به‌شی دووه‌م
حه‌مه‌كه‌ریم عارف له حه‌فتاكانی سه‌ته‌ی ڕابردووه‌وه ده‌نووسێت، سه‌رنووسه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری چه‌ندان ڕۆژنامه و گۆڤار بووه. له ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ته‌ی ڕابردوو تا ساڵی ٢٠١٠ سه‌رپه‌رشتیار و سه‌رۆكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد – لقی كه‌ركووكی كردووه. نێزیكه‌ی ١٤٠ به‌رهه‌می چاپ و بڵاو كردوونه‌ته‌وه. ئەو لە بەشی دووەمی دیمانه‌ی "وشه"دا، رەخنە لە وەرگێڕەکان دەگرێت و دەلێ وه‌رگێڕ ده‌بێت پشوودرێژ و كۆڵنه‌ده‌ر بێت و ئاشقی كاره‌كه‌ی ببێت.
ئایا ده‌كرێ وه‌رگێڕێك له هه‌موو ژانره‌كانی وێژه كار بكات و بابه‌ته‌كان وه‌رگێڕێت؟
وه‌رگێڕ بۆ ئه‌وه‌ی جێده‌ستی له بزاڤی ڕۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی خۆیدا دیار بێ، یه‌ك بواری كاری قه‌ڵه‌مڕانی بگرێت باشتره، هه‌م كاریگه‌ریی ڕۆشنبیریی زیاتر ده‌بێت و هه‌م له ڕووی زمان و گوزارشتی زمانه‌وانییه‌وه پتر له زمانی ئه‌و بواره‌دا قاڵ ده‌بێته‌وه، توانا و وزه گوزارشته‌وانییه په‌نهانه‌كانی كه‌شف ده‌كات، به كورتی وه‌رگێڕ له‌وه ده‌رده‌چێت ته‌نیا وشه‌دانێكی وشكی په‌یڤان بێت، به‌ڵكو له بواری خۆیدا داهێنان ده‌كات.
زۆری به‌رهه‌می پاچه‌ڤه، متمانه بۆ وه‌رگێڕ مسۆگه‌ر ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌ڵێ بۆچی، ئه‌گه‌ر نه‌خێر بۆچی؟
هه‌ڵبه‌ته سه‌رچاوه‌ی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر كارێك ئاشقییه له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌دا، بۆیه وه‌رگێڕ ده‌بێت پشوودرێژ و كۆڵنه‌ده‌ر بێت و ئاشقی كاره‌كه‌ی ببێت، پیشانی خه‌ڵكانی له خۆی شاره‌زاتری بدات، پرسیار بكات، وه‌ك ده‌ڵێن پرسا و دانا بێت، به‌رهه‌مێك یان كتێبێك هه‌ڵبژێرێت كه له‌گه‌ڵ زه‌وق و سه‌لیقه و سروشتی خۆیدا بگونجێت. وه‌ك چۆن مرۆڤ له ژیانی ڕۆژانه‌دا ناتوانی هاوڕێیه‌تی هه‌موو كه‌سێك بكات و زیاتر كه‌سانێك بۆ هاوڕێ هه‌ڵده‌بژێرێ كه له ڕووی ئاكار و ڕه‌فتار و ته‌بیعه‌ته‌وه لێوه‌ی نزیكن و له‌گه‌ڵی ده‌گونجێن، ده‌بێ به‌و ئاوایه‌یش كتێب هه‌ڵبژێریت، كه پڕ به پێستی زه‌وق و سه‌لیقه‌ی خۆی بێت، چونكه له‌وه‌یه وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مێك چه‌ند مانگێك و هه‌ندێك جار چه‌ند ساڵێك بخایه‌نێ، ئه‌گه‌ر كاره‌كه هه‌ڵبژێراوی زه‌وق و سه‌لیقه‌ی خۆت نه‌بێت، چۆن ئه‌و هه‌موو وه‌خته‌ی له‌گه‌ڵدا به‌سه‌ر ده‌به‌یت!
