ئه‌مساڵ پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له قوتوونانی خۆراك ده‌ست به به‌رهه‌مهێنان ده‌كات
سامان عاره‌ب به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی هه‌ولێر له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا باس له دوایین دۆخی وه‌به‌رهێنان له كوردستان به‌گشتی و هه‌ولێر به‌تایبه‌تی ده‌كات. رایشی ده‌گه‌یه‌نێت كه وه‌به‌رهێنان له كوردستان له ساڵی 2018ه‌وه به رێژه‌ی 300% به‌رز بووه‌ته‌وه و به‌گوێره‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ی پێشكه‌ش كراون، پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێ دۆخی وه‌به‌رهێنان له ساڵی 2019 له سه‌رجه‌م ساڵانی ته‌نگژه‌ی دارایی باشتر بێت.
ئه‌و وێڕای ئاشكراكردنی پلانی ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌ت به نیشته‌جێبوون، ئاماژه به گرنگیی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی ده‌كات و ده‌ڵێ، به‌شێك له وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه كوردستان و ده‌یانه‌وێ درێژه به كاره‌كانیان بده‌ن.
دوای پێنج ساڵ له ته‌نگژه‌ی دارایی وه‌به‌رهێنان له كوردستان له چ دۆخێكدایه؟
باشترین كاتی وه‌به‌رهێنان له هه‌ولێر و له هه‌موو كوردستانیش له ساڵی 2013 بووه، به‌ڵام دوای بڕینی بودجه له‌لایه‌ن نووری مالیكی له 2014 و هاتنی داعش، كاریگه‌ریی خراپی بۆ سه‌ر وه‌به‌رهێنان هه‌بوو و رووی له دابه‌زین كردووه، به‌شێوه‌یه‌ك له ساڵانی 2016 و 2017 نزمترین ئاستی وه‌به‌رهێنان تۆمار كرا، به‌ڵام دوای ئاساییبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و سه‌ردانی سه‌رۆك بۆ به‌غدا، كاریگه‌ریی راسته‌وخۆی له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان هه‌بووه. له ساڵی 2018 ژماره‌ی مۆڵه‌ته‌كان به‌راورد به 2017 و 2016 سه‌رووی 300% زیادی كردووه.
له هه‌ولێر به‌گشتی 450 مۆڵه‌ت دراوه له 11 كه‌رتی جیاواز و دڵخۆشین كه پڕۆژه پیشه‌سازییه‌كان له پله‌ی یه‌كه‌م دێن، دواتر گه‌شتیاری و بازرگانی و په‌روه‌رده‌یی و پێشبینیش ده‌كرێ له ساڵی 2019 پڕۆژه‌ی زیاتر و باشتر پێشكه‌ش بكرێن به‌تایبه‌تی له سێكته‌ری پیشه‌سازی.
حكوومه‌تیش باوه‌ڕی به‌وه هه‌یه ژێرخانی ئابووری وڵات به گرنگیدان به كه‌رتی پیشه‌سازی پێش ده‌كه‌وێت. ئه‌وانه‌ی له 2018 مۆڵه‌تیان پێ دراوه، پڕۆژه‌ی ستراتیجین كه پێشتر وه‌به‌رهێنه‌ران روویان له نیشته‌جێبوون ده‌كرد، به‌ڵام دوای راگرتنی پێدانی مۆڵه‌ت به‌و كه‌رته، پلانی پێنج ساڵی بۆ پڕۆژه‌كانی تر دانرا كه زیاتر گه‌شتیاری و پیشه‌سازی و كشتوكاڵی بوون.
