ژنێك چوار تلیاكفرۆش لە سلێمانی بە گرتن دەدا

:: PM:02:05:11/02/2019 ‌
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات چوار كەسییان گرتووە كە هەڵساون بە فرۆشتنی تلیاك و ژنێكیشیان بەند كردووە بە هەڵخەڵەتاندنی لەلایەن خۆشەویستەكەییەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 11ـی شوبات، سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە دوو ڕۆژی ڕابردوو باندێكی بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەر و كریستاڵ لەباخێكدا گیران، هۆكاری دۆزینەوەی ئەو باندە بەهۆی دیارنەمانی ئافرەتێكەوە بوو، كە دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت ئافرەتەكە لەباخێكدا دەستبەسەركراوە لە سنووری شارۆچكەی پیرەمەگروون.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی گوتی، بەمەبەستی ڕزگاركردنی ئافرەتەكە بەفەرمانی دادوەر هێزێكی پۆلیسی سلێمانی چوونەسەر باخەكە و توانرا چوار تۆمەتبار و ئافرەتەكە گیران، هاوكات دەستگیرا بەسەر نیو كیلۆ تلیاك و كریستاڵدا، هەروەها تۆمەتبارەكان دانیان بەوەداناوە، كە تۆمەتباری سەرەكی خاوەنی باخەكەیە، بەڵام ئەم تۆمەتبارە لە دەرەوەی باخەكە لەناو شاری سلێمانی گیرا لە ناو ئۆتۆمبێلەكەیدا چەند پارچە كریستاڵێك هەبوو و دەستی بەسەرداگیرا.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس ڕوونیكردەوە، ئەو ژنە لەلایەن خۆشەویستەكەیەوە براوە بۆ ئەو باخە، بەڵام كە ژنەكە زانیویەتی لەوێ ماددەی هۆشبەری لێیە، تۆمەتبارەكان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك ڕێگرییان لێكردووە كە بگەڕێتەوە ماڵەوە.

ئاماژەی دا، تۆمەتبارێكیان خاوەنی باخەكەیە و تۆمەتبارەكەی دیكە خۆشەویستی ژنەكەیە و تۆمەتبارەكەی دیكەش پاسەوانی باخەكەیە و تۆمەتبارەكەی دیكە لەڕانیەوە بۆ باخەكە هاتووە كە مادەی هۆشبەر بخوات.



وشە - رامیار جەواد