هه‌ڵبه‌ته پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی كولتووریش بۆ خۆی مه‌سه‌له‌یه‌كه. به‌تایبه‌تی بۆ میله‌تێك خاوه‌نی كتێبخانه‌ی هه‌ژار و پڕ كه‌لێن و بۆشایی بێت، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه وه‌رگێڕ هه‌ر كتێبكی به ده‌سته‌وه هات خێرا پڕی بداتێ و به‌گژ وه‌رگێڕانیدا بچێت. چونكه هیچ وه‌رگێڕێك نییه بتوانێ له هه‌موو كایه ئه‌بستمۆلۆجییه‌كاندا كار بكات، بۆیه توانا و سه‌لیقه و به‌هره‌ی هه‌ر وه‌رگێڕێك ده‌بێت به ڕێنوێنی هه‌ڵبژداردنه‌كانی وه‌رگێڕ، كه توانا و سه‌لیقه و به‌هره‌ی هه‌ر وه‌گێڕێك ڕه‌چاو نه‌كرا، هه‌نگێ كاره‌كه‌ی ده‌بێت به بێگار و سوخره و سوخره‌كێشی و به په‌له‌پڕوزێ و به‌شێوه‌یه‌كی جه‌ڵه‌بی و بازاڕی له كۆڵی ده‌كاته‌وه.
جا له‌م حاڵه‌ته‌دا نه‌كردنی زۆر باشتره. هه‌ڵبه‌ته كه باسی پیشه و وه‌رگێڕی پیشه‌یی ده‌كرێت، ئه‌مه به‌و مانایه نییه وه‌رگێڕ هه‌ر كارێكی وه‌رگێڕانی هاته به‌رده‌ست یان پێی سپێرا، بێ چه‌ندوچوون بیكات، نه‌خێر، وه‌رگێڕی پیشه‌یی كه‌سێكه به كاری وه‌رگێڕان- نه‌ك هه‌موو بوارێكی پاچڤه‌وانی- بژی و له ڕێی وه‌رگێڕانه‌وه ژیان و بژێوی خۆی دابین بكات و هه‌موو ژیانی خۆی بۆ وه‌رگێڕان ته‌رخان بكات و ده‌رامه‌تێكی ئه‌وتۆی ده‌ست بكه‌وێ، كه پێویستی به هیچ كار و ده‌رامه‌تێكی تر نه‌بێت، یانی به كاره‌كه‌ی و بۆ كاره‌كه‌ی بژی.
جا به‌م گه‌ز و پێوانه‌یه، ئێمه نه‌ك وه‌رگێڕی پیشه‌ییمان نییه، به‌ڵكو نووسه‌ری پیشه‌ییشمان نییه. به‌كورتی و به‌كوردی چۆنێتی مه‌رجه نه‌ك چه‌ندێتی.
ئایا وه‌رگێڕان له زوانی سێیه‌م و چواره‌مه‌وه دووركه‌وتنه‌وه نییه له مه‌به‌ستی بنووس و ده‌ق تاموچێژی خۆی له ده‌ست نادات؟
وه‌ك گوتمان وه‌رگێڕان بۆ خۆی جۆره گفتوگۆیه‌كه، جا ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌وه بێت، هه‌نگێ گفتوگۆكه ده‌كاته گفتوگۆیه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، وه‌ك ئه‌وه‌یه دوو لایه‌نی كێشه‌یه‌ك، بێن له ڕێی میانچی و به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ گفتوگۆ بكه‌ن، كه هه‌رگیز جێی گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ و زیندوو ناگرێته‌وه و سه‌ركه‌وتنیشی دووره.
وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌وه چاوه‌ڕوانی وردی و ئه‌مانه‌تدارییه‌كی ئه‌وتۆی لێ ناكرێت، كه جێی متمانه بێت. ئه‌و جۆره وه‌رگێڕانه وه‌ك كه‌لوپه‌لی ده‌ستی دووه‌مه و نه ڕه‌ونه‌ق و نموود و نه بایه‌خ و له‌زه‌تی كه‌لوپه‌لی ده‌ستی یه‌كه‌می هه‌س. چونكه له حاڵه‌تی وادا وه‌رگێڕ چه‌ند به توانایش بێ، ناتوانێ وێنه‌ی ده‌قه ئۆرجیناڵه‌كه‌مان پیشان بدات، ئه‌وپه‌ڕی جامێكی شێواوی ده‌قه‌كه‌مان ده‌خاته به‌رده‌ست. به‌داخه‌وه به‌شێكی زۆری كاری وه‌رگێڕان لای ئێمه له زمانی دووه‌مه‌وه و بڕێ جار له زمانی سێیه‌مه‌وه ده‌كرێ، كه تا ده‌ستی زیاتر بكات، پتر كاڵ ده‌بێته‌وه و وه‌ختێ ده‌گاته لای ئێمه ته‌واو كاڵ بووه‌ته‌وه و پێم وایه یه‌كێك له هۆیه‌كانی كه‌می شوێنه‌واری كاری وه‌رگێڕان له ژیانی ڕۆشنبیریماندا ئه‌وه‌یه.
بێگومان وه‌رگێڕان له ده‌قی ئه‌سڵه‌وه بكرێت زۆر باشتره. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ڕووی ناچارییه‌وه له زمانی دووه‌مه‌وه بكرێت، ئه‌وا حه‌قه وه‌رگێڕ هه‌م بۆ ئاسووده‌یی ده‌روونی و ویژدانی خۆی و هه‌م بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی متمانه‌ی خوێنه‌ر، له‌گه‌ڵ چه‌ند وه‌رگێڕانێكی تر /ئه‌گه‌ر هه‌بێ/ به‌راوردی بكات و ئه‌و ڕه‌خنه و وتارانه بخوێنیته‌وه كه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه نووسراون، پێشه‌كی و ڕوونكردنه‌وه و په‌راوێزیش بۆ وه‌رگێڕانه‌كه‌ی خۆی بنووسێت.
ڕه‌وشی وه‌رگێڕان به‌گشتی له زوانه‌كانی تر بۆ سه‌ر زوانی كوردی چۆن ده‌بینی؟
وه‌رگێڕ له سه‌رێتی له ڕێی هه‌ڵبژاردن و داڕشتی گونجاوی وشه‌وه هه‌مان كاریگه‌ریی و ڕوونی و ڕه‌وانی ده‌قه ئۆرجیناڵه‌كه به وه‌رگێڕانه‌كه‌ی خۆی ببه‌خشێت. ئه‌مه‌یش خۆی له خۆیدا به‌و مانایه‌یه كه وه‌رگێڕ پێویسته خۆی له وه‌رگێڕانی وشه به وشه بپارێزێت، چونكه وه‌رگێڕانی وشه به وشه هه‌م چه‌مكی ده‌قه ئه‌سڵییه‌كه زه‌ده‌دار ده‌كات و هه‌م جوانی گوزارشت و ده‌ربڕینه‌كه‌ی ده‌شێوێنێ. بۆیه وه‌رگێڕ ده‌بێ ئه‌وه‌ی له‌لا عه‌یان بێ، وه‌ختێ له پرۆسه‌ی وه‌رگێڕاندا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دوو زماندا ده‌كرێت، ئه‌م دوو زمانه ده‌كه‌ونه كارلێكی ڕۆشنبیری و هونه‌رییه‌وه، بۆیه ئاسیو به یه‌كتر ده‌گه‌یه‌نن، هه‌ریه‌كه‌یان به‌لای ئه‌ویتردا ده‌كشێت، ده‌ستوور و پێكهاته و بنیات و ڕسته‌سازی و تایبه‌تمه‌ندی تر له یه‌كتر وه‌رده‌گرن، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ كه‌سێكی زۆر شاره‌زای هه‌ردوو زمانی یه‌كه‌م و دووه‌م نه‌بێت، ئه‌وا یه‌كێك له‌و دوو زمانه ئه‌ویتر غه‌زوو ده‌كات و ڕیسه‌كه‌ی ده‌بێته‌وه به خوری و له‌و سه‌ره‌وه ڕه‌نج به خه‌سار ده‌رده‌چێت، به‌داخه‌وه ئه‌م حاڵه‌ته له به‌شێكی زۆری ئه‌و وه‌رگێڕانانه‌دا ده‌بینم كه خوێندوومه‌تنه‌وه و گه‌لێك له‌و وه‌رگێڕانانه‌ی له بازاڕدان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن، كه گه‌لێك له پاچڤه‌وانه‌كانمان ته‌نیا زمانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆیان به نیوه‌چڵی و به سه‌قه‌تی ده‌زانن و زۆر دوورن له كه‌له‌پووری زمانی كوردییه‌وه و له كاتی وه‌رگێڕاندا به كوردی بیر ناكه‌نه‌وه، بۆیه ئه‌و لێشاوی وه‌رگێڕانه، نه‌یتوانیوه بزاڤێكی ڕۆشنبیریی ڕه‌سه‌ن به ئاڕاسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌دا چێ بكات.
