كۆسرەت رەسووڵ نامەیەك بۆ ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی دەنێرێ

:: PM:02:53:11/02/2019 ‌
كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نامەیەك بۆ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی دەنێرێت و دووپات لەوە دەكاتەوە كە پێویستە خۆیان لە لێدوانی رۆژنامەوانی دوور بگرن بە ئامانجی نزیكبوونەوەی زیاتر لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان.

پێشتر وا بڵاو كرایەوە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لێدوانی ڕۆژنامەوانی لە بەرپرسانی قەدەغە كردووە و ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبەیش دەڵێت، لە ڕێی نامەیەكی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتییەوە لەوبابەتە ئاگادار كراونەتەوە.

ئەمڕۆ 11ی شوبات، مستەفا چاورەش ئەندامی سەكردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە لایەن جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نامەیەك بۆ ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی هاتووە باس لە خۆ بەدوورگرتن دەكات لە لێدوانی رۆژنامەوانی.

زیاتر گوتی، نامەكە بۆ ئەوەیە كە ئێستە هەوڵی پێكهێنانی حكوومەت دەدرێت و گفتوگۆكان بە ئاراستەی باش دەچن، داواكراوە لەماوەی پێكهێنانی حكوومەت ئەندامانی سەكردایەتی لێدوانی دژ بەیەك نەدەن بە جۆرێك كاریگەری بكاتە سەر گفتوگۆكان و پێكهێنانی حكوومەت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە نامەكەدا دووپات لەوە كراوەتەوە كە پێویستە نزیكبوونەوەی زیاتر لەنێوان یەكێتی و پارتی هەبێ‌، بۆیە پێویستە لێدوانەكان لەسەر ئەو حزبانە رابگیرێن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان بەردەوامە و مەسروور بارزانی كاندیدی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی كوردستانە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم