له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ ده‌رگای ژووری منداڵه‌كانتان داخه‌ن

:: AM:11:23:10/02/2019 ‌

به‌پێی هه‌واڵێكی ڕۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی، داخستنی ده‌رگای ژووری منداڵان له‌ كاتی خه‌ودا، ده‌بێته‌ هۆی پاراستنیان و به‌دوورخستنیان له‌ هه‌موو كاره‌ساتێكی نامۆ.

ماڵپه‌ڕی لبنان٢٤ بڵاوی كرده‌وه‌، له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌ی میرۆری به‌ریتانیدا هاتووه‌، دایك و باوكان باشتره‌ ده‌رگای ژووری نوستنی منداڵه‌كانیان هه‌میشه‌ به‌ داخراوی جێبێڵن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ڕووداوێكی نه‌خوازراو له‌ ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌ ڕووی دا، كار له‌ ژووری منداڵه‌كه‌ نه‌كات و زیانی پێ نه‌گات.

ئه‌م هه‌واڵه‌ دوای ئه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ ویلایه‌تی نیویۆركی ئه‌مه‌ریكا وێنه‌ی ماڵێك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌نگی دابووه‌وه‌، تێیدا ڕووداوێك ڕووی دابوو و ماڵێك به‌ ته‌واوی ئاگری تێبه‌ر بووبوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژووری منداڵه‌كه‌یان به‌ توندی داخستبوو، هیچ زیانێك به‌ر منداڵه‌كه‌ و ژووره‌كه‌ی نه‌كه‌وتبوو.

له‌ وێنه‌كاندا دیاره‌، ده‌رگای ژووری منداڵه‌كه‌ له‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ی به‌ ته‌واوی ڕه‌ش بووه‌ و سووتاوه‌، به‌ڵام هه‌مان ده‌رگا له‌ دیوی ناوه‌وه‌ وه‌ك خۆی سپییه‌ و هیچ زیانێكی پێ نه‌گه‌یشتووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری له‌ناو میدیاكان دروست كرد.

شایانی باسه‌ خێزانی منداڵه‌كه‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێك به‌ ته‌ندروستییان بگات ڕزگاریان بووه‌، منداڵه‌كه‌شیان كه‌ له‌ ژووره‌وه‌ بووه‌، بارودۆخی له‌ هه‌موویان جێگیرتره‌.




وشە - ڕێناس شابان