وه‌ی ناكۆكی تایفییه‌وه له عێراق.
داعش له‌ناو هه‌رێمی كوردستان بوونی نییه، چونكه هاوكاری ناكرێن، به‌هه‌مانشێوه له ناوچه‌كانی شیعه، به‌ڵام له ناوچه‌كانی سوننه هه‌ن و له ناوچه‌یه‌ك له‌ناو ده‌برێن له شوێنێكی تر سه‌رهه‌ڵده‌دات. نادادپه‌روه‌ری هۆی سه‌ره‌كییه، ئه‌و 11 ساڵه‌ی له به‌غدا بووم نه‌فه‌سێكی باش نه‌بوو، به‌ڵام عادل عه‌بدولمه‌هدی كه‌سێكی گونجاوه و هیوادارین ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكات.
*پشكی كورد له سوپای عێراق له‌م پێوه‌ندییه تازه‌دا چۆن رێك ده‌خرێته‌وه، ئاخۆ كورد چۆن بچێته‌وه ناو سوپای عێراق؟
ئه‌و كاته‌ی له به‌غدا بووین له سوپای عێراق 20% پشكی كورد بوو و 25% پشكی سوننه و 45% پشكی شیعه بوو و 10%یش بۆ پێكهاته‌كانی تر بوو، ئێسته هیچ رێژه‌یه‌ك بۆ كورد له‌ناو سوپادا نه‌ماوه، ته‌نانه‌ت له كۆلێجی سه‌ربازیش، ئه‌و پشكه‌ی كورد خراوه‌ته سه‌ر شیعه و هی شیعه بووه‌ته 65%، بۆیه باوه‌ڕ ناكه‌م پشكی كورد له سوپای عێراق 1%یش بێت ئێسته.
زۆرینه‌ی سه‌رباز و پله‌داره‌كانی كورد له‌ناو سوپای عێراق له ناوچه‌كانی مووسڵ و سه‌ڵاحه‌دین و دیاله و كه‌ركووك بوون ئه‌و فیرقه سه‌ربازییانه‌یان تێكدا، بۆیه ئه‌وانه هه‌مووی گه‌ڕانه‌وه كوردستان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر 20% بدرێته‌وه به كورد، كاریگه‌ری زۆری ده‌بێت و هاوكاریشه بۆ سوپای عێراق و به‌هێزتر ده‌بێت.
*له به‌غدا بودجه بۆ هێزی پێشمه‌رگه له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ته‌رخان كرا، به‌ڵام وه‌ك ئه‌رك ئه‌وان چۆن رێك ده‌خرێته‌وه بۆ داهاتوو؟
بۆ پرسی پێشمه‌رگه سیسته‌م هه‌یه و پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌غدا حسێبی بۆ ده‌كات جیاوازی هه‌یه، ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ی له هه‌رێم هه‌یه سه‌ر به هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌گه‌ر رۆژێك له رۆژان حكوومه‌تی عێراق پێویستی به‌وان هه‌بێت، ده‌بێت داوا له سه‌رۆكی هه‌رێم بكات و ئه‌ویش رازی بێت كه ئه‌و هێزانه جموجووڵ بكه‌ن، واته بێ ره‌زامه‌ندی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه ناجووڵێت، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌رێم پێویستی به سوپای عێراق بێت یان عێراق ویستی سوپا ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات، دیسان پێویسته سه‌رۆكی هه‌رێم رازی بێت و دوای دوو مانگ ده‌توانن ئه‌و هاوكاری و جموجووڵه درێژ بكه‌نه‌وه.
*وه‌ك ئه‌زموونی ئێوه له به‌غدا، هۆی بێبه‌شكردنی هێزی پێشمه‌رگه له چه‌كداركردن چییه؟ له‌و كاته‌ی ده‌گوترێ پێشمه‌رگه به‌شێكه له دامه‌زراوه‌ی به‌رگریی عێراق.