قه‌باره‌ی پڕۆژه‌كان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی، ئایا پڕۆژه‌ی ستراتیجییان تێدایه؟
ساڵی 2018 كۆمه‌ڵێك پرۆژه پێشكه‌ش كراون كه سه‌رمایه‌كانیان سه‌رووی 100 و 200 ملیۆن دۆلاره. چاوه‌ڕوانین پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پیشه‌سازی بواری له قوتوونانی خۆراكی له 2019 به‌رهه‌مه‌كانی بخاته‌ڕوو كه له ژێر جێبه‌جێكردندایه و جگه له ناوخۆ، به‌رهه‌مه‌كانی بۆ پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقیش ده‌نێرێت. جگه‌له‌مه له بواری پیشه‌سازی چیمه‌نتۆ و كاره‌با و ئاسن و پڕۆژه‌ی تر هه‌ن كه ستراتیجین و چاوه‌ڕوانین له 2019 بكه‌ونه بواری جێبه‌جێكردن و هه‌لی كار ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
له 2014ه‌وه به‌شێك له كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ره بیانییه‌كان پاشه‌كشه‌یان له پڕۆژه‌كانیان له كوردستان كردبوو، ئێسته رۆڵیان چۆنه، ئایا ژماره و قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانی بیانی له به‌رزبوونه‌وه‌دایه؟
له كۆی سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانی كوردستان پشكی كۆمپانیا بیانییه‌كان 13% بووه، هاوكات نزیكه‌ی 8%ی پڕۆژه‌كانیش به هاوبه‌شی جێبه‌جێ كراون، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات سه‌رووی 80%ی وه‌به‌رهێنه‌ران ناوخۆیی بوون. دیاره هۆكاری كه‌میی وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی بۆ رۆڵی خراپی حكوومه‌تی ناوه‌ندی و بانكی ناوه‌ندیی عێراق بووه و به‌گشتی له‌مپه‌رێك بوون له به‌رده‌م گواستنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی ده‌ره‌كی بۆ هه‌رێمی كوردستان. چونكه ئه‌و مه‌رج و رێسایانه‌ی بۆ گواستنه‌وه‌ی دراو و وه‌به‌رهێنان دانراون، وایان له وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی كردووه به ئاسانی نه‌توانن روو له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، وه‌به‌رهێنانی بیانی پێویستییان به ره‌زامه‌ندی بانكی ناوه‌ندی هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به سیاسی كراون و كه‌متر ئاسانكاری ده‌كه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ران روو له كوردستان بكه‌ن.
جگه‌له‌مه، له كوردستانیش نه‌بوونی سیسته‌مێكی تۆكمه‌ی بانكی رۆڵی نه‌رێنی هه‌بووه و له هه‌ر وڵاتێك بانك رۆڵی نه‌بێت، وه‌به‌رهێنان وه‌ك پێویست نابێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌و له‌مپه‌ر و كه‌موكورتییانه، چه‌ندان وه‌به‌رهێنه‌ر له گفتوگۆدان و له وڵاتانی ئیمارات و سعوودیه و كوێت پروپۆزه‌ڵیان پیشكه‌ش كردووه. دوای سه‌ردانی سه‌رۆك بۆ وڵاتانی كه‌نداو، كۆمه‌ڵیك وه‌به‌رهێنه‌ری باش روویان له هه‌رێمی كورستان كردووه.
ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێت كه ناسه‌قامگیری و هاتنی داعش‌یش كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه چ له رۆیشتنیان و چ له هاتنیان، ئێسته‌یش كرانه‌وه‌ی ده‌رگه‌كانی كوردستان به‌ڕووی ده‌ره‌وه و هاتنی شاندی وڵاتان كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان هه‌یه و هه‌ر سه‌ردانێكی دیپلۆماتكاری دواجار هاتنی كۆمه‌ڵێك شاندی بازرگانی و وه‌به‌رهێنه‌ری لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌به‌رهێنان بڕیار بوو له به‌رانبه‌ر گه‌ڕه‌كی به‌ختیاری جێبه‌جێ بكرێ كه سه‌رمایه‌كه‌ی سه‌رووی ملیارێك دۆلار بوو، ئه‌مه چی به‌سه‌ر هات؟
له 2013 مۆڵه‌ت به‌و پڕۆژه‌یه درا، به‌ڵام دیاره پرۆپۆزه‌ڵه‌كان پێشكه‌ش كران و پڕۆژه‌كه‌ش ستراتیجی بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه بیانی بوو، دوای ئه‌و رووداوانه‌ی هاتنه كایه‌وه كاره‌كه‌یان دواخست و ئێسته‌یش به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی هه‌مانه، چه‌ندان وه‌به‌رهێنه‌ر هاتوون كه خه‌ریكی گفتوگۆن بۆ ئه‌وه‌ی بۆ كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه.
