وێنەی نوێ‌ لەسەر تاوانی سووتانی سێوان قادر بڵاو كرایەوە

:: PM:01:43:11/02/2019 ‌
سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون بۆ كەیسی سێوان قادر و سێ‌ منداڵەكەی سەردانی شارۆكەی چەمچەماڵ و ماڵە سووتاوەكە دەكات و چەند وێنەیەكی نوێ‌ بڵاو دەكەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 11ـی شوبات، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنانی سلێمانی بڵاوی كردۆتەوە، بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەمەستی بەدواداچوون بۆ كەیسی (سێوان قادر) سەردانی شارۆكەی چەمچەماڵی كرد.

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سلێمانی ئاشكرای كردووە، عەمید سەركەوت عومەر ئەحمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتانی سلێمانی ‌و (سەرۆكی لیژنە)ی بەدواداچوون ‌و لێكۆڵینەوە لە كەیسی (سێوان قادر) سەردانی شارۆكەی چەمچەماڵیان كرد.

ئاماژە دراوە، لەگەڵ بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی چەمچەماڵ كۆبوونەوە، دواتر سەردانی ئەو شوێنەیان كرد كە تاوانەكەی تێدا ڕوویداوە، بەمەبەستی گرتنەبەری كۆمەڵێك ڕێو شوێنی تایبەت بەكەیسەكەو باشتر بەرێوەچوونی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەكان.

هاوكات دوێنێ‌ بنار عادل نادر پارێزەری كەیسی سێوان قادر و منداڵەكانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە دادگای چەمچەماڵ بەردەوام كار لەسەر كەیسی سێوان قادر و سێ منداڵەكەی دەكرێت و دەوڵەمەند دەكرێت بە بەڵگە بۆ ئەوەی لە دادگای تایبەتمەند سوودیان لێ وەربگیرێت و كاری باشی لەسەر بكرێت.

پارێزەرەكەی سێوان ئەوەشی گوت، چەندان بەڵگەی نوێمان لەسەر كەیسی سێوان قادر كە دایك و سێ منداڵەكەی سووتێنراون دەست كەوتووە و ئەو بەڵگانەش زۆر باشن كە دادگا سوودیان لێ وەردەگرێت بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو كەیسە.

ئاشكرای كرد بەڵگەكان زۆر بەهێزن كەیسەكە زیاتر و زووتر لەسەر ئەو بەڵگانە یەكلا دەكرێنەوە, بەردەوام دەبین لەسەر كەیسەكە تا ئەو كاتەی دادگای تایبەتمەند دەست بەكاری خۆی دەكات.
 
ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ لە رووداوێكی ئاگركەوتنەوەی گوماناویدا سێوان قادر و سێ منداڵەكەی لە ماڵەكەی خۆیان ئاگریان تێبەر بوو دوای ئەوەی سێ منداڵەكەی دەستبەجێ گیانیان لە دەست دا، دایكیشیان دوای هەفتەیەك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.











وشە - رامیار جەواد