هۆیه‌كی تری شپرزه‌یی و په‌شێوی ئه‌و وه‌رگێڕانانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پابه‌ندی هه‌ندێ له وه‌رگێڕه‌كان، به‌تایبه‌تی كه‌م ئه‌زموونه‌كانیان به وه‌رگێڕانی وشه به وشه، وه‌رگێڕ كه كار له‌سه‌ر ده‌قێك ده‌كات و ده‌یه‌وێ بۆ زمانی دووه‌می بگوازێته‌وه، دێت به‌پێی یاسا و ڕێسای زمانی یه‌كه‌م، له‌ناو زمانی دووه‌مدا بیر ده‌كاته‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی میكانیكی وشه و ده‌سته‌واژه و بونیادی ده‌ستووری و زمانه‌وانی ده‌قه ئه‌سڵه‌كه ده‌گوازێته‌وه و به‌و جۆره ده‌قایه‌تی ده‌قه ئه‌سڵه‌كه، له زمانی دووه‌مدا نه‌ك هه‌ر به‌رجه‌سته نابێت، به‌ڵكو له‌بار ده‌چێت. ئه‌مه بۆ نه‌شاره‌زایی و كه‌مئه‌زموونی و تێنه‌گه‌یشتنی وه‌رگێر له بابه‌تی ده‌ق و ته‌مه‌ڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
وه‌رگێڕانی وشه به وشه زۆرجار له كۆڵكردنه‌وه‌یه، وه‌رگێڕ به به‌ردێك دوو چۆله‌كه ده‌كوژێت، هه‌م تێنه‌گه‌یشتنی خۆی له ده‌قه‌كه، له خوێنه‌ر ده‌شارێته‌وه و هه‌م لافوگه‌زافی ئه‌مانه‌تداریش لێده‌دا، له كاتێكدا ئه‌مانه‌تداری به‌و مانایه نییه كه نابێ تاقه وشه‌یه‌ك له ده‌قی زمانی یه‌كه‌مدا به‌بێ وه‌رگێڕان بمێنێته‌وه یان چ وشه‌یه‌ك نه‌هێنرێته ناو زمانی ده‌قه وه‌رگێڕاوه‌كه‌وه، كه هاوتایه‌كی له ده‌قه ئه‌سڵه‌كه‌دا نه‌بێت، به‌ڵكو وه‌رگێڕ ده‌بێ قاڵب و سیسته‌می ڕسته‌به‌ندی زمانی یه‌كه‌می ده‌قه‌كه تێكبشكێنێ و له قاڵب و سیسته‌می ڕسته‌به‌ندی زمانی دووه‌مدا دایبڕژێته‌وه و ده‌قایه‌تی ده‌قه‌كه‌یش بپارێزیت. ئه‌مه به بێ ورده ده‌سكاریی زۆر وه‌ستایانه هه‌رگیز نایه‌ته دی.
خۆ جاری وا هه‌یه ئیدیۆمێك یان زاراوه‌یه‌ك له زمانێكدا جێی ڕسته‌یه‌كی ته‌واوی زمانێكی تر ده‌گرێته‌وه، خۆ ناكرێت به ناوی ئه‌مانه‌تدارییه‌وه به‌كار نه‌برێ و بكرێ به قوربانی پاچڤه‌ی وشه به وشه! ئه‌مه هه‌ندێ له‌و كه‌موكوڕییانه‌ن كه له هه‌ندێ كاری وه‌رگێڕانی كوردیدا سه‌رنجیان ڕاكێشاوم.