له‌وه‌ته‌ی عێراق و كورد هه‌ن پێك نه‌هاتوون و تا ئێسته كێشه‌ی نه‌بوونی متمانه له نێوانیان به رژدی چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، كورد داوای ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له سنووری ماده‌ی 140ی ده‌ستوور ده‌كات، ئه‌وانیش هه‌میشه ترسیان له‌وه هه‌یه ئه‌گه‌ر كورد ئه‌وانه به‌ده‌ست بێنێت، داوای سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن، بۆیه نایانه‌وێ پێشمه‌رگه و هه‌رێم به‌هێزتر بن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن كوردستان ئیحتیوا بكه‌ن. ئه‌وكاته‌ی له به‌غدا بووین هه‌وڵی ته‌واومان دا بۆ دابینكردنی بودجه‌ی پێشمه‌رگه، به‌ڵام نه‌یانده‌كرد، ئه‌مجاره‌یش كه دانراوه شتێكی باشه، به‌ڵام به‌پێی ژماره‌ی پێشمه‌رگه نییه كه له 100 هه‌زار زیاتره و ئه‌وان حسێبی 50-60 هه‌زاریان كردووه.
*پرسی راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازی به‌سه‌ر داعش تا چه‌ند دروست بوو، ئایا په‌له‌ی تێدا نه‌كرا و بڕیاره‌كه زیاتر سیاسی نه‌بوو؟
من هه‌میشه دژی په‌له‌كردنم و پێویسته له‌و جۆره بڕیار و لێدوانانه په‌له نه‌كرێت، راسته ئه‌وكاته‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر داعش راگه‌یاند، هیچ ناوچه‌یه‌ك به ده‌ستی داعشه‌وه نه‌مابوو، به‌ڵام هێزی گه‌ڕۆك و شانه نوستووه‌كانیان له هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی پێشتر داگیریان كردبوو، هه‌بوون و به‌ڵگه‌یش بۆ ئه‌مه كرده تیرۆریستی و ته‌قینه‌وه‌كان نه‌وه‌ستاون، ده‌بوو عه‌بادی ئه‌وه‌ی رانه‌گه‌یاندایه و ئه‌و له خۆشیی ئه‌وه‌ی داعش له‌ناو چووه و ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی له ده‌ستی كورد ده‌رهێناوه وای گوت، وای حسێب كرد كه شانازییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ خۆی تۆمار كردووه.
*ئێسته سوپای عێراق له چ ئاستێكدایه و كێشه‌كانی چین، به‌تایبه‌تی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و هاوشێوه‌كانی؟
توانای سوپای عێراق وه‌ك ژماره و تفاقی سه‌ربازی له تانك و ته‌یاره و چه‌ك زۆر باشه و چه‌كی ئه‌مه‌ریكایی نوێی به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی له سه‌ركردایه‌تی و كۆنترۆڵكردنه كه هاودژییه‌ك هه‌یه به‌وه‌ی سوپا له‌لایه‌ك و پۆلیسی فیدراڵ و دژه‌تیرۆر و حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌كی تر، ئه‌وانه له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆك نین، بۆیه ئه‌گه‌ر هاریكاری و هاوئاهه‌نگی له‌ناو سوپادا نه‌بوو، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه.
*ئێسته باسی كردنه ده‌ره‌وه‌ی هێزی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت، ئه‌و پرسه تا چه‌ند له به‌رژه‌وه‌ندی عێراقه، ئاخۆ سوپای عێراق له‌و ئاسته‌دایه كه داوایه‌كی وا بكرێت؟
عێراق زۆر هه‌ڵه‌یه له‌و بابه‌ته، ئه‌وكاته‌ی عێراق پێوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوودا هه‌بوو، ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌رباز و شاره‌زایانی سۆڤیه‌ت له عێراق هه‌بوون، له ساڵانی 1969-1970 له كۆلێجی سه‌ربازی بووم له به‌غدا، ئه‌وكات 35 هه‌زار شاره‌زای سۆڤیه‌تی له‌ناو سوپای عێراقدا هه‌بوون له راهێنه‌ر و راوێژكار و شاره‌زای سه‌ربازی و زۆرینه‌ی چه‌كی عێراقیش سۆڤیه‌تی بوو، ئێسته‌یش زۆرینه‌ی چه‌كی عێراق و رێكخستنی ئه‌مه‌ریكاییه، بۆیه بوونی ئه‌مه‌ریكا له عێراق پێویستییه، دواتر ئه‌و هاوكارییه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێشكه‌شی عێراقی ده‌كات له دژی داعش و تیرۆریستان ناتوانرێت ده‌ستبه‌رداری بن، وا باشتره په‌له نه‌كرێت له‌و بابه‌ته.
پێشتر كه سوپای ئه‌مه‌ریكا له 2011 له عێراق پاشه‌كشه‌ی كرد، سوپای عێراق تووشی ته‌نگژه هاته‌وه، چونكه وا دانرابوو ئه‌و سوپایه له 2020 ببێته سوپایه‌كی تۆكمه، بۆیه ناكرێت ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره دووباره بكرێته‌وه.