چ پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجیی بۆ په‌ره‌پێدانی ژێرخانی گواستنه‌وه و گه‌یاندن و خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر بۆ هه‌ولێری پایته‌خت هه‌یه كه له ئاستی گه‌شه‌ی شاره‌كه‌دا بن؟
له یاسای وه‌به‌رهێنان بواری گواستنه‌وه و گه‌یاندن یه‌كێكه له كه‌رته ستراتیجییه‌كان، به‌ڵام هه‌ندێكیان پێوه‌ندییان به حكوومه‌تیش هه‌یه زیاتر ده‌بێ ئه‌و كه‌رته له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه ئاراسته بكرێت. ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت نه‌توانێ ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه پێشكه‌ش بكات، ده‌كرێ له رێی وه‌به‌رهێنان بكرێن، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی هه‌مانه، میترۆ و گواستنه‌وه‌ی گشتی دیزاین كراوه و پرۆپۆزه‌ڵه‌كه‌یان ئاماده‌یه، به‌ڵام له‌به‌ر دۆخی دارایی جێبه‌جێ نه‌كراوه، وه‌به‌رهێنه‌ریش هاتووه‌ته پێش به‌ڵام پێویستی به لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی زیاتره و ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ی پڕۆژه‌كان وه‌رده‌گرێت، ده‌بێ بكرێته مه‌رج له‌سه‌ری كه خه‌ڵكێك به‌هۆیه‌وه بێكار نه‌بن.
له هه‌ولێر 120 مه‌تری دروست كراوه كه قه‌ره‌باڵغی كه‌م كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام دیسان پایته‌خت پێویستی به سیسته‌می گواستنه‌وه هه‌یه و ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشییه ئه‌وه‌یه دیزاین ته‌واو بووه و ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێ، كێشه‌ی هاتوچۆ به رێژه‌ی به‌رچاو كه‌م ده‌كاته‌وه.
هیچ شتێكی نوێ هه‌یه بۆ پێدانی مۆڵه‌ت به پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوون؟
بۆ چین و توێژه‌كانی وه‌ك مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و توێژه‌كانی تر رێپێدراوه. له 2006ه‌وه تا 2012 سه‌رووی 150 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون مۆڵه‌تی دروستكردنی به وه‌به‌رهێنه‌ران درا، بۆیه راگیرا تا پێداچوونه‌وه به‌و كه‌رته بكرێ. كاتی خۆی هاتنی خه‌ڵكێكی زۆر له باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان وای كرد خانوو به خێرایی نرخی به‌رز ببێته‌وه و داخوازی زۆر بووبوو، بۆیه خستنه‌ڕوو زیاد كرا. له‌به‌ر زۆربوونی ژماره‌ی دانیشتووان و پێكهێنانی خێزان، حكوومه‌ت بیر له‌وه ده‌كاته‌وه له‌و خوله‌ی په‌رله‌مان له رێی پڕۆژه‌یاسایه‌ك ده‌سته‌ی نیشته‌جێبوون دابمه‌زرێت و له جیاتی ده‌سته و شاره‌وانی و هه‌ر لایه‌نێكی تر سه‌رپه‌رشتی پێدانی مۆڵه‌تی نیشته‌جێبوون بكات، به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه بگونجێت و كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕ له ده‌سته‌كه پلان دابڕێژن. ئه‌وه‌ی رابردوو تا ئاستێكی باش توانی ئامانجه‌كه بپێكێت، هه‌رچه‌نده له رووی چاودێری و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری له جێی خۆی نه‌بوو. ده‌كرێ ده‌سته نوێیه‌كه پسپۆڕ بێ، هاوشانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كێشه‌ی نیشته‌جێبوونیان كه‌مه، كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كرێچییان بكات، پڕۆژه‌كه‌ش ئاماده‌یه ئومێد ده‌كه‌ین په‌سند بكرێت.