به‌گشتی له زمانی كوردیدا ئێسته وه‌رگێڕان زۆرتره له ده‌قی خۆماڵی، ده‌گوترێ ئه‌و بواره‌یش زۆروبۆری تێكه‌وتووه و ده‌زگه‌كان ڕه‌چاوی به‌رهه‌می باش ناكه‌ن، گوێیان لێ نییه كام وه‌رگێڕ باشه و كتێبخانه‌ی كوردی شێواوه، تێبینی ئێوه چییه له‌و ڕووه‌وه؟
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی خێرای ئه‌و كاره وه‌رگێڕاوانه‌ی بازاڕی چاپ و په‌خشی كوردی بده‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ زۆربه‌ی وه‌رگێڕه‌كان ته‌نیا زمانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆیان به نیوه‌چڵی و به سه‌قه‌تی ده‌زانن، بۆیه ئه‌و لێشاوی وه‌رگێڕانه نه‌یتوانیوه بزاڤێكی ڕۆشنبیریی ڕه‌سه‌ن به ئاراسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌دا دروست بكات و بیخاته سه‌ر سكه. جا به‌م پێیه ئێمه ئه‌مڕۆ نه زمانی ستانداردی خوێندن و نووسینی نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌یه، نه گوتاری ڕۆشنبیری یه‌كگرتووی نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌یه. دیاره ئه‌م دیارده و حاڵه‌ته نه‌رێنییه، كار له ڕێژه‌ی ژماره‌ی خوێنه‌ران ده‌كات و سنووری بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌قه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری ڕۆشنبیری ده‌قه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه. چونكه زیندووێتی و كاریگه‌ری ڕۆشنبیریی ده‌ق به خوێنه‌ره‌وه به‌نده و به خوێنه‌ر و له خوێنه‌ردا زیندووه.
بۆ نموونه زۆر ده‌ق هه‌یه كه له مێژه نووسه‌ره‌كانیان له ژیاندا نه‌ماون، به‌ڵام خۆیان له جاران زیندووترن و له مه‌ودایه‌كی به‌ربڵاودا ده‌خوێنرێنه‌وه، ده‌ستاوده‌ست ده‌كه‌ن.
به‌هه‌رحاڵ ده‌زگه فه‌رمی و نیمچه فه‌رمییه‌كان كه زیاتر حزب یان حكوومه‌تیان له پشته، زۆر نیگه‌رانی فرۆشی به‌رهه‌مه‌كانیان نین، ده‌توانن ده‌ست له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبی بژارده و باش دابگرن و چۆنایه‌تی باڵایان به‌لاوه گرنگ بێت و هه‌قده‌ستی باش به نووسه‌ر و پاچڤه‌وانان بده‌ن، زیاتر به دووی كتێبی باش و نووسه‌ر و وه‌رگێڕی چاكدا بگه‌ڕێن، هه‌وڵ بده‌ن به‌رنامه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌یان هه‌بێ و به هاوئاهه‌نگی یه‌كتر ئه‌و كتێب و ده‌قه بیانییانه وه‌ربگێڕن، كه ڕۆڵی پیشڕه‌وانه‌یان هه‌یه و خێرایی به بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و زانستی خۆماڵی ده‌به‌خشن، نه‌ك به‌گوێره‌ی ڕێكه‌وت و به‌پێی حه‌زی وه‌رگێڕ كتێب چاپ بكه‌ن، یانی زیاتر بایه‌خ به چۆنایه‌تی بده‌ن تا چه‌ندایه‌تی، ده‌قه وه‌رگێڕاوه‌كان هه‌ڵبسه‌نگێنن، پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكه‌ن، گرنگییه‌كی زۆر به دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان بده‌ن، یانی ناوبانگێكی ڕۆشنبیری ئه‌وتۆ بۆ خۆیان په‌یدا بكه‌ن، كه ببن به جێی متمانه‌ی خوێنه‌ران و ناوه‌نده ڕۆشنبیرییه‌كه، مۆر و ئاڕمی ئه‌وان به‌سه‌ر هه‌ر كتیبێكه‌وه بێت بۆی ببێت به پاسپۆڕت و ڕۆشنبیریی و گه‌واهی بۆ باشی كتێبه‌كه. ئه‌مه‌یش به‌وه دێته دی بڵاوكراوه‌كانیان هه‌ڵبژارده بێت، پشت به وه‌رگێڕی نمره یه‌ك و كارامه و زه‌به‌رده‌ست ببه‌ستن و هه‌قده‌ستی باش به وه‌رگێڕ بده‌ن. كارێكی وه‌ها بكه‌ن وه‌رگێڕ پێویستی به هیچ ده‌رامه‌تێكی تر نه‌بێت، به كاره‌كه‌ی خۆی كه وه‌رگێڕانه بژی.