جیا له‌وه‌ی به ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق كێشه‌ی گه‌وره له نێوان پێكهاته‌كان دروست ده‌بێته‌وه، ئه‌و كاته‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا پێشتر له عێراق بوو، هێزی سه‌حوه‌ی له ناوچه سوننه‌كان دامه‌زراند كه زۆرینه‌ی هۆزه سوننه‌كان به‌شدارییان تێدا كرد و ناوچه‌كانی خۆیان ده‌پاراست و وه‌ك ده‌یانگوت پارێزگای ئه‌نبار ئه‌وه‌نده ئه‌مین بوو كه سه‌رده‌می سه‌دام حوسێنیش وانه‌بوو، دوای پاشه‌كشه‌كردنی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وانه هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه و كێشه جارێكی تر رووی له‌و ناوچانه كرده‌وه، بۆیه بوونی ئه‌مه‌ریكا مسۆگه‌رییه بۆ دروستبوونی هاوسه‌نگی له نێوان خه‌ڵكی عێراق.
*پرسی كه‌ركووك و ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان له رووی بڵاوبوونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و ئاسایشی سه‌ر به هه‌رێم تێیاندا، راستییه‌كه‌ی چییه؟
زانیاری وردم له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نییه كه ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر خه‌ت بێت یان رازی بووبن، به‌ڵام تا هێزی پێشمه‌رگه و ئاسایش و كورد نه‌چنه‌وه كه‌ركووك و ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بۆ هاریكاریكردنی سوپای عێراق، ئه‌و ناوچانه سه‌قامگیر نابن، چونكه هاریكاری پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه جیاوازی هه‌یه وه‌ك له هاریكارییان له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی یان سوپای عێراق و ئه‌و ناوچانه زۆرینه‌یان كوردن و پێویسته كورد ئه‌و ناوچانه بپارێزێت.
*هه‌رێمی كوردستان تا چه‌ند ئاماده‌یه بۆ ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشێكی تر و ئه‌گه‌ر خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌كرایه، هێزه‌كانی عێراق ده‌یانتوانی به‌و شێوه‌یه ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان كۆنترۆڵ بكه‌ن؟
سه‌ره‌تا كه داعش هات پێشمه‌رگه تووشی شۆك بوو، چونكه ئاماده‌باشی نه‌بوو و نه‌یانده‌زانی داعش به‌ره‌و كوردستان هێرش ده‌كات و هه‌موو پێشبینییه‌كان به ئه‌مه‌ریكاییه‌كانیشه‌وه هه‌ر وابوو، به‌ڵام كه هاتن به‌ره‌و كوردستان به‌و هه‌موو چه‌ك و تانك و زرێپۆشه‌ی له سوپای عێراقیان گرتبوو، كوردیش چه‌كی وای به‌ده‌سته‌وه نه‌بوو، شۆك دروست بوو، به‌ڵام پێشمه‌رگه خۆی گرته‌وه و داعشیان تێك‌شكاند و هاوپه‌یمانان هاوكارییه‌كی باشیان كردین، بۆیه ئێسته هێزی پێشمه‌رگه به‌هێزه و ئاماده‌یه و هێڵێكی به‌رگریی هه‌یه له سنووره‌كانی سووریاوه به دووری پێنج كیلۆمه‌تر له باكوری ره‌بیعه تا باكوری خانه‌قین كه زۆر تۆكمه و توندوتۆڵه، بڕوا ناكه‌م داعش به هیچ شێوه‌یه‌ك بتوانێت به‌و هێزه‌ی هه‌یانه ئه‌و هێڵه بشكێنن.
ئه‌و جه‌نگه‌ی له پردێ و سحێلا كرا له كه‌ركووك بكرایه، جه‌نگ له‌وێ ته‌واو ده‌بوو و ئه‌وانه‌ی روویان دا دروست نه‌ده‌بوون، به‌داخه‌وه كارێكی خراپیان كرد و دڵنیاشم له‌وه‌ی ئێسته ئه‌وان په‌شیمانن له‌وه‌ی كردیان كه گورزێكی گه‌وره‌یان له كه‌ركووك و خه‌ڵكی ناوچه‌كانی شنگال و زومار و مه‌خموور و خانه‌قین دا، بۆیه دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه ئه‌و جه‌نگه له‌وێ بكرایه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هات.