له 2012ه‌وه مۆڵه‌تی نیشته‌جێبوون نه‌دراوه، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك كێشه له‌و پڕۆژانه هه‌بووه و دوای حه‌وت ساڵ له‌م كاته‌وه كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر نه‌بووه، هه‌ندێك هاووڵاتی ساڵی 2011 خانوویان كڕیوه، كه‌چی هێشتا بۆیان ته‌واو نه‌كراوه؟
كێشه‌كانی نیشته‌جێبوون له كوردستان دابه‌ش ده‌كرێن و به‌شێكیان وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانیشیان به‌رده‌ستن، به‌ڵام له‌به‌ر هۆكاری جیاوازی ته‌نگژه و بڕینی بودجه كاریگه‌ریی خراپیان وه‌رگرتووه، له‌لایه‌ك خه‌ڵك قیسته‌كانی دواخستووه و له‌لایه‌كی تره‌وه حكوومه‌تیش ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی درێژ كردووه‌ته‌وه هه‌ڵبه‌ت نه‌ك له‌سه‌ر حیسابی گرێبه‌ستی هاووڵاتی، ئه‌م كێشانه تا ئاستێك چاره‌سه‌ر كراون. به‌شێكی تر له كێشه‌كان ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ن كه كوردستانیان جێهیشتووه و به‌گشتی له هه‌ولێر پێنج پڕۆژه‌ی له‌م شێوه‌یه هه‌ن، كه یه‌كێكیان له كۆیه‌یه و ده‌شتی به‌هه‌شتی هه‌ولێریش یه‌كێكی تره له‌و پڕۆژانه، سه‌ره‌ڕای ده‌رچوونی بڕیاریك له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان، كه‌س پێشوازی نه‌كردووه و نه‌هاتووه‌ته پێش بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه ته‌واو بكات، هه‌ڵبه‌ت به‌شێك له هۆكاره‌كه‌ش بۆ گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی پڕۆژه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دوو هه‌زار و 400 یه‌كه له‌خۆ ده‌گرێت، رووبه‌ره‌كه‌شی زیاتر له 240 دۆنم زه‌وییه و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كه‌ین له ساڵانی داهاتوو ئه‌مه‌ش ته‌واو بكرێت.
سێكته‌ری كشتوكاڵ له كوێی ئه‌و وه‌به‌رهێنانه‌یه له كوردستان؟
شانازی به‌وه ده‌كه‌ین كه هه‌رێمی كورستان هه‌رێمێكی كشتوكاڵییه و به‌ر له هه‌ر سێكته‌رێكی تر پێویسته گرنگی پێ بدرێت، راسته كوردستان ده‌وڵه‌مه‌نده به سامانی سروشتی، به‌ڵام ده‌كرێ ئاوڕی رژدتر له‌م سێكته‌ره بدرێته‌وه و راسته كۆمه‌ڵێك پڕۆژه كراون، به‌ڵام له ئاستی ئاره‌زووه‌كان نین. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی خۆی پڕۆژه‌یه‌كی درێژخایه‌نه، ترسی وه‌به‌رهێنه‌ران ئه‌وه‌یه دره‌نگ ده‌گه‌نه ئه‌و پاره‌یه‌ی له سێكته‌ره‌كه خه‌رجی ده‌كه‌ن. هیوادارین له كابینه‌ی نوێ قه‌رزی كشتوكاڵییان پێ بدرێت، هه‌ڵبه‌ت دوو پڕۆژه هه‌ن كه له‌سه‌ر رووبه‌ری دوو هه‌زار دۆنم جێبه‌جێ ده‌كرێن له بواری شیر و گاوداری و گۆشت و به‌رهه‌مه‌كانی ئاژه‌ڵن، چاوه‌ڕوانن له ساڵی 2019 به‌رهه‌مه‌كان بخه‌نه بازاڕ و ئه‌و پڕۆژانه‌ش ستراتیجین، ده‌توانن به‌شێك له پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق دابین بكه‌ن.
ساڵی 2019 دۆخه‌كه چۆن پێشبینی ده‌كرێ و كه‌ی دۆخی وه‌به‌رهێنانی كوردستان بۆ سه‌رده‌می به‌ر له ته‌نگژه‌ی دارایی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
سه‌ره‌ڕای هه‌ڵواسراوی هه‌ندێك له كێشه‌كان، په‌سندكردنی بودجه‌ش كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان له‌وانه‌ش وه‌به‌رهێنان ده‌بێت، جگه‌له‌مه پێكهێنانی حكوومه‌تیش كاریگه‌ری خۆی هه‌یه و په‌رله‌مانیش ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، له داهاتوودا كۆمه‌ڵیك یاساش په‌سند ده‌كرێن، دواجار په‌ره‌سه‌ندنی پێوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كورستان و وڵاتان، كۆمه‌ڵێك فاكته‌رن له‌وه‌ی ئومێده‌كان به‌هێزتر بكه‌ن و ببنه هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی وه‌به‌رهێنان له ساڵی 2019 و ئاسته‌كه‌ش ئه‌وه‌نده په‌ره بستێنێت كه بگاته‌وه ساڵانی به‌ر له 2014 .