یانی پشت به‌و پاچڤه‌وانانه ببه‌ستن كه كاره‌كانیان پوخته بێ و پێداچوونه‌وه‌ی نه‌وێت و خه‌رجی پێداچوونه‌وه‌یان له كۆڵ ببێته‌وه، تا ده‌توانن نرخی زۆر كه‌م و گونجاوی له‌گه‌ڵ گیرفانی خوێنه‌ردا، له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان دابنێن، به ڕێكوپێكی به‌سه‌ر كتێبفرۆشییه‌كانی ناو وڵات و ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا دابه‌شی بكه‌ن. له كه‌ناڵه میدیاییه‌كاندا ڕێكلامی بۆ بكه‌ن، له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كاندا بانگه‌شه‌ی خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ن.
تا ده‌كرێت خۆیان له پاچڤه‌ی دووباره و سێباره بپارێزن به تایبه‌تی پاچڤه‌ی دووباره‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه هه‌موو مه‌رجێكی پاچڤه‌ی باشیان تێدایه، چونكه ئه‌م كاره خۆی له خۆیدا پاشه‌كه‌وتی وه‌ختی وه‌رگێڕ و وه‌ختی ده‌زگه‌كه‌شه، پاشه‌كه‌وتی پاره‌ی تێچوونی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌یه، له هه‌مان كاتدا كۆنترۆڵكردنی بازاڕی فرختی كتیبه‌كه‌یه، له جیاتی ڕێژه‌ی فرۆختی كتێبه‌كه به‌سه‌ر دوو یان سێ پاچڤه‌دا دابه‌ش ببێت، بۆ یه‌ك پاچڤه‌ی باش بێت زۆر باشتره و خوێنه‌ریش تووشی سه‌ره‌گێژكێ نابێت. خۆ ئه‌گه‌ر داواكاری له‌سه‌ر بوو له بازاڕدا نه‌ما، ده‌شێت چاپ بكرێته‌وه.
بۆ نموونه من كاتی خۆی به‌ده‌م ژیانی پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه چیڕۆكه‌كانی سه‌مه‌دی بیهره‌نگیم پاچڤه كردوون، چه‌ند جارێك له شاخ چاپ بوون و له ساڵی 2004دا له‌لایه‌ن كتێبخانه‌ی ئاویه‌ر به‌یه‌ك به‌رگی 240 لاپه‌ڕه‌یی بڵاو كرایه‌وه، كه‌چی تازه له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ی موكریانییه‌وه پاچڤه‌یه‌كی تری چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه به متمانه‌وه ده‌ڵێم پاچڤه‌كه‌ی به‌نده له زۆر ڕووه‌وه له پاچڤه‌ی دووه‌م باشتره، هه‌رهه‌مان ده‌زگه، پاچڤه‌ی دووه‌می كارێكی تری به‌نده كه ڕۆمانێكی فه‌ریبا وه‌فییه، چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه و پاچڤه‌كه‌ی به‌نده له زۆر ڕووه‌وه له‌ویش باشتره. هه‌ڵبه‌ته پاچڤه به‌و پێیه‌ی ئه‌وزاری گفتوگۆی خه‌ڵك و شارستانی جیاوازی زمانه، ده‌بێ ده‌زگه‌كان بایه‌خ به وه‌رگێڕانی خۆماڵیش بۆ زمانانی بیانی بده‌ن، تا هاوكێشه‌ی گفتوگۆكه بێته دی و زۆر شتی تریش.
وشه/ دیمانه- ژیڤان خۆرانی